داوای ڤاكسین بۆ مریشكی كوردستان دەكرێت
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان: عەلەف و سوتەمەنی زۆر گران بووە و نەخۆشی لەناو كێڵگە پەلەوەرییەكان بڵاوبووەتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات كە ڤاكسین بۆ نەخۆشییەكانی مریشك و جووجوڵە دابین بكات و گومرگ لەسەر مەوادەكانی عەلەف لاببات كە بەو هۆیەوە زیاتر لە 40 ملیار دینار زیانی مادییان بەركەوتووە.
لەهەرێمی كوردستاندا هەزارو 700 پرۆژەی كێڵگەی پەلەوەری بوونی هەیە كە لەدوو هەزارو 800 هۆڵ پێكهاتوون لەگەڵ بوونی 500 پرۆژەی بێ مۆڵەت كێڵگەی پەلەوەری بۆ هەڵهێنانی جووجك و دواتر بۆ مریشك.
نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»زەرەری بەردەوام بەكەرتی پەلەوەر گەیشتووە لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا لەوانە گرانبونی عەلەف چوار مانگ پێش ئێستا بە ٤٤٠ دۆلار بووەو ئێستا بووەتە ٥٨٠ دۆلار و نرخی هەر جوجكێك ٣٥ سنت بووە ئێستا بووەتە ٧٥ سەنت».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە لیترێك گاز لە ٣٥٠ دینارەوە بووە بە ٨٠٠ دینار و یەك تۆن غاز بە ٤٠٠ هەزار دینار بووە ئێستا بووەتە ٩٥٠ هەزار دینار».
هەروەها وتیشی:»بەردەوامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئابی و نیوكاسڵ و گەمبۆرۆ لەناو مریشكی كێڵگەكاندا هۆكارێكی دیكەی زیانی خاوەن كێڵگەكانە كە لە ٦٠% بەرهەمی هۆڵەكانی مریشكی لەناوبردووە كە ئەو هۆكارانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشك لە بازاڕدا».
لەئێستادا یەك كیلۆ مریشك لەبازاڕدا بە دوو هەزارو 500 دینارە، بەڵام بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەسەر خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان یەك كیلۆ دوو هەزارو 900 بۆ سێ هەزار دینار دەكەوێت.
ناوبراو دوو داواكاری ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات كە یەكێكیان حكومەتی هەرێم ڤاكسینیان بۆ دابین بكات، وتیشی:» حكومەتی هەرێم بێت لە پارێزگاكاندا لەچەند پرۆژەیەك سامپڵ و خوێنی مریشك وەربگرێت لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ وڵاتێكی موعتەبەردا ڤاكسین دابین بكات، چونكە ڤاكسین شتێكی ئەمنی قەومییەو كۆمپانیا ناتوانێت بیهێنێت».
«ئێمە نامانەوێت حكومەتی هەرێم ڤاكسین بەبەلاش بداتە ئێمە، بەڵكو ئەگەر 10 دۆلار زیاتریش بێت ئامادەین بیكڕین، دەتوانێت لەو رێگەیەوە ساڵانە 500 بۆ 600 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبێت».
هەروەها باسی لەداواكاری دووەمیان كرد كە (سۆیە، گەنمەشامی، پریمێكس) كە مەوادی سەرەكی عەلەفن، حكومەتی هەرێم گومرگی لەسەر هەڵبگرێت تا عەلەف بەگران نەكڕن و زیانی ماددی زیاتر نەكەن، وتیشی:» وەزیری كشتوكاڵ نووسراوی كردووە كە مریشكی بەستوو داخڵ نەكرێت، بەڵام خۆ لەمەرزەكان پۆلیسی نییە تا چاودێری بكات، بۆیە بە راستی وەزیری كشتوكاڵ زۆر هەوڵیداوە بۆ ئەوەی داواكارییەكانمان جێبەجێ بكرێت».
هاوكات، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی باسی لەوەشكرد كە لەڕێگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییەوە نووسراویان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووە تا لە نزیكەوە بیبینن و باسی كێشەكانیان بۆ بكەن و چاوەڕوانن.
نازم جاف، جەخت لەوە دەكاتەوە لەماوەی حەوت مانگدا لە مانگی پێنج هەتا كۆتایی مانگی یانزە بڕی 40 ملیار دینار زیان بەر تەواوی خاوەن پرۆژەكانی كێڵگە پەلەوەرییەكان كەوتووە لەهەرێمی كوردستاندا.
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان ئەوەشی روونكردەوە كە ئەوان حەز دەكەن نرخی مریشك لە 12 مانگەكەی ساڵدا یەك نرخ بێت و بەرزی و نزمی نەكات تا هاووڵاتیانیش گلەیی نەكەن و خاوەن پرۆژەكانیش كارئاسانیان بۆ بكرێت لە دابینكردنی ڤاكسین و لابردنی گومرگ لەسەر مەوادەكانی دروستكردنی عەلەف و سوتەمەنیش بەنرخی كەمتر بدرێتە پرۆژەی كێڵگە پەلەوەرییەكان.