چیرۆکی منداڵان و کاریگەری لەسەر پەروەردەیەکی تەندروست
كەمال عەبدوڵا
3 ساڵ لەمەوپێش
كەمال عەبدوڵا
هەرسێک کتێبە ئاسمانییەکە، تەورات -ئینجیل- قورئان، بەچیرۆک دەستیانپێکردووە بەشی زۆری پێکهاتەی هەرسێک کتێبەکە چیرۆکە! کەواتە چیرۆک لەپێکهاتەو دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤدا بەگەورەو بچوکەوە دەورێکی گرنگی هەیە. بەڵام بەتایبەت باسکردن و گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵان کاریگەری زیاتری هەیە لەسەرهەست و نەستییان بەبەراورد بەدونیای گەورەکان، چونکە منداڵان خاوەنی هەست و ویژدانێکی خاوێن و پاکن ولەگەڵ ناڕێکی و خراپییەکانی دونیا تەفاعول و کارلێکیان نەکردووە.
پێغەمبەری سەروەرمان فەرموویەتی هەموو منداڵێک بەپاکی لەدایک دەبێت، بەڵام دوایی دایک و باوکی دەیگۆڕن و خراپی دەکەن. جانجاک رۆسۆش دەڵێ: هەموو منداڵێک بەپاکی لەدایک دەبێت، بەڵام دوایی لەناو کۆمەڵدا بۆگەن دەکات. چیرۆک گێڕانەوە بۆ منداڵانی قۆناغی بنەڕەتی بەتایبەت پۆلەکانی یەک و دوو سێۍ، زۆر کارێکی پێویست و گرنگەو یەکێکە لەفاکتەرە کاریگەرەکانی ناو پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن.
لەبەرئەوەی منداڵ ناتوانێ گوێ لەئامۆژگاری و نەسیحەت و وتاری لەجۆری وتاری مزگەوت و وتاری سیاسییەکان بگرێت، دەبێت هەرشتێک بتەوێ بیخەیە ناو دڵ و دەروون و هەست و بیرکردنەوەی منداڵاندا بەشی زۆری دەبێت لەڕێگای چیرۆکەوەبێت! هەروەها چیرۆک بیرو خەیاڵی منداڵ فراوان دەکات و وای لێدەکات دونیا بەجۆرێکی جوانترو چاکترو باشتر ببینێت...
لەبەرئەوەی دونیای منداڵان دونیایەکی پاک و بێگەردو جوانەو پڕیەتی لەخەونی رەنگاوڕەنگ و ئاڵ و واڵاو وەکو دونیای گەورەکان وشک و برینگ و رەق و تەق نییەو دونیایەکی ئەرخەوانی و رەنگاڵەیی نایاب و پڕتام و چێژە!! دەبێ ئەوانەی بەئەرکی پەروەردەیی هەڵدەستن کەسانی شارەزاو پسپۆڕبن، مەبەستم ئەوەنییە بڵێم دەبێت ئەو کەسانەی دەبنە پەروەردەکار کەسانی ئەکادیمی بن و لەڕێگای نمرەی ئەم جۆری خوێندنەی لەوڵاتەکەمان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوینداهەیە بەو پلەیە گەیشتبن، نەخێر بەڕای بەندە دەبێ پەروەردەکاران بەدڵ و ناخ و روح و گیان و سۆزی دەروونییان لەگەڵ دونیای منداڵان و جۆری پەروەردەکردنەکەیان تێکەڵاوو ئاوێزان بن و بزانن چۆن هەڵسوکەوت و قسەوباس رەفتارو گوفتار لەگەڵ منداڵاندا دەکەن و چۆن دەتوانن دڵ و مێشک و هزرو بیرییان بکەنەوەو ئامادەییان بکەن و بتوانن خەونیان بۆ دروستبکەن و بیانکەنە مرۆڤگەلی رووخۆش و نەرم و نییان و خاوەن ئامانج.
بەڕای بەندەو ئەوەندەی لەسەر ئەو بابەتەم خوێندۆتەوەو سەرنجم داوەو توێژینەوەو لێکۆڵینەوەم کردووەو هەروەها بەهۆکاری ئەو ئەزمون و شارەزاییەی لەماوەی ساڵانێک لەکاری مامۆستایەتی و وانە وتنەوەدا بەدەستم هێناوەو پێیگەیشتووم، دەرکم بەهەندێک سەرەداوو نهێنی و سڕییاتی ئەو بوارە کردووەو گەیشتوومەتە ئەو راستییەی ئەو منداڵانەی چیرۆکییان بۆ دەگێڕدرێتەوە، یاخود بۆیان گێڕدراوەتەوە، ئاسۆی بیریان فراوانتردەبێت و یادگەو بیرەوەرییان جوانترو باشتر کاردەکات بەبەراورد بەو منداڵانەی ، چیرۆکیان بۆ نەگێڕدراوەتەوە، لەبەرئەوەی چیرۆک دەورێکی گرنگ و باڵا لەدروستکردنی پێکهاتەی کەسایەتی مرۆڤدا رایی دەکات و دەگێڕێت، بەگشتی و بەتایبەت بۆ منداڵانیش .
هەمیشە منداڵان حەزیان لەو چیرۆکانەیە کە پاڵەوانەکانیان کەسانی راستگۆو بوێرو چاونەترس و دەستپاک و خەمخۆری میللەتن و لەخەیاڵی خۆیاندا خۆیان دەخەنە شوێنی ئەو کەسانەو خۆیان لەچیرۆکەکاندا دەبیننەوە وەکو پاڵەوان و ئەوانەی مرۆڤی سەرکەوتوون و دەوری سەرەکی دەبینن، بەسەرکەوتنی پاڵەوانەکان دڵخۆش دەبن و بەشکستی مرۆڤە شەڕانگێزو خراپەکان، زیاتر متمانەیان بۆ دروست دەبێت کە گوفتارو رەفتارییان چاکبکەن و لەداهاتوودا ببنە جێگای ئومێدی کەسانی دیکەو هەوڵی پێشەوایەتی و رابەرایەتی و داهێنانکاری دەدەن.
تاماوەیەکی زۆریش ئەو چیرۆکانە لەبیرو هزرو خەیاڵی منداڵاندا دەمێننەوەو یادو یادەوەرییان ڕوناک و جوان و پرشنگداردەبێت. یەکێک لەکێشەکانی وڵات و میللەتی ئێمە ئەوەیە میللەتی ئێمە زاکیرەو یادەوەری لاوازەو کەمتر رابردووی بیردەمێنێت، پێموایە هەر بیستوپێنج ساڵ جارێک واتا چارەکی هەر سەدەیەک زاکیرەی مرۆڤی کورد دەسڕێتەوەو دیلێت دەبێت !! هاوڕێیەکم کەسەفەری وڵاتی چینی کردبوو، دەیگووت: هەموو کەناڵە لۆکاڵییەکانی تەلەفزیۆنەکانی چین هێرشی ژاپۆنییەکان بۆ سەر وڵاتەکەیان پەخش دەکەن، بۆ ئەوەی نەوەی تازەیان بزانن یابانییەکان لەڕابردوودا چییان بەرامبەر گەلی چین کردووەو نەوەکانی ناوەندو کۆنەکانیش، ئەو داگیرکارییەیان بیرنەچێتەوە! جاڕاستی ئەوکارانەش هەرلەڕێگای پڕۆسەی پەروەرەکردنەوە دەکرێن.
من خۆم کاتێک منداڵبووم، باپیرم بەسەرهاتی سمکۆخانی شکاکی بۆ دەگێڕامەوە، هەروەها کۆمەڵێک چیرۆکی وەکو بزن و گورگ و شێتەکەو ئاقڵەکەو گەلاوێژو ورچەکەو هتد بەمنداڵی بۆیان گێڕاومەوەو کاریگەرییان لەسەرم هەبووە. چیرۆکی باش و پڕواتا ئەگەر چیرۆکبێژەکە بتوانێ چێژ بەگێڕانەوەکە ببەخشێ زۆرکارلەدڵ و دەوون و هەست و سۆزی منداڵان و قوتابیانی سەرەتایی جاران و بنەڕەتییەکانی ئێستا دەکات و فێرییان دەکات ئەوانیش چێژ بەژیانی خۆیان و کەسانی دەوروبەریان ببەخشن و بەشەوق و زەوق و چێژو خۆشییەوە ئەرکەکانی خۆیان و کارەکانییان بەڕێکوپێکی جێبەجێ و رایی بکەن. یەکێک لەگرفتەکانی ناو ژیانی ئێمەی کورد بەگشتی و کوردی ئەم هەرێمی باشوورەی لەمەڕ خۆمان ئەوەیە چێژو خۆشی نە لەژیانمان و نە لەکارەکانمان ونە لەگوفتارو رەفتارماندا وەکو پێویست نەماوە...
بەڕای بەندە زۆرێک لەوانەی لەمڕۆدا دەکرێنە بەرپرس و دەسەڵاتداری وڵات و میللەت کەناتوانن ژیانی کەسانی دیکە خۆشبکەن و لێیان نایات جێگای ئومێدی خەڵکبن، هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەمنداڵی پەروەردەیەکی تەندروست نەکراون و هەر لەخەمی خۆیاندان و هەموو هەوڵ و تەقەللایەکیان تەنهاو تەنها بۆ ئەوەیە، بگەنە چێژی ژیان و ئاسودەیی دەروونی بەدەست بێنن! بەڵام پێی ناگەن، لەبەرئەوەی ژیان پێچەوانەیەو دڵی مرۆڤ بۆ لای راست دەڕواو ژیان بۆ لای چەپ و هەتا زیاتر دەیانەوێت بگەنە کەناری ئارامی ژیان، زیاتر لێیان دووردەکەوێتەوەو زیاتر هەست بەبچوکبوونەوەو دەستەپاچەیی و ریسوایی خۆیان دەکەن. مرۆڤگەلێک نەتوانن ژیانێکی جوان بۆ خۆیان دابین بکەن، چۆن دەتوانن پەناو پشتیوان و جێی متمانەی کەسانی دیکەبن؟!
*** یەکێک لەکێشەکانی وڵات و میللەتی ئێمە ئەوەیە میللەتی ئێمە زاکیرەو یادەوەری لاوازەو کەمتر رابردووی بیردەمێنێت، پێموایە هەر بیستوپێنج ساڵ جارێک واتا چارەکی هەر سەدەیەک زاکیرەی مرۆڤی کورد دەسڕێتەوەو دیلێت دەبێت !!
***هەموو کەناڵە لۆکاڵییەکانی تەلەفزیۆنەکانی چین هێرشی ژاپۆنییەکان بۆ سەر وڵاتەکەیان پەخش دەکەن، بۆ ئەوەی نەوەی تازەیان بزانن یابانییەکان لەڕابردوودا چییان بەرامبەر گەلی چین کردووەو نەوەکانی ناوەندو کۆنەکانیش، ئەو داگیرکارییەیان بیرنەچێتەوە! جاڕاستی ئەوکارانەش هەرلەڕێگای پڕۆسەی پەروەرەکردنەوە دەکرێن
***یەکێک لەگرفتەکانی ناو ژیانی ئێمەی کورد بەگشتی و کوردی ئەم هەرێمی باشوورەی لەمەڕ خۆمان ئەوەیە چێژو خۆشی نە لەژیانمان و نە لەکارەکانمان ونە لەگوفتارو رەفتارماندا وەکو پێویست نەماوە... بەڕای بەندە زۆرێک لەوانەی لەمڕۆدا دەکرێنە بەرپرس و دەسەڵاتداری وڵات و میللەت کەناتوانن ژیانی کەسانی دیکە خۆشبکەن و لێیان نایات جێگای ئومێدی خەڵکبن