مەسعود بارزانی: تەنیا لێدوانی وتەبێژ ڕای پارتییە
فازڵ میرانی: " كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق كاریگەری لەسەر پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتی دەبێت"
3 ساڵ لەمەوپێش
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەپەیامێكدا ڕایگەیاند، تەنیا لێدوانی وتەبێژی فەرمی حزبەكەی ڕای پارتییە، ئەویش دوای وتەیەكی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دێت كە وتی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق كاریگەری لەسەر پەیوەندی یەكێتی و پارتی دەبێت.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "هەر جۆرە لێدوان و بۆچوونێكی لابەلا و لەژێر هەر ناو و نیشانێك بێت، پەیوەندی بە سیاسەتی پارتییەوە نییە، دەشڵێت، تەنیا لێدوانی وتەبێژی پارتی گوزارشت لە سیاسەت و هەڵوێستی فەرمیی حزبەكە دەكات".
مەسعود بارزانی لەپەیامەكەیدا ئەوەشی خستەڕوو:" لەماوەی رابردوودا لە راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەندێ لێدوان و بۆچوون بڵاوكراونەتەوە كە زۆرجار وەك هەڵوێست و رای پارتی دیموكراتی كوردستان لێكدانەوەی بۆ كراوە".
هەر لە پەیامەكەی مەسعود بارزانیدا هاتووە: "لێرەدا بە گشت لایەك رادەگەیەنین كە هەر جۆرە لێدوان و بۆچوونێكی لابەلا و لەژێر هەر ناو و نیشانێك بێت، پەیوەندی بە سیاسەتی پارتییەوە نییە ، با وەك رای فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەژمار نەكرێت، تەنیا، لێدوانی وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان تەعبیر لە سیاسەت و هەڵوێستی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات".
وتەكانی سەرۆكی پارتی لەكاتێكدایە دوێنێ فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوێنێ رایگەیاند: "ئەو جیاوازی و ناكۆكییەی لەنیوان یەكێتی و پارتی لە بەغداد روویدا بۆ ماوەیەكی كاتی كاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندیەكانی هەردوولا دەبێت و وتیشی سیاسەت بەجۆرێكە كە تا هەمیشە لایەنی بەرامبەر هاوڕێت نابێت".
مازڵ میرانی وتیشی: "هیوادارم ئەم ناكۆكییە لە بەغداد روویدا لەنێوان یەكێتی و پارتی بۆ هەمیشە نەبێت و ماوەیەكی درێژ نەخایەنێت." دوای ئەوەی پارتی رێككەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر و سونییەكان ئەنجامدا و كاندیدی پارتی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا، یەكێتی ناڕەزایی خۆی لە پرۆسەكە نیشاندا، لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیشدا وەك رێزان شێخ دلێر راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرایكردووە ئەوەیان یەكلا كردووەتەوە كە بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
پێشتریش هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەغداوە بە میدیای پارتی ڕاگەیاندبوو: "دوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان شتی تریش ماوە، دەبێت هاوكار بین ئاگامان لە یەكتر بێت، پابەندبین و مەغرور نەبین و لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكانیش هاوكار و هەماهەنگ بین".