كیلۆیەك قازی كوردی گەیشتووەتە 12 هەزار دینار
بەفرەكەی ئەمساڵ بازاڕی قەل و قازی كوردی لەسلێمانی گەمكردووە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
فرۆشیارانی قەل و قاز لەبازاڕی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدەن بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرو سەرمایەی رووی لەسلێمانی كردووە قازو قەل لەبازاڕدا نەماوەو خواستێكی زۆری لەسەرە لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
رێباز، فرۆشیارێكە لەژێر پردەكەی سلێمانی كە لەباوكیەوە ئەم پیشەیەی بۆ ماوەتەوەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەگەڵ باوكم ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە ئەم كارە دەكەین،
ساڵانە بێجگە لەو قازانەی خۆمان بەخێوی دەكەین، بەسەدان قازی دیكە دەكڕین و دەیفرۆشین، چونكە موشتەریەكی زۆرمان هەیە».
ناوبراو باسی لەوەشكرد بەگشتی نرخی كیلۆیەك قاز لەبازاڕەكانی سلێمانیدا لەحەوت هەزارەوە بۆ نۆ هەزار دەفرۆشرێت، بەڵام بەهۆی ساردو سەرمای ئەم دوو رۆژەی رابردوو كیلۆیەك قازی كوردی گەیشتووەتە 12 هەزار دینار، واتە نرخی قازێك بەتێكرا لەنێوان 35 هەزار تا 55 هەزار دیناردا فرۆشراوە.
هەروەها رێباز باسی لەوەشكرد قازی باش دەبێت چوار كیلۆ بێت و وتی:» ئەوە پێی دەوترێت قازی باش و بەتایبەت كە تامەكەی زۆر خۆشە، چونكە لەچوار كیلۆ زیاتر قەڵەو بێت چەوریەكی زۆر دەبێت».
سەردار بەكر، هاووڵاتیەكەو ماوەی پێشوو چوار قازی كڕیوە و كەسە خۆشەویستەكانی پێ بانگهێشت كردووە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوو رۆژە دەمەوێت قازی دیكە بكڕم بۆ دەعوەت، بەڵام دەستم ناكەوێت و فرۆشیارەكان لایان نەماوە».
قاز و قەل یەكێكە لەو خواردنانەی لەهەرێمی كوردستان دەعوەتی پێدەكرێت و ناوبانگی هەیە و بەتایبەتی لەوەرزی زستاندا خەڵكی دەیكڕن و بۆ دۆست و ئازیزانیانی ئامادە دەكەن.
حەنیفە ئەحمەد، خانمێكی بەتەمەنەو ئاماژە بەوە دەدات قازلێنان تایبەتەو هەموو كەس ناتوانێت ئامادەی بكات.
ئەم خانمە باس لەوە دەكات لەكۆنەوە ئەو كلتورە لەناو كورددا هەر هەبووە لەبۆنەو میوانیە تایبەتەكاندا قازو قەل ئامادەكراوەو برنجی كوردی و رۆنی كوردی تێدا بەكارهاتووە.
حەنیفە وتیشی:» قاز یەكێكە لەو خواردنانەی بۆ دۆستە تایبەتەكان بەدار لێ دەنرا، چونكە گران بوو خەڵك كەمتر لەجۆرە گۆشتەكانی دیكە دەیتوانی بیكڕێت، بەڵام لەئێستادا خەڵك بەگشتی وەزعی باشترەو زۆرتر دەكڕدرێت».
خاوەن كێڵگەیەكی پەلەوەری قەل و قاز لە رانیە دەڵێت ساڵانەو بەتایبەت لەوەرزی زستاندا هەزار تا دوو هەزار قەل و قاز دەفرۆشێت.
دانا محەمەد، خاوەنی پرۆژەی پەلەوەری رانیە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵانە زیاتر لەهەزار بۆ دوو هەزار قەل و قاز لەم سێ مانگەی زستاندا دەفرۆشرێت، چونكە خەڵكەكە بەپێی ناوچەكانیان قەل یاخود قاز دەكڕن.
هەروەها پێشیوابوو خەڵكی هەولێر زیاتر ئارەزووی خواردنی قەل دەكەن و خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری زیاتر ئارەزووی خواردنی قاز دەكەن.
خاوەنی كێڵگەی پەلەوەری رانیە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد موشتەریان هەیە لەموسڵ و پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و لەسلێمانی و هەولێریش موشتەریەكی بەردەوامیان هەیە، وتیشی:»بەهۆی بارینی بەفرو سەرماوە چەند رۆژێكە خواستێكی یەكجار زۆر لەسەر كڕینی قەل و قاز هەیە