ئۆمیکرۆن؛ ڤایرۆسی کۆرۆنا لەبەرگێکی ترسێنەرتردا
3 ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
جارێکی تر ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی لەبەرگێکی نوێدا پیشانداو ئەمجارە دەیەوێت تاقیکردنەوەیەکی قورستری مرۆڤایەتی بکات بەسەرهەڵدانی لەجۆرێکی نوێدا کە ئۆمیکرۆنە.
ئۆمیکرۆن بووەتە جێی ترسی زۆربەی وڵاتان و تائیستا چەندین وڵات رێکارەکانی خۆپارێزییان تووندتر کردووتەوە و گەشتەکانیان سنوردارکردووە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەم جۆرە نوێیە بەجۆرێکی «نیگەرانکەر» وەسف دەکات چونکە «چەند بازدانێک تێیدا روویداوە کە وادەکەن کاریگەری هەبێت لەسەر مامەڵەی ڤایرۆسەکە، لەوانە تا چەند بەئاسانتر دەگوازرێتەوەو تووندی نەخۆش خستنی چەندە».
ئەوەی زانایانی زیاتر تووشی گومان و ترس کردووە ئەوەیە کە ئەم جۆرە رەنگە توانای خۆدزینەوەی هەبێت لە ڤاکسینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بەشێک لەزانایان دەڵێن رەنگە تواناکەی سنوردار بێت و نەتوانێت بەتەواوی لەڤاکسین خۆی بدزێتەوە.
توانای گواستنەوەو تووندیەتی ڤایرۆسەکە
ئەم جۆرە لە ٢٥ی مانگی رابردوو لەباشوری ئەفریقا دەستنیشانکراو لەو کاتەوە زیاتر لە ١٢ هەزار حاڵەت بەتەنها لەوڵاتەکەدا تۆمارکراوە. بەتەنها دوو هەفتە لە دەستنیشانکردنی لەزیاتر لە ٤٠ وڵاتدا بڵاوبووتەوە کە ماوەیەکی کورتە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە بەراورد بەجۆرەکانی تر.
زانایان باس لەوە دەکەن هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر ڤایرۆسەکە چونکە داتاو ئەزمونی زیاتر پێویستە تا بگەنە دەرئەنجامێکی یەکلاکەرەوە لەسەر جۆرە نوێیەکە، بەڵام بەپێی ئەو توێژینەوانەی تائێستا کراون دەرکەوتووە ئۆمیکرۆن ئاستی گواستنەوەی بەرزە، بەڵام توندیەتی ڤایرۆسەکە کەمە، بۆیە کەسانی تووشبوو کەمتر تووشی ناڕەحەتی و ماندوێتی دەکاتەوە.
بەپێی توێژینەوەیەکی ئەنجومەنی توێژینەوەی پزیشکی ئەفریقای باشور، حاڵەتەکانی ئۆمیکرۆن مامناوەندن و زیاتر کەسانی گەنج تووش دەبن.
توێژینەوەکە دەریخستووە بەشێکی زۆری ئەو کەسە گەنجانەی تووش بوون پێویستیان بەئامێری ئۆکسجین نەبووەو لەگەڵ تووشبون بەکۆرۆنادا حاڵەتێکی تری پزیشکییان هەبووە، بۆیە داغڵی نەخۆشخانە کراون.
لەبارەی دەرئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیەوە ئەنتۆنی فاوچی، راوێژکاری باڵای پزیشکی کۆشکی سپی، رایگەیاند کەدەرئەنجامەکانی دڵخۆشکەرن.
«هەرچەندە ئێستا زۆر زووە بۆ ئەوەی قسەی یەکلاکەرەوەی لەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستا وا دەرناکەوێت ئاستێکی گەورەی تووندی تووشبوونی لەگەڵدا بێت»، فاوچی وای وت.
فاوچی وتیشی، «بەڵام دەبێت وریابین پێش ئەوەی بڵێین کە کەمتر تووندە یان کەس تووشی حاڵەتێکی تووند ناکات بە بەراورد بەدەلتا، بەڵام تائێستا ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە دڵخۆشکەربن».
بەڵام بەپێی نوێترین توێژینەوە، ئەم جۆرە نوێیە توانای گواستنەوەی زۆر زیاترە بە بەراورد بەجۆری یەکەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمەش وایکردووە ترسێکی زۆر لەجیهاندا دروست ببێت و تائێستا زیاتر لە ٥٥ وڵات رێکارەکانی خۆپارێزی و گەشتکردنیان تووندترکردووتەوەو بەشیکیشیان گەشتەکانیان لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەفریقی وەستاندووە.
لەهەیینی رابردوودا پهیمانگای نیشتیمانی ئهفریقای باشور بۆ نهخۆشییه گوازراوهكان یەکەمین توێژینەوەی خۆی لەبارەی ئۆمیکرۆنەوە بڵاوکردەوەو رایگەیاند «ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن دهبێته هۆی بڵاوكردنهوهی شهپۆلێكی بههێزی تووشبوون، كه تهنانهت ئهو كهسانهی سیستەمی بهرگری جەستەیان بههێزه، ناتوانن دهربازیان بێت و سیستەمی بهرگری جەستەیان بهرههڵستی ڤایرۆسهكه ناکات.»
توێژەرانی توێژینەوەکە لێکۆڵینەوەیان لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون کردووە لەئەفریقای باشور لە ئازاری ٢٠٢٠ەوەو تێیدا دەرکەوتووە زیاتر لە ٣٥ هەزار حاڵەت دووبارە تووشبوونەتەوە.
لەو ٣٥ هەزار حاڵەتە دەرکەوتووە دووبارە تووشبونەوە لەجۆری دەلتا و بێتا کەمترن بە بەبەراورد بەجۆری یەکەم کە لە وهان بڵاوبوویەوە، بەڵام دەرکەوتووە مەترسی تووشبوونەوە دوو ئەوەندە زیاترە لە شەپۆلی ئۆمیکرۆندا بە بەراورد بەشەپۆلی یەکەمی وهان.
ئایا ئۆمیکرۆن دەتوانێت خۆی لەڤاکسین بدزێتەوە؟
زاناکان لەسەر وەڵامی ئەم پرسیارە کۆکن کە ئەویش ئەوەیە بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئۆمیکرۆن بە بەراورد بەجۆرەکانی تر توانای خۆدزینەوەی لەسیستەمی بەرگری هەیە.
«ئەوەی تا ئیستا ئێمە دەیزانین، دەتوانین بە متمانە بەخۆبوونەوە بڵێین ئۆمیکرۆن توانای باشتری هەیە لەتووشکردنەوەی ئەو کەسانەی پێشتر تووش بوون و پارێزگارییان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە»، فرانکۆ بالۆو، بەڕێوبەری پەیمانگەی جێنەتیک لەزانکۆی لەندەن ئەمەی بەگاردیانی بەریتانی وت.
«ئەوە تەواو روون و چاوەڕوانکراو بوو لەو گۆڕانکارییانەی دەستنیشانمان کردووە لەپێکهاتەی پرۆتینەکەیدا، ئەم گۆڕانکارییانەش وادەکەن بەربەست زیاتر دروست ببێت بۆ دژەتەنەکان تا کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بکەن»، بالۆو وای وت.
توێژینەوەکەی پەیمانگەی نیشتمانی ئەفریقای باشور گەیشتووەتە هەمان دەرئەنجام و ئەوەی دەرخستووە کە ئۆمیکرۆن توانایەکی بەهێزی هەیە لەخۆدزینەوە لە سیستەمی بەرگری مرۆڤ.
لەتوێژینەوەکەدا هاتووە، «ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن توانایهكی لهڕادهبهدهری ههیه لهگۆڕینی شێوهی پڕۆتینهكهی خۆی و بهرەنگاربوونهوهی بهرگری جەستە به بهراورد بهڤایرۆسی كۆرۆناو جۆرەکانی تری».
لەبارەی کاریگەری ڤاکسین لەسەر ئۆمیکرۆن لهتوێژینهوهكه ئەوە خراوەتەڕوو، «پرسیاری توێژهران هێشتا بهبێ وهڵام ماوهتهوه، دهربارهی ئهوهی ئایا ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن دهتوانێت بهرههڵستی تهواوی ئهو ڤاكسینانه بكات كه تاوهكو ئێستا بهرههم هێنراون».
هاوکات سارا گیڵبێرت، زانایانی ڤاکسین و یەکێک لەدروستکەرانی ڤاکسینی ئەسترازێنێکای بەریتانی، رایگەیاند «هەندێ گۆڕانکاری هەیە کە رەنگە وابکات ئەو دژە تەنانەی لەلایەن ڤاکسینەوە دەکرێنە جەستەوە کەمتر کاریگەرییان هەبێت لەبەرامبەر رێگە گرتن بەتووشبوون بەجۆری ئۆمیکرۆن».
لەلایەکی ترەوە هەندێک زانا باس لەوە دەکەن کە راستە ئۆمیکرۆن توانای خۆدزینەوەی هەیە لە سیستەمی بەرگری، بەڵام ئەم توانایەی سنوردارەو لەسەدا سەد ون نابێت.
«ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە ئەم جۆرە بەتەواوی لەڤاکسین خۆی ون بکات، ئەو ڤاکسینانەی هەمانە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەرن دژی جۆرەکانی ترو ئێمە پێویستمان بەداتاو ئەزمونی زیاترە تا بیسەلمێنین ئاستی پارێز چەندەیە لەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە.»
هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هیچ دامەزراوەیەکی تەندروستی تائێستا راینەگەیاندووە کە بەتەواوی ئۆمیکرۆن بتوانێت خۆی بدزێتەوە لەڤاکسین، بەڵام بەرهەمهێنەرانی ڤاکسین دەڵێن ئەگەر ئۆمیکرۆن وەک جۆرێکی «دەربازبوو لە ڤاکسین» دیاریکرا ئەوا دەتوانن پێکهاتەی ڤاکسینەکانیان بگۆڕن تا ئۆمیکرۆن بکەنە ئامانج.
کۆمپانیای فایزەرو باینۆتێک رایانگەیاندووە کەئەگەر ئۆمیکرۆن بەجۆرێکی دەربازبوو لە ڤاکسین دیاریکرا ئەوا لەماوەی ١٠٠ رۆژدا ڤاکسینیكی تایبەت بەو جۆرە بەرهەم دەهێنن. کۆمپانیای مۆدێرناش دەڵێت دەتوانێت ڤاکسینێکی تایبەت بەرهەم بهێنێت لەماوەی سێ مانگدا بۆ تاقیکردنەوە.
بەڵام بەشێک لەزانایان دەڵێن وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسین، یان ژەمی بەهێزکەر، «ئاستی بەهێزکردنی دژەتەنەکان لەدژی هەموو جۆرەکان بەرز دەکاتەوە.
«هەموو باوەڕەکان بۆ ئەوە دەچن کەئەگەر ژەمی سێیەم وەربگریت ئەوا لانیکەم جۆرێک لەجۆرەکان پارێزگاریت دەبێت و بەئەگەرێکی زۆرەوە لەنەخۆشی سەخت دوور دەبیت، تەنانەت لەنەخۆشی تووندی ئۆمیکرۆنیش»، فاوچی لەکۆنفرانسی رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکۆشکی سپی وای وت.
بەڵام بەشێکی تر لەزانایان دەڵێن ئەو ڤاکسینانەی ئێستا هەیە بۆ جۆری یەکەم دروستکراوەو رەنگە بۆ جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێندە کاریگەری نەبێت.
«پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر بەردەوام بیت لەبەکارهێنانی ڤاکسینێک کە بۆ بەرپەرچدانەوەی جۆرێکی کۆن دروستکراوە، ئایا ئەمە توانای تۆ سنوردار ناکات لەوەڵامدانەوەی بەرگریت لەبەرامبەر ڤایرۆسێک کەزۆر جیاوازە لەجۆرەکەی پێش خۆی؟» پاوڵ ئۆفیت، شارەزایەکی ڤاکسین، ئەمەی بە ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی وت.
ئۆفیت باسی لەوەشکرد کە ئەمە دیاردەیەکی پزیشکییەو بوونی هەیە کاتێک سیستەمی بەرگری مرۆڤ پشت بە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی دەبەستێت لەگەڵ ڤایرۆسێکدا و هەندێکجار ئەمە سەردەکیشێت بۆ بەرپەرچدانەوەیەکی لاوازتر کاتێک رووبەڕووی جۆرێکی تری ڤایرۆسەکە دەبێتەوە.