دانانی پێوەری زیرەك بۆ دابینكردنی 24 كاتژمێر كارەبای نیشتمانییە
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا:
3 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەو چاكسازی و دادپەروەری لەپێدانی كارەبا پێوەری زیرەكی وەك تاكە چارەسەر داناوە كە لەئێستادا لەكۆی یەك ملیۆن و 700 هەزار هاوبەشی كارەبا یەك ملیۆن و سەد هەزار هاوبەش تەنها 40 ئەمپێر كارەبایان پێدەدرێت.
وەزارەتی كارەبا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا دەستی كرد بەدانانی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا تا دادپەروەری لەدابەشكردنی كارەبادا بێتەدی.
شاخەوان ئەحمەد، كە هاووڵاتیەكی دانیشتووی ناحیەی تەكیەیە بۆ هاوڵاتی وتی: "تائێستا پێوەرەكەمان هیچ كێشەیەكی نەبووە، بەڵام ماوەیەكی زۆر نییە لەناحیەكەمان خراوەتەكار".
هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی گۆران وەهاب لەگەڕەكی بەختیاری سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی:" پێوەرەكە هیچ كێشەیەكی نەبووە تائێستا بەڵام وەك ئەوەی بڵاوكراوەتەوە نابێت لە 40 ئەمپێر زیاتر بەكاربهێندرێت ئەگەرنا هەڵدەستێتەوە".
بەڵام هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی محەمەد عیزەدین، بۆ وتی :"تائێستا چەند جارێك تووشی كێشەی پێوەری زیرەك بووین بەوەی چەند ئامێرێك پێكەوە كاربكات پێوەرەكە هەڵدەستێتەوە و بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەك یاخود زیاتر هەڵنابێتەوە".
پێوەری زیرەك دراوەتە سێ كۆمپانیاو ئەوانیش لەڕێگەی "مقاول" بەشێكی كارەكەیان ئەنجامداوە، حكومەتی هەرێمیش بەپێی چەند گرێبەستێكی جیاواز ئەو كارەی ئەنجامداوە.
سەبارەت بەو كێشەیە پێشتر وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە: "ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە پێوەری زیرەكیان بەهۆی بارزۆری (بەكارهێنانی زیاتر لە 40 ئەمپێر) یان هەر گرفتێی دیكە دەكوژێتەوەو پاش 250 چركە ناگەڕێتەوە، لەبەر بوونی گرفت لەهێڵی ساردی كارەباكەیانە".
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم دەڵێت:" ئامانجمان لەدانانی پێوەری زیرەك بۆ دابینكردنی 24 كاتژمێر كارەبایە بەهاوبەشانی كارەبا".
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ملیۆنێك و 100 هەزار پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا بەستراوە لەكۆی ملیۆنێك و 700 هەزار هاوبەشی كارەبا، ئەمە قۆناغی یەكەمە لەقۆناغی دووەمدا ئەو پێوەرانە كە بەستراون بەسەنتەری كۆنترۆڵەوە كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە دەكەوێتەگەر كە چەند ئۆپشنێكی هەیەو دەتوانیت چەند كارێكی پێ ئەنجامبدەیت، ئێمە تائێستا تەنیا یەك كارمان پێكردووە كە ئەویش سنورداركردنی كارەبایە".
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە دانانی پێوەری زیرەك كاریگەری هەبووە كەساڵی رابردوو 350 فیدەر ئۆڤەرلۆدیان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە، بەڵام ئەگەر پرۆژەكە تەواو ببێت ئەوكات هەموو شتێك رێكدەخرێت، وتیشی:"پلانەكە بۆ ئەوەیە كە وەزارەتی كارەبا 24 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بەهاوبەشانی كارەبا جێبەجێ بكات".
"هەركاتێك كارەبای نیشتمانی زیاتر بێت كاری مۆلیدە ئەهلیەكان كەمدەبێتەوە ئامانجەكەمان ئەوەیە كارەبای نیشتیمانی بكەینە 24 كاتژمێری تا كارمان بەمۆلیدەی ئەهلی نەمێنێت، بۆ ئەوەش ماستەرپلانمان هەیە، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە پلان دادەنێین و هەموو شتێك رێكدەخەین بەڵام بارودۆخی دارایی و نەبوونی پارە و سوتەمەنی هەموویت لێ تێكدەدات"، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.
هاوكات سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "ئەو پێوەرانەی بۆ ماڵان دانراوە پێی دەوترێت تۆڕی زیرەك بۆ سەر فیدەرو گۆڕەر(محاویلە) و عەمودەكانیش دادەنرێت و 40 ئەمپێرە، تائێستا پرۆژەكە 70٪ ی جێبەجێكراوە و لەبەرئەوەش كە زستانە پێوەرەكە لەسەرەتاوە كێشەی دەبێت، زۆر كەس پەیوەندی بەوەزارەتی كارەباوە دەكات كە پێوەرەكانیان كێشەی هەیە".
ئەندامێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان پێیوایە حكومەتی هەرێم لەدابینكردنی كارەبادا شكستی هێناوە.
كاروان عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 200 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، پێویستی هەرێم لەمانگی 11 بەدواوە كە وەرزی سەرمایە هەندێك جار دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات كارەبا، راستە بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كارەبا بەفیڕۆ دەچێت یاخود دەدزرێت، بەڵام بەشەكەی دیكەی تەكنیكییە، بۆیە حكومەت لەمەسەلەی كارەبادا شكستیهێناوە ".
هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پێوەری زیرەك سیستەمێكە كۆمپانیایەك بەناوی "ئێندرا" دەیكات كە ئەمریكییە سۆفتوێرەكەی دەكات و یەكسەر بەرنامەڕێژی دەكات، بەنیازن كۆبوونەوەیان لەگەڵ بكەن، وتیشی:"ئەگەر 40 ئەمپێر بێت كێشەی تێدایەو هەموو ساڵێك بەو شێوەیەیە لەسەرما و گەرمادا كارەبا كەمدەبێتەوە".
كاروان عەبدلوڕەحمان پێشیوابوو وەزارەتی كارەبا مەسەلەی سووتەمەنی دەكەنە بیانوو بەبێ مانا وەسفی كرد، وتی:" ئێمە چەندین رێگەی دیكەمان خستووەتە بەردەم وەزارەتی كارەبا، بەڵام جێبەجێیان نەكردووە".