ئەو گەنجانەی ریشیان هەبووە دەستگیركراون
كەسوكاری دەستگیركراوانی هەڵەبجەو دەوروبەری:
3 ساڵ لەمەوپێش
مەزهەر كەریم
نزیكەی 25 كەس لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەپارێزگای هەڵەبجەو دەوروبەری دەستگیر دەكرێن بەتۆمەتی لایەنگیری و ئەنجامدانی كاری نهێنی بۆ رێکخراوی داعش.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ژمارەیان لەنێوان 25 بۆ 30 كەسدایەو لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە لەلایەن ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی ناوچەكەوە چاودێری كراون.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەدوای ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكو دەستگیركردنی ژمارەیەك گەنج لەسنووری پارێزگاری هەڵەبجە نووسراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە «ژمارەیەك ئەندامو تاقم و گروپی تیرۆریستانی داعش لەشاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچكەكانی خورماڵ و سیروان و چەند گوندێكی شارەزوور دەستگیركران».
پاشانو دواتر كەسوكاری ئەو گیراوانە بێئاگایی خۆیان لەتێوەگلانی كوڕەكانیان لەبەشداربوونیانو هاوكاری رێكخراوی تیرۆرستانی داعش رەتكردەوەو داوایان كرد بەزووترین كات گیراوەكانیان ئازاد بكرێن، ئەو لێدوانەی بەڕێوەبەری ئاسایشش بە»بێ بنەما» وەسف دەكەن.
حسێن خەلیفە محەمەد كە لەئێستادا كوڕێكو برازایەكی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراوە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتىوت:»لەكاتژمێر حەوتی ئێوارە بوو هێزێكی دەمامكداری ئاسایش تەلەفونیان بۆ كردم و وتیان هارونی كوڕت لەگەڵ دیاری هیوای برازات بابێن بۆ ئاسایش، منیش وتم بەسەرچاو وەهام دەزانی شەڕبووە، بەڵام هێندەی پێنەچوو تەلەفونم بۆ كرا وتیان ئەوەی ریشی هەیە لەناحیەی سیرواندا دەستگیركراوە، نازانین بۆچی دەستگیركراون».
هەروەها وتیشی:» كوڕەكەم ئەندامی حزبی سۆسیالیستەو برازاكانیشم باوكو براكانیان پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، دورین لەبیری توندڕەویی، لەوە دەترسین لەژێر لێدانو تەعزیبدا بیانهێننە سەر شاشەی تەلەفزیۆنو ناچاریان بكەن تابیری توندڕەویان بەسەردا تۆماربكەن».
ناوبراو داواشی لەهەموو كەسوكاری گیراوانو خەڵكی دەڤەری شارەزوو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكرد كە بەرامبەر ئەم ناهەقیەی بەرامبەریان كراوە بێدەنگ نەبن.
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت ئامادەن بەدواداچوونیان بۆ بكەن.
گوڵستان سەعید جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لەمافی مرۆڤ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» پێویستە كەسوكاری گیراوان سەردانی لقی هەڵەبجە یان سلێمانی بكەن تا وەك لیژنەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ گیراوەكانیان بكەن، بێدەنگی كەسوكاریان هۆكارێك دەبێت بۆ مانەوەی زیاتر لەزینداندا، بۆیە پێویستە رای گشتی لەوبارەیەوە ئاگادار بكرێتەوە تا دۆسیەكەیان بەلاڕێدا نەبرێت».
هەروەها وتیشی:» لەئێستادا سەرقاڵی سەردانی كردنی گرتوخانەكانی هەولێرینو داوامان كردووە لەچەندڕۆژی داهاتوودا سەردانی گرتوخانەكانی سلێمانی بكەن تائێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە، هەر كەوەڵامیان داینەوە سەردانی زیندانیان دەكەین و لەشوێنو رێگەو كەیسەكانی زیندانیان دەكۆڵینەوە هەتا ئەوكات كەیسی ئەو گیراوانە یەكلانەبێتەوە قسەمان دەبێت پشتگیری كەسوكاریان دەبین وەك ئەوەی خۆیان باسی دەكەن».
ئاسایشی سلێمانی جەخت لە بەیاننامەكە دەكاتەوەو ئەوە رەتدەكەنەوە كە ئەو كەسانە بێتاوان بن، بۆ رای گشتی ئاشكرای دەكات و لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەكرێت.
موقەدەم یاسین سەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» خەڵكیو رۆژنامەنووسان دەپرسن ئەو كەسانە بۆچی گیراون، وەك ئاسایش هێشتا لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە تەواو نەبووە، ئێمە دەمانەوێت قسەی راستو دروست بەخەڵكی بڵێین، هەر كە لێكۆڵینەوەكان تەواوبوون، بەدڵنیاییەوە قسەی دیكەمان دەبێت، خەڵكیو كەسوكاریان لەئێستادا دڵیان گەرمە قسە دەكەن سەرسوڕمانی خۆیان نیشاندەدەن و بێتاوانی گیراوان نیشان دەدەن».