دوو پەیامی ئەمریکا بۆ هەولێر دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان
هەموو عێراقییەکان چاویان لەوەیە کە بزانن دوو هەفتەی دیکە چی روودەدات دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەماوەی هەفتەیەکدا دوو جار پەیامی پاڵپشتی بۆ هەرێمی کوردستان لەشەڕی داعشدا دەربڕیوە ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەعێراق بکشێنەوەو تەنیا راوێژکارە ئەمنی و سەربازییەکانیان بمێننەوە.
ئەو پەیامانەی ئەمریکا کە لە رێگەی هەریەکە لەوەزیری بەرگریی و برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا گەیشتوونەتە هەولێر، کە تێیدا باس لەپاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا دەکەنەوە لەشەڕی داعشدا بەمەبەستی دروستنەبوونی بۆشایی ئەمنی، دوای کشانەوەی هێزەکانیان لەعێراق، ئەوەش لەکاتێکدایە داعش ماوەی چەند هەفتەیەکە لەناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق چالاک بووەتەوە.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق، لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێوە، نە خۆیان و نە فڕۆکە جەنگییەکانیان بەشداری لەشەڕی دژی داعشدا ناکەن، بەڵکو رۆڵیان تەنیا راوێژکاری و مەشق و راهێنان بەهێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دەبێت، کۆشکی سپی دەڵێت، مانەوەی ئەو سەربازانە لەسەر داواکاریی حکومەتی عێراقە.
دوو پەیامی دڵنیایی ئەمریکا
میدیای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەفتەی رابردوو بڵاوی کردەوە کە مەسرور بارزانی نامەیەکی لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێشگەیشتووە و تێیدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکاو هەماهەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەکاتەوە.
لەبەشێکی نامەکەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتووە «سوپاسی رۆڵی گرنگیی پێشمەرگە لەتێکشکاندنی داعش دەکەین و بەڕێز و پێزانینەوە یادی قوربانیدانەکانی پێشمەرگە لەشەڕی دژ بەداعش دەکەینەوە».
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کردوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لەهاوکاری کردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لەبواری راوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگریدا».
بەپێی هەمان نامە کە میدیای سەرۆکی حکومەت ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکی تایبەت لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە لەسەر بنەمای بەهاو رێزگرتنی هاوبەش.
هەروەها وتوویەتی «ئێمە بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لەکارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولامان دەکەین، سوپاس بۆ پابەندبوونتان بەو هاوبەشییە گرنگەی لە نێوانماندا هەیە.»
جگە لەم پەیامە پەیامیکی دیکەی ئەمریکا لە رێگەی برێت مەکگۆرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان، لەم هەفتەیەدا، ئەوەش دوای ئەوەی بەسەردانیک گەیشتە عێراق و دواتر سەردانی هەولێریشی کردو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی کۆشکی سپی «ئامانج لە سەردانی دوو رۆژی برێت مەکگۆرک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان راوێژکردن بووە لەگەڵ سەرکردە سیاسی و ئەمنییەکان» .
سەردانەکە دوو رۆژ دوای ئەوە هات، کە بەرپرسانی عێراق رایانگەیاند، لەکۆتایی ئەم مانگەوە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی لەعێراق لە شەڕکەرەوە بۆ راوێژکاری دەگۆڕێت.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، «مەکگۆرک پابەندبوونی سەرۆک بایدنی بەئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دووپاتکردەوەو جەختی لەوەش کردەوە کە چیدیکە هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق رۆڵی شەڕکەر نابینین. گۆڕانکاری لەئەرکی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیماناندا، بەهۆی ئەو بەرەوپێشچوونە گەورەیەوە بووە، کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەنێویشیاندا پێشمەرگە، لەسەرکردایەتیکردنی شەڕی دژی داعش بەدەستیانهێناوە».
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی و هەزاری دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعێراق و هەرێمی کوردستانن و لەبنکەی عەین ئەسەدو حەریر جێگیرن.
بەشێک لەگرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دژی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لەعێراق تاوەکو دێت توندتر دەبێت، ئەوان دەڵێن لەدوای 31ی ئەم مانگە، هێرشەکانیان لە دژی هێزە بیانییەکان چڕ دەکەنەوە.
پێشتر فرانک مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئەوان پێشبینی دەکەن هێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران لەم مانگەدا بۆسەر هێزە بیانییەکان زیادبکەن، ئەوەش بە گوتەی خۆی، پەرچەکردارێکە لە بەرامبەر شکستهێنانیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو.
یەکێتی هاوکاری ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بە «پێویست» دەزانێت
هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووشەممەی رابردوو لەهەولێر کۆبوونەوەیەکیان سازکرد لەگەڵ برێت مەکگۆرگ و ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق و رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستیی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی عێراق و پەنابردن بۆ دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ کراوەتەوە لەگەڵ پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
هەروەها قوباد تاڵەبانیش لەبارەی کۆبوونەوەکەوە لە فەیسبووکی خۆی نووسی «باسمان لە مەترسییەكانی داعش و پلانەكانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە كرد كە دەبێت لە رووی سەربازیی و فیكرییەوە لەناوببرێن».
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، «دەمانەوێت وەک نوێنەرانی کوردستان بەیەک تیم بچینە بەغداو لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین کە سەرخستنی ئەم نیەتە زامنی عێراقێکی بەهێزو هەرێمێکی پارێزراو دەبێت».
هەروەها لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە بەتایبەت لە پرسی بەردەوامیدان بە راوێژو هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە رووی مەشق و پێشخستنی توانا لۆجستی و سەربازییەکان لەپێناو ریشەکێشکردنی تیرۆرو ئارامی و ئاسایشی زیاتر لەناوچەکە.
جگە لەمەش مەکگۆرک لەگەڵ بەرهەم ساڵح وەکو سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە تێیدا باسی پرسی ئەمنی عێراقیان کردووە دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە «لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری و ژینگەیی لە رێگەی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ھەردوولا بکات؛ ھاوکات باس لە کۆتاییهێنان بە رۆڵی شەڕکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی راوێژەوە کراو دووپاتکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر».
هەروەها بەگرنگییەوە باس لە گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوەو جەختکرایەوە لەپێویستیی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و بەیەکگەیشتن بەئاراستەی کەمکردنەوەی ناکۆکی و بارگرژییەکان.
لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆککۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە لە رۆڵی گرنگ و ناوچەیی عێراق وەکو پێکهاتەیەکی گرنگی سازان و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری و بازرگانی و گەشەپێدان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵات و گەلانی ناوچەکە.
بەپێی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هێزی شەڕکەری ئەمریکا لەعێراق دەکشێنەوەو ئەوانەی دەمێنێتەوە، رۆڵیان دەبێتە راوێژکارو راهێنەر.
«ئەمریکا کاردەکات بۆ بەهێزکردنی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا»
نووسینگەی میدیایی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، کە قاسم ئەعرەجی لە گەڵ برێت مەکگۆرک، باسیان لە بەرزکردنەوەی توانای هێزە عێراقییەکان کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی میدیایی قاسم ئەعرەجی، مەکگۆرک پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئەنجامەکانی دانوستاندنی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دووپاتکردەوەو ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی وڵاتەکەی لەسەر بنچینەی رێککەوتنەکە ئاسمان، زەوی و ئاوی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکارناهێنێت، «ئەمریکا کاردەکات بۆ بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا».
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، مەکگۆرک رایگەیاندووە وڵاتەکەی هەڕەشە نییە بۆسەر هیچ وڵاتێک و جەختی لەوەش کردەوە کە «دووژمنی هاوبەش بریتییە لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش»؛ وتووشیەتی، بەرژەوەندیی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەهەبوونی عێراقێکی بەهێزو حکومەتێکی بەهێزدایە لەعێراق.
هەروەها قاسم ئەعرەجیش ئاماژەی بەوە کردووە، «حکومەتی عێراق لەگەڵ هەموو لایەک کاردەکات و هەبوونی دۆخێکی ئارام لەبەرژەوەندیی عێراقدایە».
ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق کاردەکات بۆئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت و هەنگاو بنێت بەئاراستەی بەهێزکردنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی خۆی و پەرەدان بە تواناکانی لەهەموو بوارەکاندا.»