حكومەت و پەرلەمان؛ جیاوازییەكەیان 170 ملیار دیناری مانگانەیە
حكومەتی هەرێم دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ئەمساڵ دەخاتە دوای پشووی سەری ساڵ
3 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
حكومەتی هەرێم بەپاساوی نەگەڕانەوەی داهات دوو مانگە دابەشكردنی مووچەی سست كردووە، دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 ی 2021 یشی خستە مانگی یەكی 2022 و پەرلەمانتارانیش دەڵێن:» حكومەت و پەرلەمان، جیاوازییەكەیان 170 ملیار دیناری مانگانەیە».
رۆژی سێشەممە 21/12/2021 لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ دانیشتنێك بەڕێوەچوو، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە دانیشتنەكە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «خزمەتگوزاری سزاكانی شارەوانیەكان دراوە بە كەرتی تایبەت، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتریش چەندین سزا كە دەبێت حكومەت ئەنجامی بدات دراوە بەكەرتی تایبەت».
هەروەها لەبارەی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ئەمساڵەوە، عەلی حەمەساڵح وتی:» حكومەت بەهاتنی 200 ملیارەكەی بەغدا لە25ی ئەم مانگەوە دەتوانێت دەست بەدابەشكردنی مووچە بكاتەوە».
هاوكات، كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد تەنها داهاتی كارەبا بۆ یەك مانگ 100 ملیار دینار بووە، وتیشی:» فرۆشتنی نەوت لەشەش مانگی یەكەمی 2021 زیاتر لەچوار ملیار دینار بووە، لەشەش مانگی دووەمیشدا بەپێی راپۆرتەكانی خۆیان مانگانە داهاتی نەوت و ناوخۆ 700 ملیۆن دۆلار بووە».
«بەبێ پارەكەی بەغدا حكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچە بدات و لێشی دەمێنێتەوە»، كاروان گەزنەیی وای وت.
هاوكات، زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەپێی راپۆرتی دارایی كە بەشێكی زانیاریەكان حكومەتی هەرێم پێی داوین مانگ لەدوای مانگ هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە كەمبووەتەوە كۆتاجار 434 هەزار بەرمیل بووە، جگە لەوەش رۆژانە 22 هەزار بەرمیل بۆ پڕكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی تەرخان كراوە».
«حكومەتی هەرێم لەفرۆشتنی نەوتدا هەندێك پێداچوونەوەی كردووە، نزیكەی دوو دۆلار لەهەر بەرمیلێك بۆ فرۆشتنەكەی زیادبووە، واتە جیاوازی فرۆشتنی نەوت كەم بووەتەوە لەگەڵ نەوتی برێنت، پێشتر لەگەڵ برێنت 11 دۆلارو 40 سەنت جیاوازی هەبووە، ئێستا نزیكەی 9 دۆلار جیاوازی هەیە»، زیاد جەبار وا دەڵێت.
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردەوە، كۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم لەمانگی 10ی ئەمساڵ 507 ملیار دینار بووەو بەداهاتی ناوخۆو پارەكەی بەغدا كە دووسەد ملیار دینارە، ترلیۆنێك دینار داهاتی حكومەت بووە.
هەر سەبارەت بەو پرسە عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لەفراكسیۆنی كۆمەڵ بەهاوڵاتی وت: «حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگرە لەوەی چاودێری چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت بكرێت و لەكۆی ترلیۆنێك و 215 ملیار، مانگانە تەنیا 512 ملیار دینار داهات دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی حكومەت».
هەروەها پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ جەختلەوە دەكاتەوە كە داهاتی باجی ناوخۆ لەساڵی 2019 دا مانگانە 51 ملیار دینار بووە، بەڵام لەساڵی 2021 بووە بە 40 ملیار دینار، لەكاتێكدا بەرپرسانی حكومەت دەڵێن باجیان رێكخستووەتەوە بەڵام باج كەمیكردووە، لەكاتێكدا خۆیان دەڵێن زیادیكردووە، هەموو مانگێك لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە زیاتر لە 113 ملیار دینار لەحكومەت زیادبووە، بەڵام نادیارە، وتیشی:»جیاوازی نێوان ئێمەو زانیاریەكانی حكومەت 170 ملیار دیناری مانگانەیە».
پێشتر بەفەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەروە دەكات كە لەمانگێكدا 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەكات، ئێستا كە نرخی نەوت 72 دۆلارە ئەگەر هەر بەرمیلێك نەوت 9 دۆلار كەمتریش بفرۆشن ئەوا لەمانگێكدا دەكاتە سەروو 850 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ئەو 434 هەزار بەرمیلەش هەژمار بكرێت كەسەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان باسی دەكات، مانگانە داهاتی نەوت سەروو 800 ملیۆن دۆلار دەكات.
لەهەرێمی كوردستاندا یەك ملیۆن و 251 هەزارو 451 مووچەخۆر هەن، كە 751 هەزارو 805 كەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین، 242 هەزار و 269 كەسیان خانەنشینن، حكومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، كە ساڵانە 10 ترلیۆن و 740 ملیار دینار دەكات.
راوێژكارێك لەئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم كە نەیویست ناوی بهێنرێت بەهاوڵاتی وت:»داهاتی پێویست لەبەردەستدایە و ئامادەكارییە سەرەتاییەكان بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 12 كراوە».
ئەوەشی روونكردەوە كە بەهۆی راگەیاندنی پشووەوە دابەشكردنی موچە دەكەوێتە رۆژی 2ی كانوونی دووەمی 2022.