جەنگ؛ بەرۆکی ئۆکرانیا دەگرێت
هێزەکانی ئۆکرانیا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بەهۆی ئەوەی چەکدارانی نزیک لە روسیا تەنها ٥٠ مەتر لێیانەوە دوورن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژ لەدوای رۆژ گرژییەکانی نێوان روسیاو ئۆکرانیا قوڵتر دەبێتەوەو مەترسی جەنگ نزیکتر دەبێتەوە، لەخاڵێکی سنوریدا هێزەکانی ئۆکرانیا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە لەئەگەری هێرشی روسیا بۆ ناوچە سنورییەکانی ئۆکرانیا.
ئەڤدیڤکا یەکێکە لەو بەرانەی پێشەوەی جەنگ کە تێیدا سوپای ئۆکرانیا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو تەنها ٤٥ مەتر لەجوداخوازەکانی نزیک لە روسیاوە دوورن و سەربازانی ئۆکرانیا لەکەشێکی ساردا لەئامادەباشیدان و دەڵێن ئەگەر ئەو چەکدارانەی روسیا هێرش بکەن ئەوا وەڵامیان دەبێت.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری ئۆکرانیاو ئەمریکا، روسیا پلانی هەیە چەند لەشکرکێشییەک بکات بۆ ناوچە سنورییەکانی ئۆکرانیا لەساڵی داهاتوودا بەبەکارهێنانی ١٧٥ هەزار سەرباز.
ئەمریکاو وڵاتانی جی ٧ هۆشداری دەدەن بەمۆسکۆ
ئەم هەواڵانە بووەتە جێی نیگەرانی سەرکردەکانی رۆژئاواو لەگروپی جی ٧ هۆشداری توندیان دا بە روسیا کە ئەگەر هێرش بکات ئەوا رووبەڕووی باجێکی قورس دەبێتەوە.
لەلوتکەی جی حەوتدا لەشاری لیڤەرپوڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، هەروەها یابان رایانگەیاند، کۆدەنگن دژی روسیاو هۆشدارییاندا کە «روسیا رووبەڕووی لێکەوتەیەکی گەورەو باجێکی قورس دەبێتەوە» ئەگەر ئۆپراسیۆن دژی ئۆکرانیا ئەنجام بدات.
هاوکات جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هەمان هەڵوێستی نواندو رایگەیاند بە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیای وتووە کە دەرئەنجامەکانی هێرش بۆ سەر ئۆکرانیا وێرانکەر دەبن بۆ سەر وڵاتەکەی.
لەلایەکی ترەوە سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، هۆشداریدا لە رووبەڕووبوونەی چەکداری ئەگەر رێکخراوی ناتۆو ئەمریکا گرەنتی نەدەن بە روسیا لەپاراستنی سنورەکەیان و ئەنجامنەدانی پاوانخوازی.
پێشتر ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، داوایکردبوو ئەمریکاو ناتۆ چیتر لە ئۆکرانیاوە مەشقە سەربازییەکانیان نەکەن و چەک و موشەک لەسنوری وڵاتەکە جێگیر نەکەن کەمۆسکۆ بە فراوانخوازی و مەترسی دادەنێت لەسەر رۆژئاوای سنورەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا.
روسیا دەڵێت بەنیازی هێرش نییە بۆ سەر ئۆکرانیاو کیڤ بەوە تۆمەتبار دەکات کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی لەناوچە سنورییەکاندا جێگیر کردووە.
سزادانی روسیا
لەئێستادا یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکاو بەریتانیا تاووتوێی ئەوە دەکەن چۆن و بەچ شێوەیەک سزای روسیا بدەن، ئەمەش تەنها لەحاڵەتێکدا ئەگەر روسیا بەکرداری هێرش بۆ سەر ئۆکرانیا ئەنجام بدات.
جۆزێپ بۆڕڵ، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکاو بەریتانیا پلانی سزادانی روسیا دادەنێن لەئەگەری هێرشی سەربازی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا.
لەکاتی گەیشتنی بۆ برۆکسڵ و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، جۆزێپ بۆڕڵ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، «ئێمە لەگەڵ ئەمریکاو بەریتانیا لە لێکۆڵینەوەو وردبوونەوەداین لەسەر ئەوەی چ جۆرە سزایەک و کەی و چۆن سزاکان» بسەپێنین بەسەر روسیادا.
بۆڕڵ وتیشی، ئەم کارەیان ناردنی ئاماژەیەکی روونە بۆ روسیا کە هەر دوژمنکارییەک دژی ئۆکرانیا باجێکی گەورەی دەبێت بۆ روسیا.
دوای داگیرکردنی ناوچەی کریمیای ئۆکرانیا لەساڵی ٢٠١٤، یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکا کۆمەڵێک سزای ئابورییان بەسەر روسیا سەپاند کە کەرتەکانی بەرگری و وزەو سیستەمی بانکی وڵاتەکەی گرتەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز، دیپلۆماتکارانی یەکێتی ئەوروپا لە گفتوگۆکانیاندا تیشک دەخەنەسەر زیادکردنێکی لەسەرخۆی چەند سزایەک هەر لەقەدەغەی گەشت و بلۆککردنی موڵکی بەرپرسانی روسی تا بلۆککردنی پەوەیدنییە دارایی و بانکییەکان لەگەڵ روسیا.
یەکێکی تر لەبژاردەکان بۆری غازی نۆرد ستریم دووە لەنێوان روسیا و ئەڵمانیا لەگەڵ بەئامانجگرتنی زیاتری کۆمپانیاکانی وزەو بەرگری روسیا و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی غازی سروشتی لەگەڵ روسیا.
لەئەگەری روودانی جەنگدا ئەڤدیڤکا یەکەم ناوچە دەبێت کە شەڕی تێدا بەتەقێتەوە، چونکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە و جوداخوازەکانی نزیک لە روسیا بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەیان بەدەستەوەیە.
ئیڤان سکوراتۆڤسکی کە ئەفسەرێکی ئۆکرانیایە لە ئەڤدیڤکا بە ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی راگەیاندووە کە ئەگەر جەنگ لە ئەڤدیڤکا تەقییەوە ئەوا رەنگە سەربکیشێت بۆ دەرەوەی ئۆکرانیاو جەنگ لە بەشەکانی تری ئەوروپا بگرسێتەوە.
سکوراتۆڤسکی دەشڵێت، «پێموایە پوتین لە ئۆکرانیادا ناوەستێت، ئەگەر ئێمە لێرە نەیوەستێنین ئەوا زیاترهەنگاو دەنێت چونکە مێژوو پێمان دەڵێت سەرکردەی وەک پوتین ناوەستێت هەتا هەموو جیهان نەیوەستێنێت».