توركیا؛ واز لەبڕینەوەی دارەكانی كوردستان ناهێنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز.دهۆك
تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە 500 دار لەسنوری ناحیەی كانی ماسێ بڕدراون لەلایەن سەربازانی سوپای توركیاوەو شەقامی دروستكردووە بۆ گواستنەوەی دارەكان بۆ وڵاتەكەیان بەپێی وتەی خەڵكی ناوچەكە، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیش پێشنیار دەكات ئەنجومەنەكەیان و پەرلەمان كۆبوونەوەی تایبەتی لەسەر بكەن.
لەمانگی شەشی ئەمساڵدا سوپای توركیا لەناوچەكانی بادینان دەستی كرد بەبڕینەوەی دارەكان كەتێیدا داری تەمەن سەد ساڵەیان بڕیوەو ئەوەش كاردانەوەی ناوخۆیی لێكەوتەوە، پاش شەش مانگ جارێكی دیكە توركیا دەستی كردووەتەوە بەبڕینەوەی دارەكان.
رەمزی بەدەل، خەڵكی گوندی هرور سەر بەناحیەی كانی ماسێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « سوپای توركیا لەم مانگەوە جارێكی تر دەستی بەبڕینی دارەكان كردووەتەوە، لەگوندەكانی گێمێ ، زێوكێ و چەند ناوچەیەكی تر كە نزیكەی هەزار داریان بڕیوە، لەهەمووشی ناخۆشتر هەندێك داری ئەو ناوچانە تەمەنەیان سەرووی 100 ساڵە كە بەداخەوە لەلایەن توركیا بڕاون».
رەمزی بەدەل وتیشی: « لەكاتی بڕینی دارەكان خۆیان ڤیدیۆیان تۆماركردووەو دواتر بڵاویان كردووەتەوە كە ئەمەش وەكو بێمنەتی ئەوان دەردەخات، لەهەمان كاتیشدا بێڕێزی كردنە بەخەڵكی كوردستان».
ئەو هاووڵاتییەی گوندی هرور پێشیوابوو توركیا هەر ناوچەیەك داگیربكات بەمۆڵكی خۆی دەزانیت و هەر شتێك لەو ناوچانە بێت بۆ خۆی دەبات و بەهیچ شێوەیەك ئەو ناوچانە رادەستی هەرێم ناكاتەوە كەئەمەش گەورەترین زیانە بەخەڵكی سنوری قەزای ئامێدی.
«هەر ناوچەیەك بیانەوێت دار ببڕن دەتوانن، چونكە هیچ كەس و لایەنێك نایەتە سەرخەت، وابڕوات تەواوی سروشتی ناوچەكە تێكدەدەن، بەشێك لەو دارانەی دەیبڕن بۆ خۆگەرمكردن بەكاریدەهێنن و بەشێكی تر دەگوازنەوە بۆ توركیا، ئەویش لە رێگای ئەو شەقامانەی كە دروستیان كردووە لەنێوان خاڵە سەربازییەكانی خۆیان و شارەكانی باكوری كوردستان و بەئاسانی دار دەگوازنەوە « رەمزی بەدەل وادەڵێت.
موختاری گوندی هرور دەڵێت سوپای توركیا نۆ خاڵی سەربازی لەسنورەكەیاندا جێگیركردووە.
ئازاد ئەدیب، موختاری گوندی هرور لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» سوپای توركیا نۆ خاڵی سەربازی لەسنورەكەمان جێگیركردووە، ئەو سەربازانە كە زۆرینەیان خەڵكی پارێزگاكانی باكوری كوردستانن خۆیان قسەیان لەگەڵ ئێمە كردووە، وتیان ئێمە بۆ هەر خاڵێكی سەربازی 500 تەن دار دابین دەكەین لەوەرزی سەرما بەكاریدەهێنن بۆ خۆگەرمكردنەوە، ئەو دارانە هەموویان لەناوچەكانی ئێمەیان بڕیوە ، دار هەبووە تەمەنی سەرووی 100 ساڵ بووەو بڕاوە».
موختیاری گوندی هرور، باسی لەوەشكرد كە ئەم هاوینە 50 خێزان لەناو گوندی هروردا دەژیان، ئێستا ژمارەیان كەمبووتەوە بۆ 23 خێزان، لیژنە هاوبەشەكەی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان هیچیان نەكردووە، تەنیا لەو رۆژانە چەند قسەیەكیان كرد وتیان بە دواداچوون بۆ كێشەكانتان دەكەین، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبووە «.
قایمقامی قەزای ئامێدی دەڵێت زانیاری نییە لەچ ناوچەیەك داربڕینەوە هەیەو قەبارەكەی چەندە.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « چەند مانگێكە وەك قایمقامی قەزای ئامێدی دەستبەكاربووم، بۆیە نازانم لەچ شوێنێك دار هاتوونەتە بڕین یان قەبارەی ئەو دارانە چەندە، ئەمە پێویستی بە ڵێكوڵینەوەیەكی وردو مەیدانی هەیە».
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە ئەنجامی لیژنەكەی پەرلەمانی عیراق هیچی لێی دیارنەبووە بۆ پرسی قەرەبووكردنەوە و بۆردوومانكردنی ناوچەكە هەمووی بەشێوەی راپۆرتێك ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە.
لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای دهۆك خۆیان لەقەرەی بڕینی دارەكانی ناوچەكانی بادینان نادەن.
سەباح عەلی ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « ئەم پرسە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكدایە، بابەتەكە پەیوەستە بەدوو وڵاتەوە پێویستە لەسەر ئاستی باڵا وەكو سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان قسە لەسەر پرسی داربڕین بكەن، ئێمە بەدواداچوونمان كردووەو راپۆرتیشمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، بەڵام هیچ سوودی نەبووە «.
سەباح عەلی پێشیوابوو دەبوایە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دانیشتنێكی تایبەتیان لەسەر پرسی داربڕین بكردایە لەلایەن سوپای توركیاوە، وتیشی:» هەموومان لەسەر ئەو پرسە كەمتەرخەمین، پێشنیار دەكەم پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دانیشتنی تایبەت لەسەر پرسی داربڕین بكەین تا زیاتر ژینگەی كوردستان تێكنەدرێت».