سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ هاوڵاتی: كاتێك خۆپیشاندان كۆتایی پێدێت دەرماڵە وەك ساڵانی پێش 2014 بدرێتە خوێندكاران

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

 سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند:" بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران كاتێك خۆپیشاندانی خوێندكاران كۆتایی پێدەهێنێت كە دەرماڵە وەك ساڵانی پێش 2014 بدرێتە خوێندكاران و گۆرانكاری تێدا نەكرێت".

لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی تایبەتی تەرخانكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی خوێندكاران، بەڵام خۆپیشداندانەكانی خوێندكارانی سلێمانی بەردەوامی هەیە بۆ دابینكردنی دەرماڵەكانیان كە لەساڵی 2014وە بڕیاری حكومەتی هەرێم راگیراوە.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، بە هاوڵاتی وت:"لەئێستادا وەزارەتی دارایی سەرقاڵی ئەوەیە بە بریارەكەی ئەنجومەنی وەزیران رینماییی تایبەت دەربكات و كێشەی دەرماڵە چارەسەر بكات".

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران كاتێك خۆپیشاندانی خوێندكاران كۆتایی پێدەهێنێت كە دەرماڵە وەك ساڵانی پێش 2014 بدرێتە هاوڵاتیان و گۆرانكاری تێدا نەكرێت".

زیاد جەبار ئەوەشی دوپاتكردەوە:" ئێستاش و پێش ئەم بریارەش پشگیری تەواوی مافی رەوای خوێندكاران دەكەین و پێویستە ئێستا كە دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم باشترە دوبارە دەرماڵەكانیان  بدرێتەوە بە خوێندكاران".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتیشی:" بڕیارەكە كە بەپێی رێنمایە كۆنەكە بێت دەتوانێت كێشەی خوێندكاران چارەسەر بكات".

لەئێستادا كۆی ژمارەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەهەرێمی كوردستان 150هەزار و پێنج سەد و شەست خوێندارە زیاتر لە 84هەزاری دەرەوەی شارن.
بەپێی رێنماییەكان بودجەی پێویست بۆ دەرماڵە حەوت ملیار زیاترە .واتە نزیكەی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێك.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار