بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەكانیانەوە مامۆستایانی خوێندنگایەك لەسلێمانی ماندەگرن
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
خوێندنگەی سلێمانی نێودەوڵەتی لەگەڕەكی راپەڕینی سلێمانی زیاتر لەهەزار و 100 خوێندكاری هەیە، بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەو كۆمپانیای سابیس دامەزراوەو تێكڕا سیستمی ئینگلیزی لەخوێندنگەكەدا پەیڕەو دەكرێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەكانیانەوە چەند رۆژێكە مامۆستیان مانگرتنیان ئەنجامداوەو بەڕێوەبەرەكەشی چووەتەوە بۆ ماڵەوە.
لەهەرێمی كوردستاندا حەوت خوێندنگە بەهاوبەشی لەنێوان كۆمپانیای سابیس و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم خزمەت بەمنداڵان دەكەن كە بەسیستمی ئینگلیزی دەخوێنن و خوێندكاران تەنها پارەی هاتوچۆ دەدەن كە یەكێكیان لە سلێمانی و ئەوی دیكەیان لە كەلارو پێنج خوێندنگەكەی دیكە لە سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆكدایە. مامۆستایان لەم خوێندنگەیەدا تا كاتژمێر چوار وانە دەڵێنەوە، بۆیە بێجگە لە موچەكانیان بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجدەكرێت و زیاتر لە 10 مانگە وەریاننەگرتووە.
مامۆستایەك كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، ئاماژە بەوە دەدات زیاتر لە 10 مانگە موچەكانیان بۆ خەرج نەكراوە و وتی:» وابڕوات لەم بارودۆخە قورسەی ژیاندا ناتوانین وانە بڵێینەوە». ئەم مامۆستایە پێنج ساڵە لەم خوێندنگەیە وانە دەڵێتەوە بە وت:» ئەم خوێندنگەیە خزمەتێكی باش بەمنداڵەكانمان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە پەروەردە پشتگوێیان نەخات».
مامۆستایەكی دیكەش هاوڕا بوو كە پێویستە پەروەردە گرنگی زیاتر بەم خوێندنگایانە بدات و وتی:» هەم بۆ خەڵكی فەقیرو هەژار سودی هەیە، هەم بۆ خوێندكاریش سودێكی زۆری لێوەردەگرێت». بەختیار عەبدوڵا باوكی دوو خوێندكار لەخوێندنگەی سلێمانی نێودەوڵەتی، بەهاوڵاتى وت:» بەداخەوە لەو كاتەوەی بودجەی خوێندنگەكە دابین ناكرێت، هەم مامۆستاكان كێشەیان بۆ دروست بووە و خزمەتگوزاری خوێندنگەكەش تەواو خراپ بووە و كاریگەری كردووەتە سەر خوێندكارەكان».
باوكی ئەو دوو خوێندكارە ئەوەشی روونكردەوە، ساڵانی پێشوو سیستمەكە زۆر پێشكەوتوو بووەو وتی:» هیچ كێشەمان نەبوو، ئێستاش تەنیا كێشە خەرجكردنی بودجەكەیە تابتواننن منداڵەكانمان پەرە بەخوێندنی ئەمساڵیان بدەن».
جەسام بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی فێركردنی بنەڕەتی و باخچەكانی ساوایان لە وەزارەتی پەروەردە، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»كارمان كردووە بۆ دابینكردنی موچەكانیان و لەم هەفتەیەدا شایستە داراییەكانیان بۆ دابین دەكرێت، كە لەئێستادا سەرقاڵی رێكارە ئیدارییەكانین و نووسراومان كردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران».
ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە كە هەموو شایستە داراییەكانیان دوابەدوای یەك بۆ خەرجدەكرێت و رەزامەندییەكەی لەئەنجومەنی وەزیران هاتووەتەوە و كێشەی تێدا نەماوە، تەنیا رێكارە ئیدارییەكان دوایخستووە». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری خوێندنگەكاندا هەیەو دڵنیاییان پێدەدەن لەدابینكردنی بودجەی تایبەتی خوێندنگەكان.
لەبارەی كێشەی ئەو خوێندنگایانەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە چارەسەری كێشەكانیان دەكرێت.