نەقیب محەمەد، ئەستێرەی قوربانیانی توندوتیژی دژی ژنان شەهید دەكرێت
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
نەقیب محەمەد سەدان كێشەی خێزانی لەبەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان چارەسەر كردووە ئەو شەوەش بۆ چارەسەری خێزانی لەگەڵ چەند پۆلیسێكدا رۆیشتووە، بەڵام بەفیشەك وەڵامیانداوەتەوە
شەوی 4 لەسەر 5ی ئەم مانگە نەقیب محەمەد لەتیف بەدەنگ تەلەفونی هاواری ژنێكەوە دەچێت كە داوای كردووە فریای بكەون و ئەویش لەگەڵ چەند پۆلیسێكدا دەچێت بەدەم داواكارییەكەوە.
نەقیب محەمەد لەگەڵ مەفرەزەیەكی پۆلیس كە پێكهاتووە لەدوو پۆلیس و شۆفێرەكە لەنوسینگەی رۆژهەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لەلایەن داواكراوێكەوە هێرشیان كرایەسەر و لەئەنجامدا نەقیب محەمەد لەتیف شەهید دەكرێت و دوو پۆلیس بریندار دەكرێن.
نەقیب محەمەد خێزاندارەو باوكی كچێكە و مانگێكی دیكە خێزانەكەی منداڵی دووەمی دەبێت.
خەسرەو سایە، خاڵی نەقیب محەمەد، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» خوشكەزاكەم بەردەوام بەدوای كێشەكانی ژنانەوە دەڕۆیشت و دەیویست تادەتوانێت چارەسەری كێشە خێزانیەكان بكات و تاوانبار بەسزا بگەیەنێت».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە تائێستا بە سەدەها كێشەی ژنان و خێزانی و كۆمەڵایەتی چارەسەر كردووەو نموونەی ئەو حاڵەتانەش لەم دوو رۆژی پرسەیەیدا بەڵگەبوون كە چەندەها خێزان بەچاوی پڕ گریانەوە لەگەڵیان بەشداربوون و گێڕاویانەتەوە كە چۆن نەقیب محەمەد هاوكاریان بووە بۆ رێككەوتنەوە و دڵسۆزانە كاری كردووە.
خەسرەو سایە باسی لەوەشكرد كە تائێستا سەرقاڵی پرسەن، لە رۆژانی داهاتوودا دەبێت بزانن بەرپرسان پلانیان چییە بۆ تاوانبارانی كوشتنی كوڕەكەیان.
خاڵی نەقیب محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە پێیان گەیشتووە كە تاوانبارەكان چوونەتە ئێران و «هەڵاتوون».
« نەقیب محەمەد تاكە كەیس نیە لەم شێوەیەو رۆژانە لەم كۆمەڵگەیەدا كەخەڵك لەژێر سایەی حكومەت و دەسەڵاتێكدا دەژی كە هیچ وەڵامێكی پێنیە بۆ داخوازی و پێداویستیەكانی ژیانی خەڵك، ناتوانێت ئەمنیەتی نەك كۆمەڵگە بەڵكو كارمەندەكانی خۆشی بپارێزێت»، خاڵی نەقیب محەمەد وای وت.
خەسرەو سایە پێشیوابوو كە ئەوە چەند ساڵە دیاردەی ژن كوشتن و توندوتیژی هەر هەیە و یەكێكە لەو گرفتانەی بەقەدەر دەرماڵەو موچە لەناو خەڵكدا هەیەو قوربانیانی ئەم توندوتیژیە لەماوەی ئەم سی ساڵەدا لەژمارەی قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفال زیاترە.
مقەدەم هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بەداخەوە ئەوەی باسدەكرێت راست نیە كە هەر پەیوەندیەك بكرێت و ژنێك بڵێت فریام كەون، بەڵكو ئەمە كەیسێك بووەو ماوەیەكە لەبەڕێوەبەرایەتیەكەمان بووە، كەسەكە فەرمانی دەستگیركردنی هەبووەو فەرمانەكەی بۆ دەرچووە».
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەوەشی روونكردەوە،
ئەوەی جێگەی پرسیارە لێرەدا چۆن كەسێك بۆ كەیسێكی ئاوا بچووك تاوانێكی وا گەورە ئەنجام دەدات، چونكە لەزۆربەی حاڵەتەكانیاندا دادوەر چەند رۆژێك كەسەكە تەوقیف دەكات و دواتر ئازاد دەكرێت.
مقەدەم هیوا كەریم وتیشی:» خاوی ئەم جۆرە كەیسانە دەگەڕێتەوە بۆ كاری دادوەرەكان كە تەنیا لەهەفتەیەكدا سێ رۆژ ئەم كەیسانە رادەپەرێنن لەكاتێكدا رۆژانە ئەم كەیسانە دێنە لامان و ژمارەیان زۆر زۆرە».
كەیسەكانی ژنان و توندوتیژی بەرامبەر ژنان روویان لەزیادبوونەو رۆژانە كەیسی لەم جۆرە دەچنە بەڕێوەبەرایەتیەكان
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:» تاوانبارەكان فەرمانی دادگایان هەیەو لەهەر شوێنێك بن دەستگیر دەكرێن و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە».
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هەموو ئیجرائاتێك كراوەو بەپێی یاسا هەموو رێكارەكان گیراوەتەبەر بۆ دەستگیركردنی تاوانبارەكان، بەڵام لەكاتێكدا تاوانبار نادیار بوو، ئێمە شەوو رۆژمان كردۆتەسەر یەك و بەردەوامین لەگەڕان و لەكەسوكاریان زیاتر حەزدەكەین دەستگیربكرێن».
ناوبراو وتیشی:» ئەو ماڵە كوڕێك و دایك و باوكێكی تێدا بووەو فەرمانی گرتن بۆ هەرسێكیان دەرچووە لەلایەن دادوەرەوە».
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی جەختی لەوەكردەوە زانیارییان نیە چووبنە ئێران و وتی:» هەندێك ئیجرائات هەیە وا ئاسان نیەو ناتوانرێت بیڵێیت فەرموو ئەو كەسەم بۆ دەستگیربكە، بەڵكو وردەكاری دەوێت دەبێت بەپلانی وردەكاری یاساو داتاو زانیاری بێت».
سەركەوت ئەحمەد پێشیوابوو ئەو كەیسە ئەوەندە ئاسان بووە كە تەنیا ئەو داواكارە بچوایە بنكە لەوانەیە بەتەعاهودێك ئازاد بكرایەو دادوەر ئازادی بكردایە، بۆیە كەئەمە روویداوە دەبێت تاوانبارەكان خۆیان راستییەكە ئاشكرابكەن بۆ ئەم كارەیان كردووە.
تووێژەرێكی دەروونی: دواكەوتنی كەیسەكان و زۆر مانەوەیان یاری لەگەڵ ژیان و دەروونی داواكارو داوالەسەركراو دەكات
هێمن جەزا، تووێژەری دەروونی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» دواكەوتنی ئەم جۆرە كەیسانە و زۆر هاتن و بردنی كەسەكان وا دەكات یاری لەگەڵ دەروونی نائارامی كەسەكە بكرێت و كێشەكە بەشێوەیەكی نەخوازراو بتەقێتەوە».
ئەم تووێژەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كەیسە خێزانیەكان زۆر هەستیارن و بەپێویستی دادەنێت حكومەت و پەرلەمان و لەناو دادگاكاندا بەجددی كار بۆ راپەڕاندنی ئەو جۆرە كەیسانە بكرێت، بۆ ئەوەی نەمێننەوەو كێشەكان ئاڵۆزتر نەبێت.