وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکەی داعش ڕاگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمشەو گروپی چەکدارانی داعش هێرشیانکردووەتەسەر خاڵێکی پاسەوانی  هێزەکانی پێشمەرگەی لیوای 5ی پیادەیان لە تەپکی (کەڵان) لەسنوری کوڵەجۆی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، هێزەکانی پێشمەرگە هێرشەکەی داعشیان تێکشکاندووە و چوار پێشمەرگەش برینداربوون.

وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، "ئەمشەو تیرۆریستانی داعش لە پەلامارێکی ترسنۆکانەدا، پەلاماری خاڵێکی پاسەوانی  هێزەکانی پێشمەرگەی لیوای 5ی پیادەیان لە تەپکی (کەڵان) لەسنوری کوڵەجۆ دا".

ئەوەش هاتووە، "لەو رووداوەدا بەداخەوە چوار پێشمەرگە  بریندار بوون، هێزەکانی پێشمەرگە، بەتوندی بەرپەرچی پەلامارەکەیان داوەتەوەو چەکداران و تیرۆریستانی داعش ـ یان ڕاوناوە، لەئێستاشدا بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی  پێشمەرگە دایە".

لەلایەکی دیکەشەوە فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناحیەی قەرەهەنجیر بڵاویکردەوە، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هاووڵاتیان دڵنیاده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سنووری قه‌ره‌هه‌نجیر به‌ته‌واوی ئارامه‌و هیچ گرژییه‌ك له‌ ئارادا نیه‌و هەموو ئەو هەواڵانەشی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبونەتەوە له‌و باره‌یه‌وه‌ دوورن لەراستییەوەو پڕوپاگەندەن.

لەعێراق ماوەی چەندین مانگە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردوە بەتایبەت لە سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسانی پێشمەرگەش دەڵێن بەهۆی نەبونی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و بونی بۆشایی ئەمنی، داعش لەچەند ناوچەیەکدا  جموجۆڵەکانی زیادکردوە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندوە، ئەوە جگە لەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار