راپۆرتی رێكخراوێكی مەدەنی پەرلەمانتاران دەهەژێنێت
سەرۆكی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتارانی كوردستان: گوێ بەڕاپۆرتەكە مەدەن
3 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
راپۆرتی رێكخراوێكی مەدەنی لەسەر ئەدای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان زانیاری سەرنجڕاكێشی تێدایە كە 22% ی ئەندامانی پەرلەمان پسپۆڕییان لەیاسادا هەیە، بەڵام یاساكانی كوالێتییان لاواز بووەو زۆرترینیان كەمترین قسەیان كردووەو دوو پەرلەمانتاریش بەهیچ شێوەیەك لەماوەی ساڵێكدا قسەیان نەكردووە.
ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، راپۆرتێكی تایبەت بەهەڵسەنگاندنی ساڵێكی كارەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی نێوان یەكی ئازاری 2020 بۆ 28ی شوبانی 2021 بڵاوكردەوە.
یەكەم راپۆرتی ئەو رێكخراوە لەسەرەتای ساڵی 2014 بڵاوبووەوە، لەسەر خولی چوارەمی پەرلەمان 13 راپۆرتی بڵاوكردووەتەوە، لەسەر خولی پێنجەمیش ئەمە حەوتەم راپۆرتە واتە كۆی گشتی 20 راپۆرتی لەبارەی پەرلەمان بڵاوكردووەتەوە.
راپۆرتەكە لەلایەن هەریەك لەسەروەر عەبدولڕەحمان وەك سەرپەرشتیارو حەوت كەسی دیكە لە ئینیستیتوتی پەی ئامادەكراوە.
ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەتشرینی دووەمی 2013 لەفەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە.
پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەخولی چواری پەرلەمانەوە دەستیپێكردووە، ئەویش بەهاوكاری سندووقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (نید) ی ئەمریكی.
لە راپۆرتی ئەمجارەی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەسەر پوختەی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان هاتووە:» لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنیا 61 كاتژمێر كۆبووەتەوەو تەنها چوار پرۆژە یاساشی پەسەندكردووە، لەو ماوەیەدا، ژمارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نۆ دانیشتن بووەو ژمارەی كۆبوونەوەی دواخراو چوار دانیشتن بووەو لەو 19 كۆبوونەوەیەش ژمارەی بڕگەكانی كار 45 برگە بووەو ژمارەی بڕگەی كارجێبەجێكراو 39و ژمارەی بڕگەی كارو جێبەجێنەكراو هەشت بووە.
هەروەها راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی یەك ساڵدا پەرلەمان داوای لە 14 ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران كردووە لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن، كە بریتی بوون لەسەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری دارایی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، تەندروستی، بەڵام پێنج وەزیری دیكە ئامادەنەبوون.
لەبارەی ژمارەی كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، بەپێی راپۆرتەكە لیژنەكان 204 كۆبوونەوەیان كردووەو ژمارەی راپۆرتی لیژنەكان لەسەر پرۆژە یاسا نووسراو چوار راپۆرت بووەو ژمارەی راپۆرتی لیژنەكانیش لەسەر پرۆژە یاساكان، كە پێویست بوو بنوسرێت و نەنووسراوە 15 بووە.
بەپێی راپۆرتەكە، ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بەراورد بەهەموو خولەكانی دیكەی پەرلەمان خراپترین خول بووە، خول لەدوای خول پەرلەمان لاوازتربووە بەوەی لایەنە سیاسییەكان كەمترین كەسانی بڕیار بەدەست دەنێرن بۆ پەرلەمان.
لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە یاساكانی پەرلەمان جێبەجێ ناكرێن و گوێ بەبڕیارەكانی نادرێت، لەپرسە نیشتیمانی و چارەنووسسازەكاندا كەمترین جێدەستی دیارە، هیچ كات لایەنە سیاسییەكان بۆ پرس و را بۆ لای پەرلەمان نەگەڕاونەتەوە.
لەكاتێكدا پەرلەمانی كوردستان بەپێی راپۆرتەكە كوالێتی ئەو یاسایانەی دەریكردوون لاوازە، بەڵام 22%ی ئەندامانی پەرلەمان پسپۆڕییان لەیاسادا هەیە، دوای ئەو پسپۆڕییەش راگەیاندن دێت دواتر پسپۆڕیەكانی دیكە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە 92 ئەندامی پەرلەمان لەم خولەدا ئیمەیلیان نییە كە رێژەكەی دەگاتە 84% لەبەرامبەردا 17 ئەندام ئیمەیلیان لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە كە ئەویش 15%ی ئەندامانی پەرلەمان دەكات، 76 پەرلەمانتاریش تۆڕی كۆمەڵایەتییان لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمان تۆمارنەكراوە.
عەلی حەمەساڵح بەپێی راپۆرتەكە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە كە 91 هەزارو 934 دەنگە، هیمداد سەباح بیلالیش لەنەتەوەی توركمان كەمترین دەنگی هێناوە كە 138 دەنگە، بەهۆی ئەوەش كە حزبەكان كەسێكیان كاندید كردووە بۆ دەنگ كۆكردنەوەو پاشان نەچووەتە پەرلەمان ژمارەی دەنگی قەوارە سەركەوتووەكانی پەرلەمان لەم خولەدا ملیۆنێك و 557 هەزار و 453 دەنگە بەڵام ژمارەی دەنگی ئەوانەی لەپەرلەمانن 738 هەزار و 721 دەنگەو جیاوازیەكە 818 هەزارو 732 دەنگە.
لەكۆی 19 كۆبوونەوەی پەرلەمان لەماوەی ئەو ساڵەدا چوار پەرلەمانتار زۆرترین جار ئامادەنەبوونیان لەدانیشتنەكانی پەرلەمان تۆماركراوە كە شەش جار بووە، بەشێوەیەك 33%ی ئەندامانی پەرلەمان لەو ماوەیەدا ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نەبوونە، تەنها 28% ئامادەی سەرجەم كۆبوونەوەكان بوون، هەردوو پەرلەمانتار بەختیار شوكری سلێمان لەفراكسیۆنی پارتی و هەژان حەسەن لەفراكسیۆنی یەكێتی لەهیچ دانیشتنێكی ئەو ساڵەدا قسەیان نەكردووە.
هاوڵاتی چەندین جار پەیوەندی بەهەریەك لەو دوو پەرلەمانتارەوە كرد بۆ ئەوەی لەسەر راپۆرتەكە قسە بكەن، بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر راپۆرتەكەش قسە بكەن.
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت :»ئامانجی ئێمە وەكو رێكخراوێكی مەدەنی دروستكردنی فشارە بۆ سەر پەرلەمان كە دامەزراوەیەكی گرنگە تا بەئەركەكانی خۆی هەڵبستێت، بەپێی یاسا ئەو دامەزراوەیە دەبێت رێزی لێبنرێت نەوەك بێبایەخ بكرێت».
هەروەها پێشیوابوو كە پەرلەمان تاكە دەزگایە هەموو خەڵكی كوردستان كۆبكاتەوە، «دەمانەوێت لەسەر ئەدای ئەندام پەرلەمانەكان یەكەم راپۆرتە بڵاوببێتەوە، مەبەستمان ئەوەیە بە دەنگدەری كوردستان بڵێین ئەو پەرلەمانتارەی هەڵتان بژاردووە تاچەند لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بووە، چونكە بەپێی پەیڕەو پەرلەمانتار ژمارەیەك ئەركی لەسەرە، مانای نییە پەرلەمانتار قسە نەكات، بەڵام مەرجیش نییە هەر پەرلەمانتارێك قسە نەكات ئەدای باش نەبێت، بەڵام ناكرێت قسەش نەكات و لەلیژنەكان ئامادە نەبێت».
راپۆرتەكەی ئینستیتیوتی پەی بەكوردی و ئینگلیزی و عەرەبی بڵاودەكرێتەوە بۆ سەرجەم پەرلەمانتاران و حزبەكان و كونسوڵخانەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی دەنێرن بۆ دروستكردنی فشاری مەدەنی.
هاوكات، سەروەر عەبدولڕەحمان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «ژمارەیەك پەرلەمانتار تەلەفۆنیان بۆ كردووم و گلەییان كردووە لەوەی زیاتر قسەیان كردووە، بەڵام ئێمە لەداتاكانی خۆمان دڵنیاین».
لەبەرامبەر ئەو راپۆرتەدا، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: «رێكخراوێك كە من نامەوێت ناوی بهێنم ئەمە چەندەمین راپۆرتیەتی، ئێمە زۆر گوێمان پێنەدەدا، ئێستا تێگەیشتن لەو راپۆرتەدا ئینساف بوونی نییە».
وتیشی: «پەرلەمانتار هەیە لەیەك پرۆژە یاسا 22 جار قسەی كردووە، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە زۆر كەمتر لەوە قسەی كردووە، پێوانەكردنی پەرلەمانتار لەسەر بنەمای قسە نابێت، هەریەك لەلیژنەكانی پەرلەمان دەیان كاتژمێر قسەیان كردووە، هەر لەبەرئەوەی كامێرای لێ نەبووە هەڵنەسەنگێندراوە، بۆیە داواتان لێدەكەم لەكارەكانی خۆتان بەردەوام بن بێ ئەوەی گوێ بدەن بەو راپۆرتە».