بەنداوی دوكان 18و دەربەندیخان حەوت سانتیمەتر زیادیان كردووە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رایگەیاند ئاوی بەنداوەكە زیاتر لەحەوت سانتیمەتر بەرز بووەتەوەو لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی لەبەنداوی دوكان دەڵێت:» ئاستی ئاوەكە 18 سانتیمەتر زیاتر زیادی كردووە».
لەماوەی سێ مانگی پایزدا كە پێویستە لەسەدا 15 رێژەی باران بارینی ساڵ ببارێت، بەنداوی دەربەنیخان حەوت سانتیمەترو بەنداویش دوكانیش 18 سانتیمەتر ئاوی گلداوەتەوە، واتە بەكۆی گشتی نیوە كەمتری ئاوی پایزی گلداوەتەوە.
پسپۆران بەپێی وەرزەكان رێژەی بارانبارینیان دیاریكرودووە، بەو پێیە لەسەدا 15 باران بارین بۆ وەرزی پایز دانراوەو لەسەدا 35ی بۆ وەرزی بەهارو لەسەدا 50ی بۆ وەرزی زستانە.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»ئاستی ئاوی دەربەندیخان لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا حەوت سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا لە ماوەكانی رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوەكە لەنزمبوونەوەدا بووە».
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بەراورد بەساڵی رابردوو ئێستا ئاوی بەنداوەكە حەوت مەترو نیو ئاستی ئاوەكە نزمترەو لەئێستادا بەنداوی دەربەندیخان 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، كە تەنیا 500 ملیۆن مەتری بۆ خواردنەوە دەشێت.
رەحمان خانی پێشبینی ئەوە دەكات هاوشێوەی ساڵی رابردوو وشكەساڵی بێت وەك خۆی دەڵێت خراپتر دەبێت و وتیشی:»ئەمساڵ كە وشكەساڵی بێت بەسەر ساڵێكی وشكدا دێت، بەڵام ئەوەی پێشبینی دەكرا دەوترا ساڵێكی وشك دەبێت لەهەمانكاتدا گۆڕانكاری كەشوهەوا وایكردووە پێشبینیەكان زۆر ناسروشتی روودەدەن لەدەرەوەی پێشبینیەكان رووەدەن وەك لافاوەكانی ئەم ماوەیە».
هاوكات، سەلام نەجم، لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی لەبەنداوی دوكان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لەئێستادا ئاوی بەنداوەكە 18 سانتیمەتر بەرزبۆتەوە، واتە زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە».
هەروەها، وتیشی:» بەراورد بەساڵی رابردوو شەش مەتر ئاستی ئاوەكە كەمترەو لەئێستا یەك ملیار مەتر سێجا ئاوی لەساڵی رابردوو كەمترە».
رێژەی بارانبارین لەدوكان لەئەمساڵدا 114 ملم بووە، لەكاتێكدا لەدەربەنیخان 2.6 ملم باران باریوە. بەگشتی لەسنوری پارێزگای سلێمانی 30ملم باران باریوە كە زۆربەی رێژەی لەگوندی یاخسەمەر بووە 142.8ملم بووە.