رەشاد گەڵاڵی: هیوادارم بافڵ تاڵەبانی لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت و لاهور جەنگی بەئارامی بچێتە دەرەوەی یەكێتی

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لە هەولێر ئاماژە بەوە دەدات كە هیوادارە بافڵ تاڵەبانی لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت بۆ ئەوەی چاكسازی بكات، دەشڵێت:» باشترە بۆ كاك لاهور بچێتە دەرەوەی یەكێتی، بەویستی خۆی بچێتە ئەوروپا یان دابنشیێت وەك هەر كەسێكی تر رێزی لێبگیرێت».
رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لە هەولێر لەمچاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى باس لەدۆخی ناوخۆی یەكێتی دەكات دوای رووداوەكانی 8ی تەموزی ئەمساڵ و ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە « كاك لاهور حزبێكی سیاسی دروست بكات باشترە لەوەی ئاژاوەو خوێن رشتن رووبدات، هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم كە بە ئارامی لە یەكێتی بچێتە دەرەوە».
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لە هەولێر وتیشی:"ئەوەی دەیبینم دەرئەنجامێك كە دوو شەریك ناتوانن پێكەوە بمێننەوە دەبێت یەكێكیان پاشەكشە بكات لەوی تر، چونكە ناتوانن وەك رابردوو بەردەوام بن، قۆناغی بەڕێوەبردنی یەكێتی كە لە رێگەی دوو كاراكتەری سەرەكی بووە كە كاك بافڵ و كاك لاهور بووە ئەو قۆناغە كۆتایی هاتووە، باشترین چارەسەرو وەفا و دڵسۆزی لەم قۆناغەی ئێستا لەشوێن ئەوەی كە بۆ خۆیان كاراكتەری هەستانەوەی یەكێتی بوون پێش كۆنگرەو دوای كۆنگرە، لەیەك بترازێن باشترە لەوەی خوێنی خەڵك لەو ململانێیە ببێتە قوربانی".
رەشاد گەڵاڵی، ئەوەشی رونكردەوە:" كاك لاهور حزبی سیاسی دروست دەكات ئارەزووی خۆیەتی لەدەرەوەی یەكێتی كاری رێكخراوەیی خۆی بكات، دەچێتەوە ئەوروپا ئەوە ویستی خۆیەتی، دادەنیشێت ئەوەش هەر ویستی خۆیەتی، كە خۆی باسی ئەوەی كردووە درێژەپێدەری خەباتی مام جەلال دەبێت، پێموایە بوونی دووبەرەكی بەشەهیدكردنی كوڕی خەڵك نە سوود بە كاك بافڵ دەگەیەنێت نە سوود بە كاك لاهور دەگەیەنێت، چونكە زۆر هەوڵدرا لەلایەن دۆستەكانمان لەئێران و ئەمریكاو حزبەكانی ناوخۆی كوردستانیش ئەم كێشانە كۆتایی پێبێت، دیارە ئەو ئیرادەیە نەبووەو هەردوولا تەنازول بكەن و كێشەكان یەكلابكەنەوە، باشترین چارەسەر ئەوەیە بە ئارامی لاهور شێخ جەنگی بێتە دەرەوە لەیەكێتی".
زیاتر رونیكردەوە و وتی:" دوو خاڵ لە مەكتەبی سیاسی بۆ لاهور شێخ جەنگی چووە كە بڕواتەوە بۆ ئەوروپا یان بۆ خۆی دابنیشێت و بەناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هیچ لێدوانێك نەدات، لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەمە خراوەتەڕوو، پێموابێت سەردانی هەر بەرپرسێكی یەكێتی جا چ مەكتەبی سیاسی بێت هەر لەو چوارچێوەیەدا دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەگەر كاك لاهور حزبی سیاسیش دروست بكات كێشە دروست نابێت، رەنگە ئێمە وەكو كەوادری یەكێتی پێمانخۆش نەبێت حزبی سیاسی دروست بكات، لەبەرئەوەی كاریگەری خۆی دەبێت بەتایبەت لەسەر جەماوەری یەكێتی، بەڵام كاك لاهور حزبێكی سیاسی دروست بكات باشترە لەوەی ئاژاوەو خوێن رشتن رووبدات، هیوای سەركەوت بۆ كاك لاهور دەخوازم كە بە ئارامی لەیەكێتی بچێتە دەرەوە وەك كادرێك و دڵسۆزێكی یەكێتی".
رەشاد گەڵاڵی، جەختی لەوەشكردەوە:"نامانەوێت جارێكی تر یەكێتی وەك ساڵی 2009 كە كاك نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد كاریگەری لەسەر یەكێتی بەشێوەی نەرێنی دروست ببێت، چونكە ئەوە لەقازانجی یەكێتیدا نییە، ئێستاش كاك لاهور حزب دروست بكات یەكێتی لەڕووی جەماوەرییەوە لەت دەبێت و بە قازانجی نەیارانی یەكێتی دەبێت".
