بەدەل بەرواری بۆ هاوڵاتی: فەسڵ نەكراوم و چاوەڕێی بڕیاری حكومەتی هەرێم دەكەم

بەدەل بەرواری و دوو مامۆستاو ئەندازیارێك چاوەڕێی بریاری حكومەتن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر كارەكانیان

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

گیراوانی بادینان لەدوای ئازادبوونیشیان سزادران، مامۆستا بەدەل بەرواری لەگەڵ دوو مامۆستای ترو ئەندازیارێك، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك نووسراوێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە ئایا دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان یان فەسڵ دەكرێن.

بەدەل بەرواری، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «ئەمە ئیجرائاتی یاسایی هەموو وەزارەتێكە، ئەگەر فەرمانبەرێك دەستگیركرا و حوكمدرا دوای ئەوە ( سحب الید )بۆی دەكرێت،  ئێمە چوار كەسین ئەندازیارێك لەگەڵ سێ مامۆستا لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك، دوای دەرچوونی حوكمی ئێمە كە حوكمدراین بۆماوەی یەك ساڵ ، بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك بەئێمەیان وت ئەگەر بگەڕێنەوە دەبێت ( سحب الید ) بكەن، ناچاربووین (سحب الید) مان كرد ، دوای  ئەوە نووسراوەكەی ئێمە رەوانەی بەشی یاسایی لەوەزارەتی پەروەردە كردووە «.

«لەسەر دۆسیەكەی هەرسێ مامۆستاکە وەزارەتی پەروەردە نووسراوێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، هێشتا ئێمە فەسڵ نەكراوین چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین كە ئایا دەگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان یان بەیەكجاری لادەدرێن، بەپێی یاساش نابێت ئێمە فەسڵ بكرێین، هەر كاتی دەستگیركردنمان تائێستا تەنیا مووچەی بنەڕەتیمان وەرگرتووە» بەدەل بەرواری وا دەڵێت.

بەرواری ئەوەشی خستەڕوو كە ماوەی 28 ساڵە خزمەتی مامۆستایی كردووەو وتیشی:» بەپێی زانیاریەكانم لەكۆتایی ئەم هەفتەیە چارەنووسی ئێمە دیار دەبێت، بەڵام دۆسیەكەی ئێمە سیاسییە و نابێت بەیەكجاری فەسڵ بكرێین، ئەگەر ئێمە فەسڵ بكرێین ئەوا بێدەنگ نابین و هەڵوێستمان دەبێت و كۆمەڵگای دەرەوە ئاگاداردەكەینەوە».

عەبدولستار مەجید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلیژنەی پەروەردە لەلێدوانێكدا  بەهاوڵاتی وت: « ئێمە وەكو فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری هەر لەسەرەتاوە دەستگیركردن و زیندانكردنیان بەستەم دادەنێین و هیچ تاوان و تۆمەتێكیان لەسەر نەبووە ، لەهەمانكاتدا دوای ئازادبوونیشیان لەپیشەكانیان كە مامۆستا بوون دوورخراونەتەوە، هەرئەوەش نا، بەڵكو پێنج ساڵیش خراونەتە ژێر چاودێری وردی دەزگا ئەمنیەكانی دەسەڵات لەو سنورە، بەتایبەت لەهەریەكە لەمامۆستا بەدەل و مامۆستا جەمال».

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی پارێزگای دهۆك دەڵێت ئەوان تەنها رێكارە یاسایی و كارگێڕییەكانیان ئەنجامداوە.

عومەر عەلی، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هەر فەرمانبەرێك دەوام نەكات ئێمە رێكاری یاسایی لە دژی ئەو كەسە دەگرینە بەر، ئەوەی مامۆستا بەدەل عەبدولباقی بەرواری هەمان شتە، زیاتر لەساڵێك دەوامی نەكردو خۆ ناكرێت هیچ رێكارێكی یاسایی لە دژی ئەو نەگرینە بەر».

هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە نووسراوێكیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كردووە چاوەڕێ‌ی ئەوان دەكەن كە ئایا ئەوانەی دەوامیان نەكردووە جارێكی تر دەگەڕێنەوە سەر دەوامی خۆیان یان بەیەكجاری فەسڵ دەكرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار