عەلی قەرەداغی: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل حەرامە و خیانەتێکی گەورەیە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان  دەڵێت "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل حەرامە و خیانەتێکی گەورەیە"، دەشڵێت: "دەبێت هەموو هەوڵێکی ماددی و مەعنەوی بۆ رزگارکردنی فەلەستین بدرێت".

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 28ی تشرینی دووه‌می 2021، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، لەبارەی هەوڵەکانی هەندێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند: "بەردەوام لەگەڵ ئەقسا و قودس و فەلەستین دەمێنینەوە و دژی داگیرکاری و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانین لەگەڵیدا، ئەو کارە لەلایەن هەر دەوڵەت یان گرووپێکەوە بێت، دەبێت سەرکۆنە بکرێت".

عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، ئاماژەی بەو وڵاتانە دا کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە و وتی: "ئەوەی هەندێک لە وڵاتانی وەکو ئیمارات و مەغریب دەستیان داوەتێ لە رۆچوونە پەیوەندیی و هەنگاوە کردەییەکان لەگەڵ کیانی زایۆنیی داگیرکەر، کارێکی سەرکۆنەکراوە و لەڕووی شەرعەوە حەرامە و خیانەتکردنە لە پەیمانی عومەری و سەڵاحی و مافەکانی گەلی فەلەستینیش".

هەروەها دەڵێت: "یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان پێشتر چەندین راگەیێندراوی بۆ سەرکۆنەکردنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ داگیرکارانی قودس و ئەقسا و فەلەستین دەرکردووە و چەندین کۆنگرە و سەمیناری گرتووە بۆ دووپاتکردنەوەی لەپێشترێتی ئەم پرسە و حەرامیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، کە خیانەتێکی گەورەیە". 

قسەکانی عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، لەکاتێکدان ئیمارات، بەحرێن، ئوردن، سودان، مەغریب و میسر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردووەتەوە.

لەکۆتایی ساڵی 2020، بەحرێن و ئیمارات و ئیسرائیل بە سەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییان راگەیاند، کە بە رێککەوتننامەی ئەبراهام ناودەبرێت و ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکەی لێکەوتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار