پەکەکە خۆی لەلیستی شمشێرە دوو سەرەکەی تیرۆر رزگار دەکات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پەکەکە لەو کاتەوە خراوەتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکا گەورەترین گورزەکانی لە رووی یاسایی و سیاسی و دارایی و  راگەیاندن و رێکخراوەییەوە لێدراوە. هەر ئەو لیستە وایکردووە نەک تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوایی، بەڵکو بەشێک لە هێزە کوردییەکانیش بە پاساوی تیرۆر دژایەتیی پەکەکە بکەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ داگیرکەران بەتایبەتی تورکیادا بکەن.

بەهۆی لیستی تیرۆرەوە ٧ کەناڵی ئاسمانیی نزیک لە پەکەکەو ژمارەیەک رۆژنامەو گۆڤار لە ئەوروپا داخراون. تەنانەت بەهۆی ئەو لیستەوە حەلیم دەنەری لایەنگری مەدەنیی پەکەکە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە تەقەی لێکراوەو کوژراوە. ژمارەیەکی زۆر لە ناوەند و رێکخراوەکانی پەکەکە، یان نزیک لە پەکەکە داخراون. لایەنگران و ئەندامانی پەکەکە بۆ خۆپاراستن لەداخستن و گرتن بە بەردەوامی کەناڵ و رێکخراوی نوێ دروستدەکەن و بەفۆرم و شێوەی تر درێژە بەکارەکانیان دەدەن.

 تورکیا بە پاساوی تیرۆر هەموو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوخۆی تورکیا، باکووری کوردستان،  رۆژئاواو باشووری کوردستان لەدژی پەکەکە ئەنجام دەدات. هەر بەو پاساوە بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە باشووری کوردستانی داگیرکردووە و دەیان بنکە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری لەو بەشانەی کوردستاندا دروستکردووە. تورکیا بەپاساوی تیرۆر ٧ حزبی کوردی لەباکوری کوردستان داخستووەو هاوسەرۆک شارەوانیەکان، پەرلەمانتاران و چالاکوانان زیندانی دەکات. رێکخراوە جۆراوجۆرەکان مەدەنییەکان، کەناڵەکان و رۆژنامەکانی کورد دادەخات.

جگە لەوانە بەهۆی لیستی تیرۆرەوە پەکەکە دونیای دیجیتاڵ میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ قەدەغەیە و بەخێرایی پەیج و ئەکاونتەکانیان دادەخرێت. هەوڵێکی زۆر چڕ هەیە بۆ ئەوەی پەکەکە لە زمانی پەکەکەوە نەناسرێت، بەڵکو لەزمانی کەسانی تر، کە زۆربەیان نەیاری پەکەکەن، کار بۆ ناساندن و پێناسەو وێناکردنی پەکەکە دەکرێت، بەڵام لەو دونیا بەرفراوانەی دیجیتاڵ میدیادا رێگا نادرێت پەکەکە خۆی خۆی بناسێنێت. هەر ئەوەندەی سەکۆیەک و ئەژمارێک دەکەنەوە و ژمارەیەک کەسی لە دەور کۆدەبێتەوە بەخێرایی دادەخرێت، بەڵام ئەوانەی لە دژی پەکەکە بابەت دەنووسن، رێکخراوەکانیان، ئەژمارەکانیان و دونیای دیجیتاڵ میدیا بە روویاندا کراوەیە.

ئەو لیستە بووەتە گەورەترین پاساو بۆ رێگریکردن لە کارەکانی پەکەکە لەزۆربەی هەرە زۆری وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام دیوی پشت ئەو لیستە چییەو چی دەگوزرێت. پەکەکە و دۆستەکانی چییان کردووە بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستانەدا.

چیرۆکی لیستی تیرۆر بۆ پەکەکە

یەکەم قەدەغەکاریی فەرمی لە دژی پەکەکە لەوڵاتانی رۆژئاوادا لەلایەن ئەڵمانیاوە پەیڕەو کرا. ئەڵمانیا لە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لەساڵی ١٩٩٣دا پەکەکەی خستە لیستی رێکخراوە قەدەغەکانەوە. ئەمریکاش لەساڵی ١٩٩٧ پەکەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە. لە دوای هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی نیویۆرک لە ١١ی سێپتەمەری ٢٠٠١دا لیستی نوێی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە دروستکران. سەرەتا پەکەکە لە هیچ یەک لەو لیستانەدا نەبوو، بەڵام دواتر لەسەر گوشار و داوای تورکیا پەکەکە خرایە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکاوە.

تورکیا بۆ دانانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ٧٠ ئارگۆمێنتی پێشکەشی ناتۆو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەشێکی زۆر لەو ئارگۆمێنتانەی تورکیا خودی تورکیاو ئەڵمانیا و بەشێک لەوڵاتان و کۆمپانیاکانیشی پێ سزادران.

دۆسیەی دوسلدۆرف

یەکێک لەو ئارگۆمێنتانە رووداوە ناوخۆییەکانی رێکخستنەکانی پەکەکە بوون لە دوسلدۆرف، کە بە کەیسی دوسلدۆرف دەناسرێن. لەو کەیسەدا ئەڵمانیا بڕیاری گرتنی بۆ دوران کاڵکان و عەبدوڵا ئۆجالان دەرکرد. دوران کاڵکان لەسەر ئەو بڕیارە لە ئەڵمانیان گیرا و بەهۆی ئەوەی ئۆجالان لە بوقاع بوو ئەڵمانیا نەیتوانی بیگرێت. کاڵکان ماوەی ٦ ساڵ لەئەڵمانیا زیندانیکرا. دوای ئەوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ لەئازادکردنی کاڵکان و رەخسانی دۆخی ئەوەی، کە پەکەکە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، کاڵکان لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە دۆسیەکەی خۆی بردە دادگای مافی مرۆڤی ئەڵمانیاو لەسەر ئەو دۆسیە ئەڵمانیا مەحکوم کراو بەوەش هۆکارو پاساوەکانی بڕیارەکە بۆ دەستگیرکردنی ئۆجالان و کاڵکان بە عەمەلی پووچ بوونەوە.

دۆسیەی پاڵمە

دۆسیەکی تری گرنگ، کە پەکەکەی زۆر پێ تۆمەتبار دەکراو کرابووە یەکێک لە ئارگۆمێنتە گەورەو بەهێزەکان بۆ ئەوەی پەکەکەی پێ بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، تیرۆرکردنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید بوو لە ساڵی ١٩٨٦ دا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید. راگەیاندنەکانی تورکیاو ئەڵمانیا و سوید زۆر بەخێرایی بە چەندین هەواڵ و راپۆرت پەکەکەیان کردە بەرپرسیاری تیرۆرکردنی پاڵمە. لەسەر داوای پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ) داوا لە پۆلیسی ئەڵمانیا کرا وێنەی ئەو کەسە بکێشنەوەو بڵاوی بکەنەوە کە پاڵمەی کوشتوە، ئەوانیش وێنەی کەسێکی قژ رەش و ئەسمەر، کە هاوشێوەی کەسێکی کورد بوو کێشا و وتیان، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان ئەوە بکوژەکەی پاڵمەیە و پەکەکەیە. لە سوید لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە ٣٠٠ کورد کرا. تەنانەت ٧٠ کەسی کوردو رێکخراو و حزبی کورد لە سوید لەو کاتەدا پەکەکەیان ئیدانە کرد. لەو نێوەندەدا کەس گوێ لە راگەیاندراوەکەی پەکەکە نەگرت، کە رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندییان بە تیرۆری پاڵمەوە نییە. جگە لەوەش هاوسەرەکەی پاڵمە، کە کاتی تیرۆرەکە لەگەڵیدا بوو چەند جارێک وتبوی ئەوەی پاڵمەی کوشتوە، کەسێکە سەروچاوی لە ئەوروپی و ئەسکاندیناڤی دەچوو، بەڵام دەسەڵاتەکانی سوید، ئەڵمانیا و ناتۆ گوێیان لە قسانە نەگرت و هاوسەرەکەی پاڵمە لە دوای ئەو لێدوانانە بە تەواوی گۆشەگیری و بێدەنگیی هەڵبژارد، یان بێدەنگ کرا، بەڵام دوای ٣٤ ساڵ داواکاری گشتیی سوید رایگەیاند، بکوژی پاڵمە کەسێکە بە ناوی ستیگ ئێنگسترۆم-ەوە کوژراوە. بەوەش تۆمەتی تیرۆری پاڵمە بەسەر پەکەکەوە نەما، بەڵام ئەو چالاکوان و هاووڵاتییە کوردانەی لە سوید راستەوخۆ بوونەتە قوربانی و ساڵەهای ساڵە نەیانتوانی لەگەڕەکەکەی زیاتر بۆ هیچ شوێنێک بڕۆن لەگەڵ چالاکوان و پەکەکە داوا دەکەن، سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و پەکەکەش لەلیستی تیرۆر دەربهێنێت.

دادگاکانی بەلجیکا

لە دوای داخستنی کەناڵی ئەسمانیی رۆژ تیڤی لەسەر داوای تورکیا داوا لە بەلجیکا کرا ٧٠ کەسایەتی و چالاکوان بە تۆمەتی تیرۆرو ئەندامی پەکەکە دەستگیر بکات و رادەستی تورکیایان بکاتەوە، کە ناوەکانی رەمزی کارتاڵ و زوبەیر ئایدار لەو لیستەدا بوو. پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن دەستپێکرد، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی تورکیاو هاوپەیمانەکانی بوو. دادگای بەلجیکا راگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و ئەوەی روویداوە لە چوارچێوەی جەنگی ناوخۆ لە تورکیا روویداوە. ئەوە ململانێیەکی زۆری لێکەوتەوە، لە دادگای بەراییەوە تاوەکو دادگای ویلایەت لە ویلایەتەوە بۆ دادگای باڵا و لە ئەنجامدا دادگای دەستووری بە گشتی لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا هەموو دادگاکانی بەلجیکا رایانگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و داواکەی تورکیای بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانە رەتکردەوە.

دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا و دادگای لوکسەمبۆرگ

لەبەردەوامیی هەوڵەکانی پەکەکە بۆ دەرهێنانی ناوەکەی لەلیستی تیرۆردا، موردا قەرەیلان و دوران کاڵکان بە ناوی پەکەکەوە سکاڵایان لەدژی ئەو بڕیارە و ئەو لیستە تۆمار کردووە و لە رێگەی پارێزەرەکان و ناوەندە یاساییەکانەوە کار بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا دەکەن. یەکێک لەو ناوەندانە پارککەن ئۆلیڤێرای هۆڵەندییە و لە رێگەی ئەو رێکخراوەوە تانەیان لە لیستەکە داوە. لەسەر ئەو تانەیە و دوای ٤ ساڵ لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە لە ساڵی ٢٠١٨دا دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا دانیشتنی خۆی بەڕێوەبردو رایگەیاند، ئارگۆمێنتەکانی بەریتانیاو ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ داوای مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا لاوازن.

هەروەها سکاڵایەکیان لەدادگای لۆکسەمبۆرگ لە دژی لیستی تیرۆرەکە تۆمار کردو لە ئەنجامدا دادگای لوکسەمبۆرگ لەساڵی ٢٠١٧دا رایگەیاند، مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا ناهەقییە.

مەحکومکردنی وڵاتان بۆ داخستنی کەناڵەکانی نزیک لەپەکەکە لە ئەوروپا

جگە لەوانەش لە ئەوروپاو لەسەر داوای تورکیا و بەبڕیاری حکومەتە ئەوروپییەکان و بڕیاری کۆمپانیاکانی مانگی دەستکرد کەناڵەکانی مەد تیڤی، میدیا تیڤی، میدیا خەبر تیڤی، رۆژ تیڤی، میزۆپۆتامیا تیڤی، رۆژنامەی ئۆزگور پولوتیکا و نەورۆز تیڤی داخران، بەڵام لەدوای پرۆسەی بە دواداچوون و تۆمارکردنی سکاڵا داخستنی هەموو ئەو کەناڵانە بە نایاسایی وەسفکراوە و مافی پەخشیان بۆ گەڕاوەتەوە و تەنانەت کۆمپانیای مانگی دەستکردنی یوتێل سات لەسەر داخستنی نەورۆز تیڤی سزای دارایی درا. بەپێی بەڵگەکانی ویکیلیکسیش لە دۆسیەی داخستنی رۆژ تیڤیدا تورکیا بەڵێنی بەسەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی دانیمارک ئاندرێس فو راسموس دابوو،  ئەگەر راسموس کەناڵی رۆژ تیڤی دابخات، تورکیاش پشتیوانی لێدەکات بۆ ئەوەی ببێتە سکرتێری ناتۆو ئەویش لەبەرامبەر داخستنی کەناڵێکی کوردی، کە بەپارەی ئابونە و هاوکاریی کرێکارانی کورد بەڕێوەدەچوو، بووە سکرتێری ناتۆ. لەو دۆسیەیاندا چەندجارێک ئەڵمانیاو وڵاتانی تر مەحکوم کراون. 

کەمپەینەکان و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەلیستەکەدا

پەکەکە جگە لەو هەوڵانە ژمارەیەک کەمپەین و هەوڵی رێکخراوەیی و مەدەنی و جەماوەریی لە ئاستی ئەوروپا جیهان خستووەتەگەڕ تاوەکو ناوخۆی لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. تا ئیستا لە رێگەی پەرلەمانتارانی دۆستی کوردەوە لە پەرلەمانەکانی ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی لەوانە پەرلەمانی بەریتانیاو سوید داواکراوە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.

لەتازەترین هەوڵدا ١٠٠٣ (هەزار و سێ) کەسایەتی و فەیلەسوف و پەرلەمانتارو سیاسی رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دەستپێشخەرییەکیان بە ناوی «دەستپێشخەریی دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد» راگەیاند. ئامانجی دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت.

بەشێک لەو کەسانەی بەشدارن لەو کەمپەینەدا بریتین لە، ئێلفریدە جێلینک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات و خەڵکی نەمسا، فەیلەسووفی سلۆڤینی سلاڤۆی ژیژێک، سەرنوسەرو هونەرمەندی ئەمریکی جانێت بیهل، وتەبێژی پارتی پشتیوانی ئەفغانی سیلای غەفار، پەرلەمانتاری ئیسپانیی پەرلەمانی ئەوروپا میگل ئوربان کریسپۆ، فەیلەسووفی کرواتی سرێچکۆ هۆرڤات، بەڕێوەبەری گشتیی ئینتەرناسیۆنالیستی پێشکەوتووخواز دەیڤد ئاڕ کەی ئەدلەر، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی ئەوروپا و سیناتۆری ئیتالی رۆبێرتۆ رامپی، وەزیری پێشووی ئیتالیا پاولۆ فێرێرۆ، سیناتۆری باسک لە ئیسپانیا گۆرکا ئیلجاباریتا دیاز، پسپۆڕی مافە نێونەتەوەییەکان پرۆفیسۆر نۆرمان پائچ، سەرۆکی کۆمسیۆنی هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا - تورکیا (EUTCC)/ نەرویج پرۆفیسۆر کریان وێستەرهایم، نووسەر و سەرنووسەری فەرەنسی نیلس ئەندەرسۆن، ئەندامی دەستەی هەماهەنگیی پشتیوانی لەکوردستان لە فەرەنسا / جۆل دوتۆ، ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتینی نورا کۆرتیناس، چالاکوانی ناوداری ئاشتی هیندی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک، سکرتێری گشتیی کۆمسیۆنی هاووڵاتییانی ئەوروپا – تورکیا (EUTCC) پرۆفیسۆر میخائیل م. گیونتەری ئەمریکی، مافناسی ئەڵمانی بیرتهۆڵدا فریسینۆس، پرۆفیسۆری بۆلیڤیایی رائول پرادا ئەلکۆرێزا، وەزیری پێشووی پلاندانانی ڤەنزوێلا رۆلاند دێنیس، سەرۆک شارەوانیی پێشووی کۆپنهاگن ڤیللۆ سیگوردسۆن، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی ئەوروپای  خەڵکی دانیمارک پێرنیل فراهم، داکۆکیکاری ناسراوی مافی مرۆڤ سویدی بێنی گوستاڤسۆن، ئێڕلینگ فۆلکڤۆرد پەرلەمانتاری پێشووی نەرویجی، پیا ماریا ڕۆڵ هونەرمەند و دەرهێنەری شانۆیی لە نەرویج، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سویدی هاکان سڤینلینگ، دامەزرێنەری لوتکەی جیهانی نوێ د.جۆناس ستاڵی هۆڵەندی، پارێزەرو مافناسی ئەڵمانیا دکتۆر ڕۆلف گۆسنەر، وتەبێژی جوڵانەوەی ئاشتیی بەلجیکی لودۆ دی برابەندەر. دەرهێنەری ناوداری سینەمایی کێن لۆچ، پرۆفیسۆری فیزیای ناوکیی پاکستانی و شیکاری پاراستنی سیاسیی پرۆفیسۆر پەرویز هودبهۆی، نووسەری ئەمریکی لوسینا کاتمان، شاعیر و نووسەری مەکسیکی جودیت هیلک، فەیلەسوفی هەنگاری جی. ئێم تاماس، ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراوەکانی وەک (Me Ra25 ve DiEM 25) و پرۆفیسۆری ئابوری یانس ڤارۆفاکیس، نووسەرانی سکۆتلاندی جەیمس کێلمان و پاول لاڤێرتی، سیناتۆرە فەڕەنسییەکان پیەر لۆرانت و لۆرێنس کۆهن، لە دامەزرێنەرانی پارتی چەپی ئەڵمانی دکتۆرگریگۆر گیسی، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٢ فیلیپ پوتو،  سەرۆکی چەپی ئەوروپا پرۆفیسۆر دکتۆر هاینز بیرباوم، کاریکاتوریست ئیتاڵی سفرکالیکر، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا ژان-لوک مولنچۆن، ئەندامی بەرێوەبەرایەتیی کۆڕی کۆمەڵایەتیی جیهانی گوستاو ماسیا، سەرۆکی لیژنەی زمانی وەزارەتی پەروەردەی نیپال دکتۆر لاڤا دیۆ ئاواستهی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یونان سۆفیا ساکۆرافا، نووسەر و رۆژنامەنووسی پۆڵۆنی تۆماس کۆنیکز،  بەڕێوەبەری بزووتنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان (ماک / MAK) سورەیا سۆغ، یوف ئیلبیلاک، پەرلەمانتاری دانمارکی میشێل ڤانهورنی، ڕێکخەری کۆڕی ژینگەیی چەپی بەلجیکا، ریپۆرتەری تایبەتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسەر پرۆفیسۆر ژان زیگلری سویسری، بەڕێوەبەری یەکێتی مامۆستایانی ئوسترالی جۆن گاوچی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ئەرمەنی لە فەرەنسا ئارا تۆرانیان، چالاکوانی ئاشتیی هیندی و بەڕێوەبەری بزووتنەوەی جیهانیی دژە ناوەکی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک.

پلانی کەمپەینی دەستپێشخەری دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد

ئەو دەستپێخەرییە هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئامانجی کەمپەینەکە لە رۆژنامەکانی سەرتاسەری ئەوروپاو ئەمریکادا، دەیەوێت لەسەرتاسەری ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئەمریکای باشوورو ئوستورالیا بە دانانی چادرو سەکۆو ستاند لەسەر شەقامەکان ٤ ملیۆن ئیمزا بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەش داوای هاوکارییان لە کەسایەتییەکان و رێکخراوە جۆراوجۆرەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ کردووە، کە پشتیوانییان بکەن. لە دوای ئەوەی ئیمزاکان کۆکرانەوە، هەر پەرلەمانتارێکی بەشداربووی کەمپەینەکە ئیمزاکان دەباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی و داوا دەکات ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەر بهێنرێت. هەروەها ئیمزاکان و داوای کەمپەینەکە بۆ هەموو ناوەندەکان، دامەزراوەکان، دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەمریکاو ناتۆو یەکێتیی ئەوروپاو حکومەتەکان دەنێرن و داوایان لێدەکەن ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا دەربهێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار