سەندیکای رۆژنامەنوسان: لە ئەمساڵدا زۆرترین پێشێلكارەكان لەهەولێر بووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان رایگەیاند:" لە ساڵی 2021دا 187 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان لەهەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان لەهەولێر تۆمارکراون کە 33 حاڵەت بوە.
سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان راپۆرتی ساڵای خۆی لەسەر پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردو 187 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان لەهەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان تۆماکراوە کە بەم شێوەیە بوە دەستگیرکردن 17 حاڵەت، ڕێگەنەدان بە روماڵ 31 حاڵەت، هێرش و سوکایەتی 22 حاڵەت، لێدان 5 حاڵەت، هەڕەشە 2 حاڵەت و داخستنی نوسینگە و كەناڵیش 3 حاڵەت بوە.
ئەوەش هاتوە، زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان لەپارێزگای هەولێر تۆمارکراوە کە 33 حاڵەت بوە، کەمترینیش لە پارێزگای هەڵەبجە بوە کە یەک حاڵەت تۆمارکراوە.
سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان دەڵێت، "سەرباری ئەوەی پێشێلکارییەکان بەردوامن، بەڵام هەست بەجۆرو بونی زیاتری پێشێلکاری دەکرێت کەهەندێک رۆژنامەنوس سکاڵای لەسەر تۆمارناکەن، وەیان لەبەر ئەوەی لەراپۆرتەکانی پێشوتر ئەوجۆرانە بە پێشێلکاری نەناسێنراون یاخود کورتی راپۆرتەکە وایکردوە زۆرتر نەچنە قوڵایی پێشێلکاریەکان. بۆیە ئومێد دەکەین ئەم راپۆرتە ببێتە هاندەرێک بۆ رۆژنامەنوسان تاکو چاوکراوەتربن لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت"
