جبس؛ ئەو خۆراكەی دەبێتە هۆكار بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەكان
3 ساڵ لەمەوپێش
مەزهەر كەریم
جبس، یەكێكە لەو خواردنانەی منداڵان رۆژانە دەیخۆن كەیەكێكە لەهۆكارەكانی نەخۆشییەكانی دڵو شەكرەو گورچیلەو شێرپەنجەو تێکدانی هاوسەنگی جەستەو زوو توڕەبوونیان.
بەهۆی بازاڕی ئازاد لەهەرێمی كوردستاندا دەیان كۆمپانیا لە رێگەی وڵاتانەوە جبس كەچەندین جۆری جیاوازی هەیە دەهێندرێتە هەرێمی كوردستانەوە، سەرەڕای بوونی كوالێتی كۆنترۆڵ، بەڵام پسپۆرە خۆراكییەكان باس لەزیانەكانی دەكەن بەتایبەت بۆ منداڵان.
دكتۆر بینایی كامەران پسیۆڕی زانستی خۆراكو سەرۆكی هوبەی خۆراك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» جبس بەهەموو جۆرەكانیەوە، لەپێكهاتەكەیدا زیاد لەحەد دورە لەتەبیعیو پێكهاتەكانی ناو جبسەكە، زۆر زۆر دەسكاری كراوەو هەرجۆرە خواردنێكیش زۆر دەسكاری بكرێت هیچ بەهایەكی كانزاییو ڤیتامینیو خۆراكی تێدا نامێنێت».
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە جبس زیان بەخشە لەڕووی ئەو خوێو چەوریو موادی حافیزەیەی تێیدەكرێت یان ئەو قرمە قرمەی، كەپێی دەوترێت (ئەدیكتف ) هۆرمۆنێك دەجوڵێنێت لەمێشكدا وادەكات بەردەوام ئەو منداڵە حەزی لێی دەبێتەوە، هەر كاتێكیش منداڵ دەیخوات ئەوە رێگری دەكات لەخواردنە سودبەخشەكانی دیكەی وەك میوەكان.
ئەو پسپۆڕەی خۆراك ئەوەشی دووپات كردەوە خواردنی جبس زیانبەخشە بۆ خانەكانی جەستە كەڕێژەی شەكر لەجەستەدا زیاددەكات. وتیشی:»بەپێی كات هۆكارە بۆ نەخۆشی شێرپەنجەو نەخۆشیەكانی دڵو قەڵەوییو لاوازی جەستەو گورچیلەو دواخستنی گەشەی مێشكیو زوو هەڵچونو توڕەبوون لەكاتە جیاوازەكانداو نەخۆشییەكانی دیكە لەمنداڵاندا».
هەروەها ئەو پسپۆرەی خۆراك لەبارەی رێنمایی و بەكارنەهێنانو نەخواردنی جبس لەلایەن منداڵانەوە پێیوابوو كە ئەمساڵو ساڵانی رابردووش وەك لیژنەی تەندروستی قوتابخانەكان رێنماییان دەركردووە بۆ فرۆشگای قوتابخانەكان، كەنابێت جبس بفرۆشن، بەڵام بەداخەوە لەدەرەوەی قوتابخانەكانو جێگەكانی دیكەی دەرەوەی قوتابخانە جبس دەفرۆشرێت، بۆ ئەوەش لەڕێگەی كۆبوونەوەو محازەرەوە، لەگەڵ مامۆستای قوتابخانەكان كۆبوونەتەوە تا هۆشیاری بدەینە قوتابیانو كەسوكاری قوتابیان تا جبس نەخۆن.
جبس سەرەڕای زیانە زۆرەكانی یەكێكە لەخواردنە جیهانییەكان، ئەكادیمیای زانستی ئەمریكی بۆ تەندروستی منداڵان بەخراپترین خواردن هەژماركردووە.
رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» خۆراكی جبس لەسەرجەم وڵاتان دەخورێت و ناتوانرێت رێگری لێبكەین تەنیا لەوكاتەدا دەتوانین رێگری لێبكەن كە بەكتریای زیانبەخشی تێدابێت و لەپشكنیندا دەرنەچووبێت و پێكهاتەكانی بەسەرچووبێت».
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی پێشیوابوو كە»جبس وەك بەكارهێنانی جگەرەو ساردی وایە»، نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە چۆن بەخەڵك دەڵێن لەساردی خواردنەوە دوركەونەوە، بەڵام ناتوانن قەدەغەی بكەن.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت:» وەك چاودێری بازرگانی ئەو نووسراوانەی بۆمان دێت لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستییەوە ئەو جبسەی رەنگیان پێوەیە سەرجەمیان قەدەغە كراون، چونكە رەنگێكی ئاسایی نیە».
سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» لەگەڵ ستافی تەندروستی باسمان لەوە كردووە، خواردنی جبس چی بۆ منداڵو گەورەش خواردنێكی ئاسایی نیە بەهۆی ئەو شێوازە لەبەرهەمهێنانو ئەو جۆرە گۆڕانكاریەی لەپێكهاتەكەیدا روودەدات، گەر بەدەست من بێت حەزناكەم یەك جبس لەشارەكەماندا هەبێت».
«وەك چاودێری بازرگانی ئەو نووسراوانەی بۆمان دێت لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستییەوە ئەو جبسەی رەنگیان پێوەیە سەرجەمیان قەدەغە كراون، چونكە رەنگێكی ئاسایی نیەو پێكهاتەی كیمیایی هەیە لەڕەنگەكەدا، هەربۆیە رێگەپێدراو نیە، بەڵام بەپێچەوەوانەوە رەنگی رووەكی رێگەپێدراوە لەبەكارهێنانی جبسدا»، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وای وت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم باجیان لەسەر جبس زیادكردووە لەپێناو كەمترین بەكارهێنان و خواردنیدا.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ هەموو جبسێك بەبێ جیاوازی وێنەی حیمایەی مونتیجی بۆ دانراوە واتا لەسەدا 5% گومرگ دەكرێت».
ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە»لەسەدا 90% باجمان لەسەر جبس زیاد كردووەو بەنرخێكی گران دەهێندرێتە بازاڕەكانی هەرێم، ئەمەش وایكردووە بەڕێژەیەكی كەم هاوردەی هەرێم دەكرێت».
هاوكات، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئەوەشی روونكردەوە كە تائێستا هیچ نووسراوێكیان لەوەزارەتی تەندروستییەوە پێنەگەیشتووە بۆ ئەوەی جبس قەدەغە بكرێت.