وەزیری سامانە سرووشتییەکان: لەسەر بەڵێنەکەی خۆم سوورم

"ئەستەمە دەرفەت بدەمە کەسێک دینارێک بێ حەق لە پارەی ئەم خەڵکە بخوات"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" ئێستاش لەسەر بەڵێنەکەی خۆم سوورم، ئەستەمە دەرفەت بدەمە کەسێک دینارێک بێ حەق لە میزانییەی وەزارەت و پارەی ئەم خەڵکە بخوات".

کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە هاتووین بۆ زاخۆ بۆ ئەوەی وەک وەزارەت هاوکاری ئەم شارە بکەین، زاخۆش ناوچەیەکە بۆ نەوت زۆر گرنگە. ئەو کۆمپانیایانەی لێرە لە بواری نەوت کار دەکەن پێویستە خزمەتگوزاری پێشکێشی زاخۆ بکەن."

کەمال ئەترووشی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی ئەوان لەو سەردانە بۆ ئەوەبووە کە دەستی کار زیاتر بکەن و گەنجان دابمەزرێنن و خزمەتگوزاریش پێشکێشی شارەکە بکەن، راشیگەیاند "لە زاخۆ وەبەرهێنانێکی باش هەیە لە بواری نەوتدا، ئەمڕۆ بە پاڵپشتی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لێرەیەن و بڕیارمانداوە کە ئیدارەیەکی بەهێز لەبواری نەوت و کانزا لە زاخۆ بکەینەوە. ئێمەش وەک وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە خزمەتی ئەو ئیدارەیەدا دەبین."

 لەبارەی کۆمپانیای رووسنەفت لە زاخۆ، د. کەمال ئەترووشی وتی "رووسنەفت کۆمپانیایەکی گەورەیە و چەندین ساڵە گرێبەستی هەیە لەگەڵ سامانە سرووشتییەکان، لە چەند بلۆکێکدا کاری خۆی کردووە و نەوتی لە چەند کێڵگەیەک دەرهێناوە."

لەبارەی کێشەی بەنزین لە زاخۆ کە لیتری بە 800 بۆ 850 دینار دەفرۆشرێت، وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند "رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەوەبوو کە مانگانە ملیۆنێک و 80 هەزار لیتر بەنزین بە کوالیتییەکی باش بنێرێت. ئێمە قەیرانێکی گەورەمان هەبوو و بەنزین لە وڵاتانی دراوسێ راگیرا. دوای ئەوەی چوومە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق قسەمان کرد کە مانگانە ئەو ملیۆن و 80 هەزار لیترە بنێرنە هەرێمی کوردستان، بەڵام وەک دیارە کێشەی تەکنیکی و کێشەی دیکە هەن کە ناردنی ئەو بڕەی بەنزین بەردەوام نەبوو، ئەو بڕە بەنزینەی عێراق دەینێرێت بە دڵنیاییەوە بەشی کوردستان ناکات، بەڵام ئەگەر بێت و بڕی ئەو بەنزینە لە عێراق زیاتر بێت و لە کوردستان رێژەی بەرهەمهێنان زیاتر بێت رەنگە دۆخەکە باشتر بێت."

سەبارەت بە نەوتی زاخۆ کە رێژەیەکی زۆری نەوتی تێدایە کەمال ئەترووشی دەڵێت "بەڵێ پێویستە خزمەتی ئەو شارە بکرێت و ئەولەویەتیش بۆ زاخۆ دەبێت و ئەوە باوەڕی منە بۆ ئەم شارە. ئەگەر بێت و لێکتێگەیشتنێک هەبێت لەنێوان کۆمپانیای بەرهەمهێنان و ئیدارەی شارەکە دەبێت ئەولەویەت بۆ دامەزراندن و کارکردن و دامەزراندنی گەنجان بێت بۆ شارەکە."

لەبارەی ئەو قسەیەی کە پێشتر وتبووی کە "هەر کەسێک لە وەزارەتەکەی ئەو گەندەڵی بکات 100 پارچەی دەکات" د. کەمال ئەترووشی دەڵێت "ئێستاش لەسەر بەڵێنەکەی خۆم سوورم، ئەستەمە دەرفەت بدەمە کەسێک دینارێک بێ حەق لە میزانییەی وەزارەت و پارەی ئەم خەڵکە بخوات. ئەوە 11 مانگە لەو وەزارەتەم، سیستەمێک لەنێو وەزارەت هەبوو، بەڵام کاتی دەوێت و لای منیش ئەوە هەیە و رەنگە هەموو کەسێک بزانێت کە هەرگیز نابێت گەندەڵی هەبێت. لەبەرئەوە تاوەکو ئەو سیستەمەی هەیە دەگۆڕێت کات و ستافێکی باشی دەوێت. بە چەند مانگێک ئەو کارە ناکرێت بەڵام شەو و رۆژ کاردەکەم بۆ باشترکردنی."

دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانییاندا لە چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی " سەردانی ئەو ماڵانە دەکەم کە نەوتی سپیان بەسەردا دابەشنەکراوە، راستە درەنگ نەوتەکە هات و ئەوەش بە دەستی وەزارەتی بوو و لە دەستی وەزیری نەوتی عێراقدایە."

ماوەی سێ رۆژە کەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆکە، رۆژی سێشەممە بەردی بناخەی پرۆژەیەکی دانا و 7 پرۆژەیشی کردنەوە. هەروەها سەردانی ئەو شوێنانە دەکات کە نەوتی سپیان بۆ نەچووە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار