قوباد تاڵەبانی داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگە‌یاند،  ئەگەر تێگەیشتنمان بۆ واقعی کۆمەڵایەتی و فیکری باوی کۆمەڵگای کوردی نەبێ، نە لەهۆکاری کێشەکان تێدەگەین و نە توانای چارەسەرکردنیمان دەبێت. دەشڵیت، ''بچوکترین شت کە بتوانین ئێستا بیکەین، داوای لێبوردنە لەخوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و سەرجەم زانکۆکانی تر.''

ئەمڕۆ 28ی تشرینی دووەمی 2021، قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لەوتارێکیدا لەکۆنفرانسی یەکسانیی جێندەرى و ستراتیژی هێزی ژنان رایگەیاند،  ئەگەر تێگەیشتنمان بۆ واقعی کۆمەڵایەتی و فیکری باوی کۆمەڵگای کوردی نەبێ، نە لەهۆکاری کێشەکان تێدەگەین و نە توانای چارەسەرکردنیمان دەبێت، بۆیە لەم رۆژەدا سورم لەسەر ئەو دروشمە کە بەر لەدوو ساڵ رامگەیاند و دەیڵێمەوە ''پیاو بە توندوتیژی بەرامبەر ژنان رابگرە''.

لەبارەى خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردووى سلێمانی و شارەکانی تر و برینداربوونی کچانی زانکۆ، قوباد تاڵەبانی ووتی، ''ئەو شێرە کچانە لەبەرئەوە بریندارنەبوون کە کچن و ئەم بابەتە پەیوەندی بەتوندوتیژی دژی ژنانەوە نییە، بەڵکو لەبەرئەوە برینداربوون کە خۆپیشاندەربوون

دەشڵێت، ''کچانی زانکۆی سلێمانی سەلماندیان کە لەپێناو داواکارییەکانیان هیچ جیاوازییەکان لەگەڵ کوڕانی زانکۆ نییە".

لەبارەى بڵاوبونەوەى ڤیدیۆی سوکایەتیکردن بەئاڵاى پیرۆزی کوردستان، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ''بەر لەوەى خوێندکارانی پێ تۆمەتبار بکەین و هێندەى تر توڕەیان بکەین، دەبوو لەراستی و دروستی ڤیدیۆکە بکۆڵینەوە، ئەمەش نەک تەنها بەسەر حکومەت، بەڵکو بەسەر پەرلەمانیش تێپەڕی.

باسیلەوەشکرد، ''بچوکترین شت کە بتوانین ئێستا بیکەین، داوای لێبوردنە لەخوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و سەرجەم زانکۆکانی تر کە لەخۆپیشاندانەکاندا لەئێمەومانان زیاتر شانازییان بە ئاڵاکەیانەوە کردووە. بۆیە‌ داوای لێبوردنیان لێدە‌كە‌ین.''

لەکۆتایی وتارەکەیدا جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران گرتنەبەرى شێوازەکانی راهێنان و هۆشیارکردنەوەى بەگرنگ زانی بۆ ئەو کەس و لایەنانەى کەپەیوەندیدارن بەم بابەتەوە، وتیشی : دەبێ لەشتە بچوکەکانەوە دەست پێبکەین تا دەگاتە بابەتی کوشتنی ژنێک لەسەر شەرەف و بەدەنگی بەرز بە بکوژ بڵێین "هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە''.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار