ئۆمیکرۆن؛ جڵەوی نرخی نەوتی گرتووە
پێشبینی دەکرا نرخی نەوت بگاتە ١٠٠ دۆلار، بەڵام ئێستا ئۆمیکرۆن ناهێڵێت بگاتە ٨٠ دۆلاریش
3 ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
لەکاتێکدا تەنها چەند مانگێک لەمەوبەر پێشبینی ئەوە دەکرا نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە ١٠٠ دۆلار، بەڵام لەگەڵ هاتنی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو شتێك پێچەوانە بووەوە و نرخی نەوت ماوەی هەنگوینی تێپەڕاندو جارێکی تر نزم بووەوە، ئێستاش شارەزایان و شیکەرەوان دەڵێن ئۆمیکرۆن کاریگەرییەکی جددی نابێت لەسەر خواستی نەوت.
لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا نرخی نەوتی خاو گەیشتە ٨٦ دۆلار بۆ بەرمیلێک و پێشبینی دەکرا تا سەری ساڵی نوێ نرخکەی بگاتە ١٠٠ دۆلار، بەڵام دوای دەستنیشانکردنی ئۆمیکرۆن لە ئەفریقای باشور لە ٢٥ی هەمان مانگدا، نرخی نەوت لەسەدا ١٠٪ دابەزی و دواتریش کەمتر بووەوە بۆ نزیکەی ٦٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەهۆی ئەوەی ترسێکی جیهانی دروست بوو لەوەی خواست لەسەر نەوت کەم ببێتەوە.
بەرزی نرخی نەوت بەجۆرێک بوو کە لە حەوت ساڵی رابردوودا ئەو بەرزبوونەوەیەی بەخۆیەوە نەدیبوو، هەرچەندە ئێستا رێکخراوو کۆمپانیاکانی تایبەت بە وزەو نەوتی خاو دەڵێن نرخی نەوت دەگەڕێتەوە سەر ئەو رێچکەیە و خواست لە ٢٠٢٢دا زیاد دەکات بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت و جیهان لەگەڵ ڤایرۆسەکە رادێت لەگەڵ ئەوەی کە کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە سەروو ٧٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
سروشتی ئۆمیکرۆن و خواستی نەوت
لەنوێترین راپۆرتی پێشبینیدا بۆ زانینی ئاستی خواست، رێکخراوی ئۆپیک رایگەیاند کاریگەری ئۆمیکرۆن وەک ئەوە نابێت کە پێشتر ترسی لەسەر بوو، چونکە تەواوی جیهان ئێستا باشتر لە ڤایرۆسەکە تێگەشتووە و دەتوانێت رووبەڕووی ببێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، « پێشبینی دەکرێت کاریگەری جۆری ئۆمیکرۆن مامناوەندو کورتخایەن بێت لەگەڵ ئەوەی جیهان ئێستا پڕچەکترە بۆ رووبەڕووبونەوەی کۆڤید-١٩ و بەربەستە پەیوەندیدارەکانی».
ئەمە لەکاتێکدایە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کرد ئۆمیکرۆن «مەترسییەکی گەورە» دروست دەکات بۆ جیهان لەگەڵ ئەوەی چەند بەڵگەیەک هەیە لەسەر ئەوەی ڤاکسین لەبەرامبەر ئەم جۆرەدا کەمتر کاریگەرە.
راپۆرتەکەی تەندروستی جیهانی باس لەوەش دەکات، ئۆمیکرۆن نیشانەکانی تووند نین، بەڵام خێراتر لەجۆری پێشووی خۆی کە دەلتایە بڵاودەبێتەوە.
تەنها لەماوەی ٢٠ رۆژدا ئۆمیکرۆن لە ٦٣ وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و چەندین وڵات رێکارەکانی گەشتکردنیان تووندتر کردووەتەوە.
هاوکات دووشەممەی رابردوو یەکەم حاڵەتی مردن بەهۆی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەبەریتانیا تۆمارکرا و بەرپرسانی وڵاتەکەش دەڵێن بەشێوەیەکی خێرا ڤایرۆسەکە لەنێو دانیشتوانی بەریتانیا بڵاودەبێتەوە.
بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند یەکەم حاڵەتی مردن بەهۆی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکراوەو داوای لە هاووڵاتیان کرد کەخۆیان زیاتر بپارێزن.
جۆنسن وتیشی، «بۆیە ئەو قسەیە کە باوەو دەڵێت ئەم جۆرە جۆرێکی سووکتری ڤایرۆسەکەیە دەبێت وەلای بنێین و دان بەوەدا بنێین کە چەندە بەخێرایی ئەم ڤایرۆسە بەناو دانیشتواندا بڵاودەبێتەوە.»
لەوکاتەوەی ئۆمیکرۆن لە ٢٧ی مانگی رابردوودا لە بەریتانیا دەستنیشانکرا، بۆریس جۆنسن رێکارەکانی خۆپارێزی توند کردووەتەوە و ماسک و بەکارهێنانی کارتی ڤاکسینی کردە زۆرەملێ لەشوێنە گشتییەکاندا و داوای کرد ئەو کەسانەی پێویست نییە بچنە دەرەوە لەماڵەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن، جگە لەوەی بەردەوام هاووڵاتیانی بەریتانیا ئاگادار دەکاتەوە کە خۆیان بکوتن و ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن کە دەرکەوتووە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش پێویستە.
هاوکات ساجید جاڤید، وەزیری تەندروستی بەریتانیا، رایگەیاند ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لەئاستێکی گەورەدا لە تەشەنەکردندایە و لەئێستادا لەسەدا ٤٠٪ی تووشبوونەکان لە لەندەن لەو جۆرەن.
بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی شەپۆلی ڤایرۆسەکەی تێدا زۆر بڵاوەو دەزگای تەندروستی پاکژی و دەرمانی بەریتانیاش دوێنێ لە توێژینەوەیەکیدا ئاشکرایکرد کە تا ٣٠ نیسانی ساڵی داهاتوو لەخراپترین سیناریۆدا ٧٥ هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیان لەدەستدەدەن و ٢٥ هەزار کەسیش لە باشترین سیناریۆدا گیان لەدەستدەدەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شارەزایان و ئابوریناسان دەڵین بەهۆی ئەوەی ئێستا مەترسییەکانی ئۆمیکرۆن بە کەم سەیر دەکرێن بازاڕی نەوت بووژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات.
لە راپۆرتەکەی ئۆپیکدا ئەوە هاتووە کە رێکخراوەکە پێشبینی ئەوە دەکات خواستی جیهانی نەوت بگاتە ٩٩ ملیۆن و ١٣٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لەسێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٢دا، ئەمەش یەک ملیۆن و ١١٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاترە لەو پێشبینییەی رێکخراوەکە مانگی رابردوو کردبووی.
بەپێی راپۆرتەکە، خواستنی جیهانی لە ٢٠٢٢دا چوار ملیۆن و ١٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانە زیاد دەکات و چاوەڕێ دەکرێت بەکارهێنانی تەواوی جیهان ١٠٠ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تێپەڕێنێت تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی پێش کۆڤید کاتێك لە ٢٠١٩دا بەکارهێنانی نەوت لە جیهاندا ١٠٠ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تێپەڕاند.
کاریگەری ئۆمیکرۆن لەسەر بازاڕی نەوت
سوهەیل ئەلمزویی، وەزیری وزەی ئیمارات، لەکۆنفرانسێکدا لە دوبەی رایگەیاند بازاڕی جیهانی نەوت «لەدۆخێکی باشدایە» و «ئێمە دڵنیاین» بازاڕی نەوت لەسەر رێچکەیەکی باشی خستنەڕوودا دەبێت لە سێ مانگی سەرەتای ٢٠٢٢دا.
لەلایەکی ترەوە، ناتاشا کانێڤا، بەرپرسی توێژینەوە و ستراتیجی بانکی جەی پی مۆرگانی ئەمریکی، بەتۆڕی میدیای بلومبێرگی راگەیاند کە ئۆمیکرۆن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خواستی نەوت نابێت و خواست لە چەند وڵاتێک روو لەهەڵکشانە.
«ئێمە هیچ کاریگەرییەکی ئۆمیکرۆن نابینین لەسەر خواستی نەوت، لەئێستادا جموجوڵی جیهانی لە هەڵکشاندایە وەک بەڕازیل و هدنستان و چین هەرچەندە بەهۆی کەرەنتینەوە لە ئەوروپا ئەو جموجوڵە نییە، بۆیە پێموایە کاریگەری ئۆمیکرۆن کورتخایەن دەبێت و هەتا جیهان بتوانێت لەگەڵ کۆڤیددا هەڵبکات کەریگەری بچوکترو بچوکتر دەبینین لەسەر خواست»، کانێڤا وای وت.
بڕیارە ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی کۆبوونەوەکانیان لە ٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ دەستپێبکات لەسەر خستنەڕووی نەوت. مانگی رابردوو وڵاتانی ئۆپیک رێککەوتن لەسەر ئەوەی لەسەر پلانەکانیان بمێننەوە بۆ خستنەڕووی نەوت.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، پێشتر رایگەیاندبوو، چاوەڕێ دەکات وڵاتانی ئۆپیک لەسەر سیاسەتەکانی خۆیان بمێننەوە کە زیادکرنی بەرهەمهێنانە بەشێوەیەکی لەسەرخۆ بۆ هەر مانگێک بەبڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە.
کاردانەوەی بازاڕی نەوتیش بەرامبەر راگەیاندراوەکەی ئەمریکا کەم بوو دوای ئەوەی لەهەیینی رابردوودا وەزارەتی وزەی ئەمریکا ئاشکرایکرد ١٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی یەدەگ دەخاتە بازاڕەوە لە ١٧ی ئەم مانگەدا وەک بەشێک لەپلانی کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لەوڵاتەکەدا.
مانگی رابردوو ئیدارەی بایدن رایگەیاند کە ٥٠ ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی خاو دەخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە بۆ راگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. هەنگاوەکەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە واشنتن چەندین جار داوای لەوڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک کرد خستنەڕووی نەوتی خاو زیاد بکەن بۆ هاوسەنگی نرخەکەی ،بەڵام رەتیانکردەوەو رایانگەیاند پابەند دەبن بە سیاسەتەکانی خۆیانەوە کە بەرهەمهێنانی ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.
«بازاڕی نەوت رووبەڕووی خستنەڕووی زیادە دەبێتەوە لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٢... بۆیە ئێمە پێشبینی دەکەین نرخی نەوت لەچەند هەفتەی دهاتوودا کشانەوە بەخۆیەوە ببینێت»، کارستین فریچ، شیکەرەوە لە بانکی کۆمێرزی ئەڵمانی ئەمەی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز وت