دەزگای لوتکە: گەڕانەوەی تەرمی کۆچبەران بۆ جاری دووەم دواخرا
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت، گەڕانەوەی تەرمی قوربانیانی نۆکەندی ئینگلیز بۆ جاری دووەم دواخرا بۆ 20 کاتژمێری داهاتوو.
ئەمرۆ شەممە، دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "نوێنەرانی دەزگای لوتکە و کەسوکاری قوربانیەکان لە فڕۆکەخەنەی هەولێر لە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانەدا بوون کە وابڕیار بوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ 2021/12/25 بگەڕێتەوە فڕۆکەخانەی هەولێر".
ئەوەشی خستۆتەڕوو، " بۆ جاری دووەم و بەهۆی بوونی دەمو و مژ گەشتی ئەو فڕۆکەیەی تورکیش ئیرلاین دواخرا بۆ 20 کاتژمێری داهاتوو".
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 23ی کانوونی یەکەمی 2021، ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە وێستگە نیوز-ی وت، ''بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکەوە لەیەکێک لە فرۆکەخانەکانی ئیستەنبوڵ لە تورکیا، گەڕانەوەی تەرمی 15 کۆچبەرەکەی ئۆکەندی ئینگلیز بۆ ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو دواخراوە''.
رۆژی24ی مانگی رابردوو، بەلەمێکی کۆچبەران لە نێوان فەڕەنسا و بەرتانیا نوقوم بوو، بەهۆیەوە 27 کۆچبەر خنکان کە 16 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و تا ئێستا تەرمەکانیان نەگەڕاوەتەوە هەرێم و یەکێکیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
