وەزارەتی خوێندنی باڵا: لەساڵی نوێ دەرماڵە بەخوێندكاران دەدرێت
خوێندكاران دەڵێن تا دەرماڵەیان پێنەدرێت ناچنەوە هۆڵەكانی خوێندن
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان لەهەرێمی كوردستان بۆ داواكردنی دەرماڵەكانیان گەیشتە ئەنجام و حكومەتی هەرێم بڕیاریدا مانگانە حەوت ملیار دینار بخرێتە سەر بودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ پاڵپشتی دارایی كە»دەرماڵە» بۆ خوێندكاران تێیدا جێگیر كراوە.
خۆپیشاندانەكانی خوێندكاران لەزانكۆو پەیمانگاكانی سلێمانی كە چەندین جار شەقامە سەرەكییەكانی شاریان كۆنترۆڵ دەكرد، فشاریان لەسەر حكومەتی هەرێم دروستكرد كە بەهۆی باشبوونی دۆخی داراییەوە پێویستە دەرماڵەكانیان بۆ خەرج بكرێت كە لەساڵی 2014 بەبڕیاری حكومەتی هەرێم راگیرابوو.
هیوا بەكر، خوێندكاری قۆناغی سێی بەشی ماتماتیكە لەزانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەگەڵ بوونی سەدان كێشە لەبەشی ناوخۆیی و هاتوچۆ كردنی خوێندكاراندا، بەڵام لەخۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبین تا بەڵێنی گەڕاندنەوەی مافە سەرەكیەكەی خۆمان پێدەدەن كە دەرماڵەیە».
هەروەها خوێندكارێكی دیكە لەزانكۆی كۆیە ئاماژە بەوە دەدات، تەنیا بە مەرجی وەرگرتنی دەرماڵە دەچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.
بورهان مستەفا، خوێندكاری زانكۆی كۆیە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»دابینكردنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەكان ئەركی هەموو حكومەت و زانكۆكانەو دەبێت دابینی بكەن، بەڵام داواكردنی دەرماڵە مافی ئێمەیەو دەبێت پێمان بدرێت».
هاوكات نیشتیمان عومەر، لە زانكۆی راپەڕین لە رانیە، هاوڕابوو لەگەڵ هاوڕێكانی و وتی:» تا وەرگرتنی دەرماڵە ناچینەوە هۆڵەكانی خوێندن، لەگەڵ ئەوەی دەرماڵەكانمان پارەیەكی كەمە، بەڵام ئێمە داوای زیادكردنی ناكەین، تەنیا داوا دەكەین ئەو مافەمان بۆ بگێڕنەوە».
سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان داوای فەرمی لەئەنجومەنی وەزیران كردووە دەرماڵە بۆ خوێندكاران دابین بكات بۆ ئەمساڵیش بڕەكەی ئاشكرا دەكات كەپێویستیان بە 70 ملیار دینار دەبێت.
دكتۆر توانا نەجەف، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئەو بڕە پارەیەی كە دیاریكراوە بۆ خوێندكاران پێشبینیمان وایە بەشی دەرماڵە دەكات».
سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لەبارەی شێوازی دەرماڵەو بڕەكەیەوە وتی:»هەر بڕە پارەیەك خەرج بكرێت پێویستە رێنمایی دارایی لەپشتەوە بێت، بۆ سەرجەم خەرجیەكان بەدەرماڵەشەوە، كەواتە كۆتا رێنمایی دارایی كە تاساڵی 2014 كاری پێكراوەو وەستێنراوە، هەر ئەو رێنماییە داراییە هەیە».
ناوبراو زیاتر روونیكردەوەو وتی:» ئەمڕۆ چوارشەمە تیمێكی ئێمە دەچێتە وەزارەتی دارایی و دەبێت وردەكاری ژمارەی تەواوی خوێندكارەكانمان لابێت و لەگەڵ وەزارەتی داراییش بزانین بە رێنماییە كۆنەكە كاربكەین یان رێنمایی تازە دەردەچێت».
توانا نەجەف، ئاشكراشی كرد:» كە لەساڵی نوێی 2022 واتا لە 1ی 1ی ساڵی داهاتوو ئەم بڕیارە كاری پێدەكرێت».