كورد؛ دوای كشانەوەی ئەمریكا رووبەڕووی ئاڵنگارییەكان دەبێتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

كشانەوەی ئەمریكا لەعێراق لەكۆتایی ئەمساڵدا ترسێكی گەورەی لای كورد بەتایبەتی و ئەو هێزە سیاسییانە دروستكردووە كە دۆستی ئێران نین و بەردەوام داوای مانەوەی دەكەن بەهۆی مەترسییەكانی داعشەوە.

رۆژی 31ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ دوایین وادەیە بۆ مانەوەی هێزە شەڕكەڕەكانی ئەمریكا لەعێراق، بۆیە ترس و پرسی زۆریش لەلای بەشێك لەكوردو سوننە دروست بووە كەئایا بەكشانەوەی ئەمریكا لەعێراق چارەنووسی ئەوان چی لێدێت بەتایبەت كورد لەگەڵ دوو هێز رووبەڕوو دەبێتەوە كە هیچیان دان بەقەوارەكەیدا نانێن، ئەوانیش حەشدی شەعبی و داعشن.

لە 5ی كانوونی دووەمی 2020، پەرلەمانی عێراق بەدەنگی زۆرینەی لایەنەكانی شیعە، پرۆژە یاسایەكیان لەپەرلەمان تێپەڕاند بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق.

هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێیانوایە ئەمریكا لەعێراق دەمێنێتەوەو رۆڵەكەی دەگۆڕێت.

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئەمریكاو دۆستەكانی ئەمریكا لەعێراق پێیان خۆش نییە ئەم پرۆسەیە ناوبنێن پرۆسەی كشانەوەی ئەمریكا، بەڵكو پێیان خۆشە وا نیشانی بدەن كەپرۆسەی گۆڕانكارییە لەڕۆڵی ئەمریكا لەعێراق».

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە ئەمریكا هەوڵدەدات ئەو تێگەیشتنە لەعێراق بڵاوبكاتەوە كە رۆڵی سەربازیی دەگۆڕێت بۆ دیپلۆماسی  و ئامادەیی  لەعێراق دەمێنێتەوە بەڵام شێوەكەی دەگۆڕێت.

هەروەها ستران عەبدوڵا پێشیوابوو باشتروایە كورد تەنانەت ئەگەر لەتێكەڵبوونی مەلەفەكاندا داعش و حەشدی شەعبی بەیەك تێڕوانین سەیر دەكرێت، بەڵام دەبێت كورد ئەوە جیابكاتەوە، «رووبەڕووبوونەوەی داعش وەزیفەیەكی عێراقی و كوردستانی و نێودەوڵەتییە، بۆیە ئاسانتر دەتوانرێت قسە لەسەر ئەم مەلەفە بكرێت، بەڵام زەحمەتە مەلەفی حەشدی شەعبی یەكسان بكەین بەمەلەفی داعش».

«حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێندرێت كە ململانێی ئێران و ئەمریكا لەسەری هێور ببێتەوە كەدوو بژاردەی سیاسی هەیە، یەكێكیان دەیەوێت گۆڕانكاری بكات، یەكێكی دیكەشیان ئەو هێزانەن كە لەسەر ئەرزی واقیع دەسەڵاتیان هەیەو هێزە تەقلیدیەكانی شیعەن، لەم ئاستەدا ئاسانتر دەتوانرێت مەلەفی حەشدی شەعبی چارەسەر بكرێت و مەترسیشی لەسەر كوردستان كەمببێتەوە»، سەركردایەتیەكەی یەكێتی وا دەڵێت.

هاوكات، ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « كشانەوەی ئەمریكا لەعێراق بێ كاریگەری نابێت لەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام  لەهەموو دنیا وایە فاكتەرە زاتیەكان گرنگتر ئەوەیە كە بەستراوەتەوە بەوەی كەخۆمان واتە لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی هەرێم و پەرلەمان چەند لێكتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ یەكتری».

وتیشی :» لەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق بێگومان بۆشاییەكی سەربازی لەناوچەكە دروست دەبێت و پەلهاویشتنی ئەو رێكخراوانەی كە تیرۆریستن یاخود رادیكاڵن زیاتر دەبێت، بەرەو رووبوونەوەیان دەبێتە تەحەدایەك».

لەبارەی ئەوەی هەرێمی كوردستان چۆن خۆی ئامادە بكات بۆ كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا، سەركردایەتیەكەی پارتی وتی:»ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان لەڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزێكی وەكو داعش چانسی خۆڕاگری و بردنەوەمان زۆر زیاترە لەبەشەكانی دیكەی عێراق، ئەویش لەبەر ئەو پەرتەوازەییەی لەنێوان شیعەو سوننەدا هەیە، دیسان جارێكی دیكە لەناوچە عەرەبیەكان بۆشایی دیكە دروستدەكات».

لەساڵی 2011 ئەمریكا سەرجەم هێزەكانی لەعێراق كێشایەوە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی داعش و كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك لەعێراق لەساڵی 2014 بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی ئەوكاتی عێراق ئەمریكا هێزی سەربازی بۆ عێراق رەوانەكردەوەو ئێستا كە چەند رۆژێكی كەم ماوە بۆ كشانەوەی ئەو سێ هەزار و 500 سەربازەی ئەمریكا لەعێراق ماوەتەوە.

رۆژنامەنوسێكی سیاسی دەڵێت ئەگەر ئەمریكا لەبەغدا نەمێنێتەوە ناتوانێت لەهەرێمی كوردستانیش بمێنێتەوە.

عارف قوربانی، نووسەرو رۆژنامەنووس سەبارەت بەپرسی كشانەوەی ئەمریكا لەعێراق بە هاوڵاتى وت:» دەبێت لەوەدا بەرچاومان روون بێت ئەمریكا هەرچەندە سیاسەتی بەرامبەر بەعێراق و هەرێمی كوردستان دوو شتی جیاوازن و جۆری هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمریكا لەجۆری هەماهەنگی نێوان ئەمریكاو هەرێمی كوردستانیش جیاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەم حەقیقەتەشدا ئەمریكا ناتوانێت ئەگەر عێراق جێبهێڵێت لەهەرێمی كوردستان بمێنێتەوە».

«ئەو بۆچوونانە هەڵەن كە ئەگەر ئەمریكا لەبەغدا فشاری بكرێتەسەر ئەوا باڵیۆزخانەكەی دەهێنێتە هەرێمی كوردستان، یاخود ئەگەر بنكە سەربازییەكانی لەناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بكرێنە ئامانج بەدوور نازانرێت بنكەكانی بهێنێتە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند جارێك بنكەكانی لەهەرێمی كوردستان كرانە ئامانج»، عارف قوربانی وای وت.

عارف قوربانی وتیشی:» ئەوانەی داوای كشانەوەی ئەمریكا دەكەن لایەنە عێراقیەكانن وەكو حەشدی شەعبی و هێزە سیاسییەكانی نزیك لەئێران، بۆیە كاریگەری ئەوتۆی لەسەر عێراق نابێت كە مەترسی بخاتەسەر ئایندەی وڵاتەكە، بەڵام حەشدی شەعبی هەژموونی زیاتر دەبێت، بۆ هەرێمی كوردستان دوو مەترسی دروست دەبێت هەم مەترسی حەشدی شەعبی و هەم داعش».

هاوكات ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە  حەشدی شەعبی پێگەو هەژموونی زاڵ دەبێت لەعێراق، وتیشی:»ئەوان پێیانوایە هەرێمی كوردستان رێگرە لەپرۆسەی تەشەیوع، لەبەرئەوە بەدڵنیایی حەشدی شەعبی دەبێتە یەكێك لەمەترسییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان، گروپە چەكدارەكانی دیكەش لەژێر پەرچەمی حەشدی شەعبی و ئەوانەش لەژێر پەرچەمی داعشدان دەبنە مەترسییەكی دیكەو دەبنە مەترسی لەسەر ناوچە كێشەلەسەرەكان و پرۆسەی تەعریب پەرەپێدەدەن ئەوەش بەدوورمەودا زیان بەهەرێمی كوردستان دەگەیەنێت».

«كشانەوەی ئەمریكا هەندێك پێشهاتی سیاسی نوێ دەهێنێتە پێشەوە، بەدڵنیاییەوە پێشهاتی نەخوازراو دەبن بۆ كورد بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم لاواز بكەن یاخود نەیهێڵن، ئێرانیش پێگەی لەعێراق بەهێزتر دەبێت و ئەویش هەرێم وەكو لەمپەر دەبینێت لەبەردەم هیلالی شیعی، توركیاش بانگەشەی ئەوە دەكات كە گۆڕانكاری بەسەر نەخشەی سیاسی خۆیدا دەهێنێت دوای 2023 و بەتایبەت چاوی لەسەر ئەو ناوچانەیە كە وزەیان تێدایە بەتایبەت ویلایەتی موسڵ، بێگومان دوای كشانەوەی ئەمریكا ئەو مەترسییانە دروست دەبن»، عارف قوربانی وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار