وەزیری ناوخۆی هەرێم: تا سەرچاوەی کێشە و نەهامەتیەکان لەناو نەبەین ناتوانین ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام بهێنینەدی

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" وەزیری ناوخۆی هەرێم لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" بەداخەوە لەماوەی هەفتەیەکدا داعش دوو جار هێرشی کردۆتە سەر پێشمەرگە و شەهید و بریندارمان هەبووە،بۆیە تا سەرچاوەی کێشە و نەهامەتیەکان بنبڕ نەکەین، ناتوانین ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی بۆ خەڵکی خۆمان دەستەبەر کەین".
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئەو روداوانەی لەسلێمانی دەگوزەرێت بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی رانیە، هەموو پێویستی بەوەیە کە لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەسەر بکرێت، رەنگە هەرکامێک لە ئێوەی رۆژنامەنوسان پرسیاری گرتن و توندوتیژییتان هەبێت، ئێمە وەک حکومەتی هەرێم دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکین".
باسی لەوەشکرد، "بەگوێرەی یاسا هەموو کەسێک مافی خۆپیشاندانی هەیە، بەڵام خۆپیشاندانیش رێکار و شێوازی خۆی هەیە و دەبێت مۆڵەتی هەبێت ، هەروەها کەسانی تێکدەر لەناو خۆپیشاندانەکانی سلێمانی هەبوون و ئێمە دژی هەموو توندوتیژییەکین لەناو خۆپیشاندانەکان، بۆیە لێکۆڵینەوە لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بەردەوامە و ئەوانەی زیانیان بە موڵکی گشتی گەیاندووە، رێکاریی یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر".
وەزیری ناوخۆ ئەوەشی خستەڕو، "سوتاندنی کتێبخانە و دەزگا حکومییەکان هیچ پەیوەندی بە خۆپیشاندانەوە نییە و داواکاری خوێندکارانیش نییە بۆ دەرماڵە ودەستێکی سیاسی تێکدەری لەپشتەوەیە، بۆیە لێکۆڵینەوە دەکرێت لەهەر توندوتیژییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر هەر کەسێک بکرێت".
لەبارەی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکانیش وتی، "لە هەرێمی کوردستان مەترسی تیرۆر و داعش ماوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە دەزگا زانیاریی وهەواڵگرییەکان پشتڕاستکراوەتەوە و لەخۆوە نیە."
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (25ی تشرینی دووەمی 2021) عەمید موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا، ناسراو بە موراد کانی کوردەیی و سێ لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی خۆشناو وەیسی، سەرکان فاخیر خەتی و هاوکار نازم، لەسەنتەری شاری رانیە لەلایەن هێزێکەوە تەقەیان لێکرا و بە هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
ئێوارەی پێنجشەممە دیمەنی یەکەمین ساتی تەقەکردن لە عهقید موراد كانی كوردهیی فەرماندەیی سەربازی یەکێتی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی وێنەکان و ڤیدیۆکانیش ئۆتۆمبێلی ناوبراو لەبەردەم بانکی ڕانیە تەقەی لێکراوە.
رۆژی دوای روداوەکەش بنهماڵهی موراد كانی راگەیەندراوێکیان لە بارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، عەمید کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە، بە برینداری رفێندراوە، دواتر "لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە"، بۆیە تۆمەتەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رەتدەکەنەوە و "تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ شەهیدەکانمان دانانێین."
