وردەكاری دانانی 225 كامێرایی نوێی تیژڕەویی
هاتوچۆی سلێمانی لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە 225 كامێرای نوێی تیژڕەوی دادەنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
بەوتەی پەرلەمانتارێك سیستەمی نوێی كامێرای تیژڕەوی هاتوچۆ كە بڕیارە لەپارێزگای سلێمانی جێبەجێ بكرێت هیچ شۆفێرێك بێ سزا لێی دەرناچێت، بەڵام بەڕێوەبەری كامێراكانی هاتوچۆ پێیوایە كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆیە.
رۆژی 24/11/2021 عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: «حكومەتی هەرێم كۆمپانیاكانی چاودێری هاتوچۆی داوەتە كەرتی تایبەت و سەرەتاش لەسلێمانییەوە پرۆژەكە دەستپێدەكات و 225 كامێرا دادەنێت».
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «پێدەچێت دۆسیەی كامێراكانی هاتوچۆ پێویستی بەهەوڵی زیاتر هەبێت بۆ ئەوەی رێگری لێبكرێت، گرێبەستێك لە 11/4/2020دا كراوەو لەلای خۆم وێنەیەكی گرێبەستەكە هەیە بەژمارە (7553) لەگەڵ كەسێك بەناوی «فەرحان عەبدولكەریم حەسیب» 225 كامێرای دیاریكردنی تیژڕەوی لەسلێمانی دادەنرێت بەسیستەمی (point to point) .
ناوبراو باسی لەوەكرد كەجگە لەوەی ئەو ژمارە كامێرایەی دیاریكردنی تیژڕەوی دادەنێت، نێوانی دوو كامێرا ئەگەر پێنج كیلۆمەتر بێت بڕیاردرابێت بە شەش خولەك بیبڕیت بۆ بەپێنج خولەك و 50 چركە بیبڕیت سەرپێچیت بۆ دەنووسرێت، ئەوەش لەم دۆخەدا كۆمەڵێك كێشەی گەورەی لێدەكەوێتەوە».
ئەو پەرلەمانتارە هێمای بۆ ئەوەشكرد «كۆمپانیاكە قازانجێكی خەیاڵی دەكات، بۆیە ئامادەبووە زیاتر لە 400 ئۆتۆمبێل بەدیاری بۆ حكومەتی هەرێم بكڕێت، ئەگەر ئەم سیستەمە جێبەجێ بكرێت كەئێستا هەموو سلێمانی چەند كامێرایەكی تێدایە خەڵك دادو بێدادیەتی لەدەست سەرپێچی كامێراكان كە تۆماری دەكات ئەوكات پارێزگای سلێمانی بەهەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینیشەوە كامێرا رێژ دەكرێت».
لەكاتێكدا تەنیا لەسنووری پارێزگای سلێمانی 340 هەزار ئۆتۆمبێلی تایبەت و 170 هەزار بارهەڵگر و زیاتر لە 35 هەزار ئۆتۆمبێلی كرێ هەیە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە سیستەمەكە بەوشێوەیە داڕێژراوەتەوە ئەگەر كەسێك لەمانگێكیشدا یەك جار لێی بدات داهاتی مانگانەیان زیاتر لە 38 ملیار دینار دەبێت، لەكاتێكدا كۆمپانیاكە خۆی لەبنەڕەتدا 53 ملیار خەرج دەكات.
عەلی حەمەساڵح وتیشی: «بە دوو مانگ ئەو كۆمپانیایە پارەكەی خۆی دەردەكاتەوە، تا 15 ساڵیش 80%ی داهات بۆ خۆیەتی و دوای ئەو ماوەیە 20% بۆ كۆمپانیا و 80%ی بۆ حكومەتە لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەداهاتی 10 رۆژی هاتوچۆ ئەم سیستەمە دابنێت، بەڵام كە نایكات دیارە قازانجی ئەو دوو كۆمپانیایە لەبەرچاو گیراوە».
«بەپێی گرێبەستەكە نووسراوە هێنان و دانان و بەڕێوەبردن، لەدنیادا شتی وا نییە كۆمپانیای كەرتی تایبەت سزادان بەڕێوەببات، ئەو كۆمپانیایانە واجیهەن و خەڵكی تر لەپشتیانەوەیە، ئەگینا هیچ كەسێك ناتوانێت بەبێ بەرپرسێكی باڵا لەم وڵاتە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكات، ئێستاش دەستكراوە بەدانانی قاعیدەی كامێراكان و بڕیاریشە لەكۆتایی ساڵی داهاتوو بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە»، عەلی حەمەساڵح وای وت.
«دەدرێتە كۆمپانیایەك بەناوی (Early future) هەروەها لە 500 رۆژیشدا كامێراكان دەكەونەكار»
عەلی حەمەساڵح دەشڵێت: «پێشتر لەڕێگای پەرلەمانەوە ئەم دۆسیەم جوڵاند، لەبری گفتوگۆو چارەسەر رەتكرایەوەو وتیان شتی وانییە، بەڵام ئێستا بەرەو ئەوە دەچێت كارەكە بچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، قۆناغی یەكەم تەواوی پارێزگای سلێمانی دەدرێتە كۆمپانیایەك بەناوی (Early future) ، هەروەها لە 500 رۆژیشدا كامێراكان دەكەونەكار».
دوای وتەكانی ئەو پەرلەمانتارە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: «ئەو پرۆژەیە شتێكی نهێنی تێدا نییەو پێویست ناكات حكومەت بچێتە ژێر باری ئەو خەرجیانە، لەهەمانكاتدا داهاتەكەی بۆ حكومەت دەبێت».
بەڕێوەبەری بەشی كامێراكانی تیژڕەوی لەهاتوچۆی سلێمانی دەڵێت ئامانج لێی كەمكردنەوەی تیژڕەوی شۆفێرانە.
ئاكام عەزیز بەڕێوەبەری بەشی كامێرا لەهاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى وتی: «هۆبەی كامێراكان لامەركەزی تەواوی تێدایەو چاودێری كامێراكان دەكەن، بەتایبەت ئەو شوێنانەی رووداوی هاتوچۆیان تێدایە، ئێستاش گرێبەستێكی نوێ هەیە كە 225 كامێرا لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان دادەنرێت».
وتیشی: «لەڕێگەی راستەوخۆو باك ئۆفیس سەرپێچییەكان تۆماردەكرێت و وەك ئەمەی ئێستا نییە كەوێنەكان بگەڕێتەوە بۆ ناو بەڕێوەبەرایەتی و پاشان بچێتە ناو سێرڤەر، راستە شۆفێر گلەیی لێی هەیە بەڵام ئەگەر بیبینی سیستەمەكە بەوشێوەیە نییە كە خەڵك لێی تێگەیشتووە مەبەستی ئێمە بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆیە».
هاوكات بەڕێوەبەری كامێراكان لەهاتوچۆی سلێمانی پێشیوابوو كەسزاكان بەپێی سیستەمە كۆنەكەی كامێرای تیژڕەوی بەشێوەیەكە سزای شۆفێران لەناو شار لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا 250 هەزار دینار بەپێی ئەو خێراییەی كە دیاریكراوەو نابێت لەوە زیاتر شۆفێر بڕوات، لەدەرەوەی شاریش لە 70 هەزارەوە بۆ 230 هەزار دینار دەستپێدەكات.
هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر سەبارەت بەوەی ئایا ئەو سیستەمە لەهەولێر جێبەجێ دەكرێت، ناوبراو بەهاوڵاتی وت:» تائێستا ئاگاداری سیستەمێكی لەوشێوەیە نیم و هیچ بڕیارێك نییە بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی نوێی كامێرای تیژڕەوی هاتوچۆ لەهەولێر»