جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری بەردەوام دەبێت
3 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی ئاشكرایدەكات، حكومەتی هەرێم لەكۆی 400 ملیار تێچووی پرۆژەكە تەنیا 27 ملیار دیناری ناردووەو دەشڵێت:» حكومەتی هەرێم پێشتر ئامادەبووە پارەی پێشەكی بداتە چەند كۆمپانیایەكی توركی بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام پارەی كۆمپانیایەكی ناوخۆی راگرتووە».
رۆژی 11/7/2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كردو لەمەراسیمێكدا بەردی بناغەی پرۆژەكەی دانا.
بودجەی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە واتە ئەو رێگایەی كە لە تاسڵوجەوە بۆ نزیك بازگەی عەربەت دروستدەكرا (469 ملیار) دینار بوو، بەڵام تێچووی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كەمكراوەتەوە بۆ (400 ملیار) دینار، واتە بڕی (69 ملیار) دیناری لێبڕا.
شاباز صدیق، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد تائێستا 40%ی پرۆژەكە تەواوكراوە، بڕیاروابووە تەواوی بودجەی پرۆژەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تەرخان بكرێت كە پرۆژەكە 400 ملیاری پێویستە.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە زیاتر لە 170 ملیار دینار لەلایەن كۆمپانیای قەیوان كە جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەترییە خەرج كراوە. بەڵام حكومەت 35 ملیاری بۆ دابین كردووەو تەنها 27 ملیار دیناریشی نێردراوە، وتیشی:» ئەگەر پارەكە بەمشێوەیە خەرج بكرێت هەڕەشەی جددی لەسەر پرۆژەكە هەیە».
وەك بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە دەڵێت:» لەمانگی چواری ئەمساڵ دەستدەكەین بە قیرتاوكردنی پرۆژەكەو بەردەوام دەبین لەكاركردن تێیدا، بەدڵنیاییەوە پرۆژەكە هەنگاوی زۆرباشی بڕیوە ئەگەر رێگری دیكە دروست نەبێت ئەوا پێش كاتی خۆی واتە 2023 پرۆژەی شاڕێی بابان تەواو دەبێت».
هەروەها شاباز سدیق ئەوەشی دووپاتكردەوە كە مەسەلەی خەرجنەكردنی پارە بۆ پرۆژەكە پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمەوە هەیەو تائێستا وەڵامی نووسراوەكانیان نەدراوەتەوە «پرۆژەكەش تائێستا نەوەستاوە بەهۆی ئەوەیە كە كۆمپانیای قەیوان جێبەجێی دەكات».
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی سەدمەتری ئەوەشی روونكردەوە كە شارەوانی تەنها كاری ئەوەیە سەرپەرشتی پرۆژەكە بكات و رێكارە یاساییەكانیشی دەكات، ئەو كەسانەشی كە زەویەكانیان بەردەكەوێت هەموو رێكارێكیان بۆ كراوە تا قەرەبوو بكرێنەوە، كۆنووسی تایبەتیان بۆ كراوەو دۆسیەكانیان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵە.
شارەوانی سلێمانی دەڵێت ئەوان چاودێری و سەرپەرشتی كاری جێبەجێكردنەكەی دەكەن لەڕووی ئەندازیاریەوە.
زەردەشت رەفیق، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» شارەوانی سلێمانی پەیوەندی بەوەوە نییە، حكومەتی هەرێم پارە بۆ ئۆتۆبانی بابان (شەقامی سەدمەتری)دابین دەكات یاخود نا، تەنها ئەركی ئێمە ئەوەیە سەرپەرشتی كارەكانی پرۆژەكە بكەین».
پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بۆ یەكەمجار لەساڵی 2011دا بڕیار لەسەر دروستكردنی درا، بەڵام دوای دوو ساڵ و لە رۆژی شەشی تشرینی دووەمی ساڵی 2013دا یەكەمین بەردی بناغەی پرۆژەكە لەلایەن عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمەوە دانرا.
وەك رێبین عومەر، بەرێوەبەری راگەیاندنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەدا، پرۆژەكە بەشی یەكەمی «ROAD C» بڕی 400 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوەو پێویستە لەماوەی هەزار و 100 رۆژدا تەواو ببێت و كۆمپانیای قەیوان جێبەجێی دەكات و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیش سەرپەرشتی دەكات و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی وەك بەڕێوەبەرایەتیەكانی كارەباو هاتووچۆو ئاو بەشداری تێدا دەكەن.
هەروەها وتیشی:» پرۆژەكە بریتییە لەدروستكردنی رێگایەكی خێرا بەپانی 100 مەتر كە لەشارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە گوندی (دەمركان) لەشەقامی عەربەت- سلێمانی و درێژییەكەی 43 كیلۆمەترە، لەوێ كۆتایی دێت».
رێبین عومەر ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی پلانی پرۆژەكە شاڕێی بابان چوار سایدی هاتن و رۆشتن لەخۆدەگرێت و پانی سایدی سەرەكی 21 مەترەو سایدی خزمەتگوزاریش 10 مەترە، سایدی سەرەكیش لەچوار لاین بۆ رۆشتنی ئۆتۆمبێل و لاینێكیش بەپانی سێ مەتر بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كتوپڕ دەیانەوێت بوەستن.
بەرێوەبەری راگەیاندنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری هێمای بۆ ئەوەش كرد كە رێگاكەش لەناوەڕاستدا جەزرەیەكی ناوەندی هەیە بەپانی 12 مەترو لەنێوان سایدی سەرەكی و خزمەتگوزاریش جەزرەیەكی ناوەندی هەیە بەپانی حەوت مەتر كە بۆ سەوزكردن و دانانی تۆڕی ئاوەڕۆیە.
هاوكات حەوت یەكتربڕی تێدایە، هەروەها پێنج ئەندەرپاس لەخۆدەگرێت و پردێك لەسەر چەمی تانجەرۆ دروست دەكرێت كە پێكدێت لەچوار پرد كە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی كوردستان، هەروەها تۆڕێكی رووناكی مۆدێرنی تێدایە بۆ رووناككردنەوەی رێگاكان و یەكتربڕەكان و ئەندەرپاسەكان لەسەر نوێترین رێنمایی وەزارەتی كارەبا.
وەك بەرێوەبەری راگەیاندنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری باسی دەكات، تەواوبوونی پرۆژەكە ئاماژە بە پەرەپێدان و پێشكەوتنی شاری سلێمانی دەكات،» پێدانی سیمایەكی جوانیشە بەشاری سلێمانی بوژاندنەوەی ئەو ناوچانەی كە پێیدا دەڕوات لەهەموو روویەكەوە، هەروەها كەمكردنەوەی ماوەی گەیشتن لەو شوێنانەی كە دیاریكراون كەئەوەش دەبێتەهۆی زوو گەیشتن بەو شوێنانەو پاراستنی ژینگە بەكەمكردنەوەی سوتانی بەنزین واتە پاكڕاگرتنی ژینگە».
لەبەردی یەكەمی بناغەدا كە بەهۆی قەیرانی دارایی كابینەی پێشووی حكومەتەوە نەچووە بواری جێبەجێكردن، بڕیاربوو سێ كۆمپانیای توركی بەناوەكانی (كور- ئلیتبای- ئینتاشی) پرۆژەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام لەبەردی دووەمی بناغەدا پرۆژەكە دراوە بە كۆمپانیای (قەیوان) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە.