وەزارەتی داد بڕیاری وەرگرتنی ڤاكسین بە رێنماییەكی «نەرم» ناودەبات

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم روونكردنەوە لەبارەی گشتاندنێك دەدات كە سەبارەت بەوەرگرتنی ڤاكسین بڵاویانكردووەتەوە، دەشڵێت:» رێوشوێنێكی نەرمەو ناگاتە ئەوەی هیچ فەرمانبەرێك لەكارەكەی دووربخرێتەوە».

لەڕۆژی 15-12-2021 گشتاندنێك لەلایەن وەزارەتی دادی هەرێم بەواژۆی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێم دەرچوو، بەپێی گشتاندنەكە، هەر فەرمانبەرێك لەهەر پلەو پۆستێك بێت ئەگەر تا 1/1/2022،  ڤاكسینی  وەرنەگرتبێت، ناتوانێت پابەندبێت بەدەوامی  فەرمی، هەروەها لەدوای 1/1/2022 ەوە  هیچ هاووڵاتییەك ناتوانێت سەردانی فەرمانگەكان بكات بەمەبەستی راییكردنی مامەڵەكانیان بەبێ وەرگرتنی ڤاكسین.

نەریمان تاڵیب، وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «ئەو رێنماییە كارگێڕییە بە پشتبەستنە بە بەیانێكی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، لیژنەكەش پشتی بەستووە بە یاسای پاراستنی تەندروستی گشتی، بەپێی ئەو دوو یاسایەش ئەگەر یەكێك لەكاتی باری نائاساییدا، یاخود هەر پەتایەك كە بكوژە، رێنماییە تەندروستییەكان نەگرێتەبەر ئەو كەسە سزا دەدرێت».

هەروەها وتیشی:» سزاكە بەپێی یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتە، سزاكەش ئەوەیە كە ئاگادار دەكرێتەوە یاخود سەرنجی رادەكێشرێت یاخود غیابدانیەتی، ناگاتە هەڵوەشاندنەوەی راژەی فەرمانبەرەكەو پەیوەندی بە بەڕێوەبەری فەرمانگەكەوە هەیە».

وتەبێژی وەزارەتی داد ئەوەشی دووپاتكردەوە كە» لەهەموو حاڵەتێكدا رێنماییەكی نەرمەو تەنیا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، نەرمیش دەنوێنرێت كە هاووڵاتیەك بۆی نەكراوە ڤاكسین وەربگرێت، مانای وانییە لەفەرمانگەكە كاری بۆ ناكرێت، بەڵام هاندەدرێت ڤاكسین وەربگرێت».

هاوكات، ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ ئەو رێنماییەی وەزارەتی داد، وەزارەتی تەندروستی ئەركی ئەوە دەبێت ڤاكسین بۆ هەر فەرمانگەیەك دابین بكات و هاوكاریان بێت لەوەی هەموو فەرمانبەران ڤاكسین وەربگرن».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار