عەلی حەمەساڵح: شەقامی 100 مەتریی سلێمانی زیاتر لە 50%ی تەواو بووەو 3%ی پارەکەی بۆ خەرجکراوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی زیاتر لە 50%ی تەواو بووە، بەڵام 12 ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە، واتە 50%ی تەواو بووە و 3%ی پارەکەی بۆ دراوە و ئەوەش پارەی باجی کارەبا و رسوماتی خەڵکی سلێمانییە. بۆیە ئەوە لە داهاتی وڵات نەکراوە. لەبەرئەوە ئەگەر تەنیا 3% کرابێت دەبێت تاوەکو قیامەت سلێمانی قەرزاری ئەو کۆمپانیایە بێت."
ئەمڕۆ چوارشهممه 1ی كانوونی یهكهمی 2021، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چەند ئامار و داتایەکەی خستەڕوو.
عەلی حەمەساڵح رایگەیاند کە داهاتی ناوخۆ بەراورد بە مانگی دووی ئەمساڵ زۆر کەمیکردووە و وتیشی "داهاتی ناوخۆ لە مانگی دووی ئەمساڵ 374 ملیار دینار بووە، بەڵام لە مانگی 11 بووەتە 164 ملیار دینار، چ مەنتیقێک رێگە بەوەدەدات بۆ تەمویلی مووچە 210 ملیار کەمیکردبێت. ئەم پارەیە چی لێهات؟."
لەبارەی داهاتی هەولێر و سلێمانی لە مانگی دوو تاوەکو مانگی 11 عەلی حەمەساڵح وتی "داهاتی سلێمانی بۆ تەمویلی مووچە بۆ مانگی دوو بەراورد بە مانگی 11 لە 171 ملیار دینارەوە هاتووەتە سەر 70 ملیار و 520 ملیۆن دینار. 90 ملیار و 480 ملیۆن دینار کەمیکردووە، ئەمە چی لێهات؟ هەروەها داهاتی هەولێر لە 184 ملیارەوە بۆ 93 ملیار و 480 ملیۆن دینار کەمیکردووە."
عەلی حەمەساڵح دەشڵێت "داهاتی ناوخۆ هەرچەند بێت سلێمانی 43% تەمویل دەکات و هەولێریش 57% تەمویل دەکات واتە ئەگەر سلێمانی بڵێ داهاتی ناوخۆم 43 دۆلار بووە هەولێریش دەڵێت 57 دۆلار بووە. ئەمەش دوو ئیدارەییەکی روونە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی حەمەساڵح ئاماژە بەوە دەدات کە "ئەم تەمویلە جگە لە پارەی نەوت کە 350 ملیۆن دۆلارە، جگە لە 200 ملیارەکەی بەغدا، سلێمانی 43%ی داهات تەمویل بکات و هەولێر و دهۆکیش 57%ی داهات تەمویل بکات."
بەوتەی عەلی حەمەساڵح لە ماوەی هەشت مانگدا بەبێ ئەوەی هیچ رووبدات "56%ی ئەم داهاتە بۆ تەمویل کەمیکردووە و دیاریش نییە چی لێهاتووە، چونکە ئێستا پرۆژەکانی سلێمانی خەریکە هەمووی دەوەستێت و ناکرێتە پرۆژە."
ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بە خەرجییەکان بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان وتی "لە کۆی خەرجی و خەدەمات دوو ئیدارەییەکی 100% هەیە، راستە پرۆژەیەک لە سلێمانی جێبەجێدەکرێت، بەڵام 100% پرۆژەکانی سلێمانی دەبێت بە داهاتی خۆی بکرێت، واتە سەنتێک لە هەولێر و دهۆک و خەزێنەی دارایی وەک پارە و بڕ ناچێت بۆ سلێمانی و دەبێت لە داهاتی سلێمانی خۆی بکرێت."
عەلی حەمە ساڵح نموونەی بە پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی هێنایەوە و وتی "زیاتر لە 50%ی تەواو بووە، بەڵام 12 ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە، واتە 50%ی تەواو بووە و 3%ی پارەکەی بۆ دراوە و ئەوەش پارەی باجی کارەبا و رسوماتی خەڵکی سلێمانییە. بۆیە ئەوە لە داهاتی وڵات نەکراوە. لەبەرئەوە ئەگەر تەنیا 3% کرابێت دەبێت تاوەکو قیامەت سلێمانی قەرزاری ئەو کۆمپانیایە بێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی حەمە ساڵح وتی "ئەگەر لە سلێمانی کەموکورتی و گەندەڵی لە داهات هەیە دەبوایە چاککرابووایە نەک خەڵکی سلێمانی سزا بدرێت، بۆیە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ دەبێ پارەی پرۆژەکان بە داهاتی نێوخۆی خۆی بکرێت."
