تورکیا؛ لەخەونی گەورەوە بۆ سەرەی نان

زۆربەی خەڵکی تورکیا بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەوە چەندین کاتژمێر لە ریزی سەرەی نان و سەموندا بەسەردەبەن

3 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

ئەو سیاسەتمەدارەی گوژمێکی گەورەی بە ئابوری تورکیاداو گەیاندییە ترۆپک بەجۆرێک ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی بووژاندەوەو بەجۆش و خرۆشەوە ستایشیان دەکردو پێیان هەڵدەدا، ئێستا هەر هەمان سیاسەتمەدار بە سیاسەتە ئابورییەکانی دەستی خستووەتە بینەقاقای هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و خەڵکی تورکیا گەشتوونەتە ئاستێک کە چەندین کاتژمێر سەرە دەگرن بۆ کڕینی نانی هەرزان.

رۆژانە لەتورکیا خەڵک لەسەرەی ناندا چەندین کاتژمێر بەسەردەبەن تەنها بۆ ئەوەی بە پارەیەکی هەرزانتر بیکڕن و ئەو بڕە کەمەی دەمێنێتەوە لە شتێکی تردا خەرج بکەن بۆ ئەوەی بەرگە بگرن لەو دۆخە سەختە ئابورییەی تووشی بوون.

تا دێت لیرەی تورکی بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستدەدات و ئەمەش ژیانی هاووڵاتیانی تورکیای سەخت کردووە چونکە ئیتر پێداویستییە سەرەتاییەکانی رۆژانەیان پێ ناکڕدرێت و رۆژ لەدوای رۆژ نرخ زیاتر بەرزدەبێتەوە.

بەهۆی سیاسەتە ئابورییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لیرەی تورکی لەمساڵدا لەسەدا ٥٠٪ی بەهاکەی لەدەستدا کە بەشیکی زۆری لەمانگی رابردوودا بوو بە لەدەستدانی لەسەدا ٣٠٪ بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار، پێش ئەوەی لە رۆژی سێشەممەی رابردوودا لەسەدا ٢٥٪ی بەهاکەی بۆ گەڕایەوە دوای وتارەکەی سەرۆکی تورکیا کە داوای لە هاووڵاتیان کرد پارە هەڵگیراوەکانیان بە لیرە دابنێن و ئەمەش بووە هۆی فرۆشتنی یەک ملیار دۆلار لەبازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا و لەئەنجامدا یەک دۆلار لە ١٨ لیرەوە گەیشتە ١٢ لیرە.

سەرە بۆ نانی هەرزان

لە گەورە شاری ئەستەمبوڵ خەڵک بە کاتژمێر سەرە دەبەستن بۆ کڕینی نانی هەرزان، ئەو نانەی لەڕێی پرۆگرامی «نانی گشتی» حکومەتەوە دابین دەکرێت بۆ هاووڵاتیان. لە ئەستەمبوڵ هەزارو ٥٠٠ کۆشک ئامادەکراوە بۆ دابەشکردنی ئەم نان و سەمونە هەرزانانە کە هەر دانەیەک بە یەک لیرەو ٢٥ قروشە کە دەکاتە نۆ سەنت لەکاتێکدا نانێکی ئاسایی لە شوێنی تر بە دوو لیرەو ٥٠ قروشە واتە ١٨ سەنت.

هەرچەندە جیاوازییەکە زۆر نییە، بەڵام ئەو پارەیەی دەمێنیتەوە زۆرە بۆ هەزار دانیشتووی ئەستەمبوڵ. نیازی تۆپراک یەکێکە لەو هەزارەها دانیشتووەی سەرەی بۆ نانی هەرزان گرتووە و دەڵێت: هەمووشتێک گرانە، هەر لە خواردنەوە بۆ نان، لەکراسەکەتەوە بۆ ئەو گۆرەوییەی لەپێی دەکەیت.

تۆپراک خانەنشینێکی تەمەن ٧١ ساڵە و بۆ جەزیرەی ئینگلیزی قسەی کردووە و باس لەوە دەکات مووچەی خانەنشینییەکەی بەشی خێزانەکەی ناکات. «مووچەی خانەنشینییەکەم تەنها ٨٠٠ لیرە (٥٨ دۆلار)ە، بۆیە ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی لەم رۆژانەدا پێی بژیت»، تۆپراک وای وت.

«ئێمە چوار کەسین لە ماڵەوەو کرێی خانوەکەمان دوو هەزار لیرە (١٤٠ دۆلار)ە، هەر یەکێکمان لانیکەم رۆژی نانێک دەخۆین، بۆیە بەنیازم چوار نان لێرە بکڕم، دەبێت ئەم ماوەیە چەنێک بتوانیت پارە خەزن بکەیت»، تۆپراک وا دەڵێت.

لەساڵی ٢٠٠٣ەوە پارتەکەی ئەردۆغان لەدەسەڵاتدایە و سەرکەوتنتە یەک لەدواییەکەکانی بەشێکی زۆری بۆ ئەو گەشە ئابورییە دەگەڕێتەوە کە ئەردۆغان وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وڵات بۆ تورکیای بەدەستهێنا.

قەدری تەستان، زانایەکی باڵای بانکی ئەڵمانی مارشال فەند بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی راگەیاند، «تورکیا لەدەیەی یەکەمی حوکمی ئەردۆغاندا بە موعجیزە لێکدەدرایەوە.» هەژاری لەسەدا ٥٠% کەمی کرد، ملیۆنەها کەس لە چینی هەژارەوە هاتنە چینی مامناوەندو وەبەرهێنی دەرەکیش بەپەرۆش بوون کە پارە بخەنە قەرزەوە.

بەڵام ئێستا هەڵئاوسان لەوڵاتەکەدا گەیشتووەتە سەروو لەسەدا ٢١٪ و لیرە هێزی خۆی لەدەستداوەو تا دێت هاووڵاتیان کەمتر شتیان پێ دەکڕدرێت.

بەهۆی کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانەکەکانەوە ئەردۆغان رەخنەی زۆری لێدەگیرێت لەلایەن بازرگانان و ئۆپۆزسیۆنەوە بەڵام سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەم سیاسەتەی لەماوەی درێژخایەندا وڵاتەکەی وا لێدەکات لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پشت بەکەلوپەلی دەرەوە نەبەستێت، هەروەها گەشەی ئابوریش زیاد دەکات.

بانکی ناوەندی لە ماوەی سێ مانگدا سوودی قەرزی لە لەسەدا ١٩٪ەوە کەمکردووەتەوە بۆ لەسەدا ١٤٪ ئەمەش بەهای لیرەی تورکی بەتەواوی دابەزاندووە و بووەتە داڕمانی ئابوری وڵاتەکە.

بە کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانکەکان، ئەردۆغان باس لەوە دەکات کە بەکاربەران بەپەرۆشتر دەبن بۆ بازاڕکردن و بزنسەکان زیاتر قەرز دەکەن لە بانەکەکان و زیاتر وەبەرهێنان بە پارەوە دەکەن و هەلی کاریش زیاتر دەبێت.

ئەردۆغان دەشڵێت ئەگەر لیرە بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار لەدەستبدات، هەناردەی تورکیا هەرزانتر دەبێت و وا لە بەکاربەرانی دەرەوە دەکات زیاتر بکڕن.

ئەوە تا رادەیەک راستە، بەڵام باجێکی قورسیشی لەگەڵە. تورکیا زۆر پشت بە هاوردەی وەک پارچەی ئۆتومبیل و دەرمان و سووتەمەنی و چەندین شتی تر دەبەستێت لە ماددە خاوەکانی تر. کاتێک لیرە بەهای لەدەست دەدات، ئەو بەرهەمانە پارەی زیاتریان تێدەچێت بۆ کڕین. لەهەمان کاتدا سیاسەتەکەی ئەردۆغان وا لە وەبەرهێنەرانی دەرەوە دەکات کە بترسن و وەک پێشتر قەرز نەدەنە بانکەکانی تورکیا چونکە متمانەیان بە لیرە نەماوە.

لەچاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەردۆغان رایگەیاند، «درەنگ یان زوو، هەروەک چۆن کاتێک دەسەڵاتم وەرگرت هەڵئاوسانمان گەیاندە لەسەدا ٤٪، هەر بەو جۆرە جارێکی تر کەمی دەکەینەوە، بەڵام ناهڵێم هاووڵاتیان و گەلەکەم لەژێر سوودی قەرزدا تێکبشکێن.»

هەڵئاوسان لەساڵی ٢٠١١دا کەمبووەوە بۆ لەسەدا ٤٪ ، کاتێک ئەردۆغان سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام لەوکاتەوە بەرزی بەخۆیەوە بینیوەو تەنها لە مانگی رابردوودا بەهۆی نزمبوونەوەی بەهای لیرەوە هەڵئاوسان لەسەدا ٣.٥٪ بەرزبووەوە و بەپێی ئاماری حکومەت، بەکۆی گشتی گەیشتە سەروو لەسەدا ٢١٪، شارەزایانی ئابوریش دەڵێن ئەگەر ئەم دۆخەی تورکیا بەردەوام بێت هەڵئاوسان دەگاتە لەسەدا ٣٠٪.

رەخنەگرانی حکومەت دەڵێن ئەو رێژەیە زۆر زیاترە کە حکومەت دایناوە. شارەوانی ئەستەمبوڵ، کە لەلایەن سەرۆک شارەوانی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی سەر بە پارتی ئۆپۆزسیۆنی گەلی کۆماری (جەهەپە)ەوە بەڕێوە دەبرێت، رێژەی خۆی لەسەر هەڵئاوسان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت خەرجی ژیانکردن لەشارەکەدا لەسەدا ٥٠٪ بەرزبووەتەوە لەساڵێکدا.

بەپێی ئۆفیسی ئاماری ئەستەمبوڵ، نرخی گەنم لەسەدا ١٠٩٪، رۆنی گوڵەبەرۆژە لەسەدا ١٣٧٪، کلێنس لەسەدا ٩٠٪، شەکر لەسەدا ٩٠٪، هەروەها غازی سروشتی لەسەدا ١٠٢٪ بەرزبوونەتەوە.

هاووڵاتییەکی تورکی کە لەسەرەی ناندا دەوەستێت و پیشەکەی کارەباچییە، دەڵێت: خەڵک لە ئازاردا دەژین، من ئێستا ناتوانم پارەی تەواوەتی بەدەست بهێنم بۆ ئەوەی پێی بژین.

ئەو کارەباچییە بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز قسەی کردووە و باس لەوە دەکات مووچەی مانگانەی دوو هەزار و ٩٠٠ لیرە  (٢١٧) دۆلارەو کرێی خانووەکەی لەسەروو دوو هەزار لیرە (١٥٠ دۆلار)ەوەیە.

نانەواخانەو سەمونخانەکان بوونەتە داردەستی سیاسەتمەدارەکان

نان بەشێکی گرنگی ژیانی هاووڵاتیانی تورکیایە و بەپێی ئاماری یەکێتی پیشەوەرانی نانەواخانەکان هەر هاووڵاتییەک ساڵانە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ کیلۆگرام نان یان سەمون دەخوات.

ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆک شارەوانی ئەستەمبوڵ و سەر بەپارتی جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، بەرهەمهێنانی «نانی گشتی» زیادکردووە بۆ ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزاری رۆژانە لەیەک ملیۆن ٥٠٠ هەزار نانی رۆژانەوە.

خاوەنی سەمونخانەکان دەڵێن لە دوولاوە فشاریان دەکرێتە سەر و ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بێت تووشی مایەپووچی دەبنەوە لەسەر شەڕی سیاسی لایەنە جیاوازەکان. حکومەتی تورکیا فشار دەخاتە سەر نانەواخانە و سەمونخانەکان کە بەهەرزانتر نان و سەمون بفرۆشن لەکاتێکدا رۆژ لەدوای رۆژ نرخی ئاردو دانەوێڵەو غاز و کارەبا بەرز دەبنەوە.

«من ناتوانم بزنسەکەم بەرەوپێش ببەم، نرخی ئارد تا دێت بەرز دەبێتەوە»، ئەحمەد ئوجار، خاوەنی سەمونخانەیەک لەئەستەمبول ئەمەی بە نیویۆرک تایمز وت.

ئوجار دەشڵێت، «ئێمە لە دوو لاوە لێمان دەدرێت، شارەوانی نانی هەرزان دەفرۆشێت بۆ راکێشانی دەنگ، حکومەتیش نرخی نان بە دابەزیوی دەهێڵیتەوە بۆ هێشتنەوەی دەنگەکانی».

جگە لەمانەش لە هەندێک کەرت و پیشەسازی تردا مووچەی کارمەندان دوادەخرێت و پاشەکەوت دەکرێت. گونای ئەکیل، هاووڵاتییەکی ئاسایی تورکیا بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، هاوسەرەکەی لە کارگەیەکی دیزاینکردنی چێشتخانەدا کاردەکات و موچەیان بەنیوە پێدەدرێت.

ئەکیل لەکاتی کڕینی شتومەک لە سوپەرمارکیتێک لەلایەن گاردیانەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوەو ئاماژەی بۆ ئەو شاتنە کردووە کە کڕیونی کە ئەوانیش کیلۆیەک پیازو کەلەرمێکی گەورە بووە لەگەڵ ماست و نان. «بۆ ئێوارە ئەمەمان هەیە، نان و ماست و سوپی کەلەرم،» ئەکیل وای وت.

«ئێستا هەموو شتێك گرانە، بەحاڵ دەتوانین خۆمان بژێنین، بۆ ئەوەی لە پارەی کرێچییەتی رزگارمان ببێت ئێستا لەگەڵ ماڵی خەزروم دەژین»، ئەکیل وادەڵێت.

تەنانەت ئێستا بەشێکی زۆری لایەنگرانی ئەردۆغان بێهیوا بوون و دەڵێن چیتر دەنگ نادەن، ئەو لایەنگرانەی کە ١٠ ساڵ لەمەبەور بەهیواوە دەنگیان دەدا بۆ داهاتوویەکی رۆشنتر.

«من ئێستا بۆ کار دەگەڕێم، ناتوانم قەرزەکانم بدەمەوە... هیچ چارەسەرێک نییە و خەڵک بێزاربوون، چەندین ساڵ بۆ (ئەردۆغان) دەنگمدا، بەڵام تەماشاکەن ئیتر ئەو ناتوانێت خۆی رزگار بکات»، هاووڵاتییەکەی شاری کۆنیا بەناوی سەریکایا ئەمەی بە ئاژانسی رۆیتەرز وت.

بڕیارە لەساڵی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی گشتی لەتورکیا ئەنجامبدرێت و بۆ یەکەمجار لەمساڵدا لە چەند راپرسییەکی چەند ناوەندێکی باوەڕپێکراوی وڵاتەکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەنگیان زۆرتر هێناوە یان پارتی دادو گەشەپیدان (ئەکەپە)ی ئەردۆغان دەنگەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە کەئەمە یەکەمجارە شتی لەوجۆرە رووبدات لەساڵی ٢٠٠٣ەوە.

«هەرگیز هێندە پشتگیری  ئەوەندە کەممان نەدیوە بۆ ئەکەپە لە رابردوودا، بڕوایەکی بەهێز هەیە کە لە ٢٠٢٣دا گۆڕانکارییەکی سیاسی روودەدات»، سینان ئۆڵگن، لە ناوەندی تووێژینەوەی ئابوری و سیاسەتی دەرەوە  لەئەستەمبوڵ ئەمەی بە ئاژانسی رۆیتەرز وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار