بۆ راگرتنی بۆردومانەكانی توركیا ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری داوای یەكدەنگی ئێزیدییەكان دەكا

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز 

دوای بۆردومانەكەی ئەم دواییەی توركیا بۆ سەر ناحیەی سنونێ لەقەزای شەنگال، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری بۆ یەكدەنگی ئێزیدییەكان دوو رۆژ دەوامیان راگرت تا حكومەتی عێراقی بێتە دەنگ و بەفشارەكانیان بۆردومانەكان رابگیرێت.

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لەنووسراوێكدا بۆ فەرمانگە و رێكخراوەكانی سنوری قەزای شەنگال، رۆژی یەكشەممەی رابردوو فەرمان دەكات بەڕاگرتنی دەوام، دوای دوو رۆژ بڕیارەكەیان هەڵوەشاندەوە.

 فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت " لەگەڵ راگرتنی دەوام نەبووم، چونكە فەرمانگەی حكومی بەبێ‌ جیاوازی خزمەت بەهەموو چین و تووێژێكی كۆمەڵگی دەكات، رۆژێك تا دووان دۆخی ناوچەكە باش نەبوو ئەوەش بەهۆی ئەو شەڕو ئاڵوزیەی نێوان خەڵكی سڤیل و لەشكری عێراق، بەڵام ئێستا دۆخەكە زۆر ئارام و  جێگیرە ".

فەهد حامد وتیشی:"تێناگەم كەی حكومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی بۆردوومانكردنی توركیا بۆ سەر شەنگال ئاشكرا دەكات، لەكاتێكدا ئەوان باس لەسەروەری عێراق دەكەن كەچی توركیا بە ئارەزووی خۆی ناوچەكانمان بۆردومان دەكات، خەڵك تا كەی چاوەڕێی عێراق بكات تا هەڵوێست لەدژی توركیا وەربگرێت، دڵی دەیان دایك و باوك سووتاوە، منداڵیان بێ‌ باوك هێشتەوە".

"موئامەرە لەسەر شەنگال بەردەوامە، هەر جارێك بەناوێك و شتێك كێشە بۆ خەڵك دروست دەكەن، وەكو ئەوەی رێككەوتنی بەغداو هەولێر كە بۆ زانیاری هەموو لایەك لەدوای رێككەوتنەكە رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان زۆر كەمبووەتەوە، لەجیاتی ئەوەی خزمەت بەخەڵك بكەن دژایەتییان دەكەن" فەهد حامد وادەڵێت.

هەروەها خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لەشەنگال لەلێدوانێكدا  بەهاوڵاتی وت: "12ی كانونی یەكەم بڕیاری راگرتنی دەواممان دەركرد، ئەوەش لەپێناو ئەوەی یەكدەنگی و یەكڕیزی ئێزیدییەكان و تەواوی خەڵكی شەنگال دروست بكەین لەبەرامبەر بێ‌هەڵوێستی حكومەتی عێراق لەسەر بەردەوامی بۆردومانكردنی شەنگال لەلایەن توركیاوە".

ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كەهەرگیز نایانەوێت كێشە بۆ خەڵك دروست بكەن یان دەوامی خەڵك بوەستێنین، وتیشی:" خۆپیشاندانمان كرد ئەنجامی نەبوو، وتمان با ئەو كارە بكەین تا چارەسەرێكی بنەڕەتی و ریشەیی بۆ پرسی بۆردومانكردن بدۆزینەوە ".

خودێدا ئەلیاس وتیشی: "دوای ئەو گرژیی و شەڕەی نێوان خەڵكی سڤیل و لەشكری عێراق دروستبوو، بەرپرسانی ئێمە قسەیان لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە، هێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، دوێنێ 14ی كانونی یەكەم نووسراوێكمان ئاراستەی هەموو فەرمانگەو رێكخراوەكان كردووە كە دەست بەدەوامی خۆتان بكەنەوە".

جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئاوارەكان دەڵێت ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال مافی ئەوەیان نییە دەوام رابگرن.

عەلی گەعبۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئاوارەكان و رێكخراوەكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "هەر لەكاتی دەرچوونی بڕیارەكەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری، داوامان لەدەزگا ئەمنیەكان كرد هێز لەبەردەم فەرمانگەكان جێگیر بكەن تا هیچ كەس و لایەنێك نەتوانێت دەوامی فەرمانگەكان رابگرێت".

عەلی گەعبۆ ئەوەشی روونكردەوە كەهەموو فەرمانگە حكومییەكان بەشێوەیەكی ئاسایی  دەوامی خۆیان دەكەن، ئەگەر بەتەواوی دڵنیابوونەوە لەدۆخی ئەمنی شارەكە ئەوا ئەوكات ئەو هێزەی كە پێشتر لەبەردەم فەرمانگە حكومییەكان جێگیركرابوون، لادەبرێن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار