نرخی نەوتی خاو ریکۆردی چەندین ساڵە دەشکێنێت

پسپۆڕانی کەرتی وزە دەڵێن ئەگەر خواست بەمجۆرە بێت نرخی نەوت ١٠٠ دۆلار تێدەپەڕێنێت

3 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

تا دێت نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و ریکۆردی چەندین ساڵە دەشکێنێت، ئەوش دوای ئەوەی گەیشتە ئاستێک کە لەحەوت ساڵی رابردوودا بەخۆیەوە نەیدیبوو، شارەزایانیش باس لەوە دەکەن لەمساڵدا خواست لەسەر نەوت خستنەڕوو تێدەپەڕێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو.

لەگەڵ کردنەوەی بازارەکانی جیهاندا لە رۆژی سێشەممە نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لەحەوت ساڵی رابردوودا تۆمارکرد، کە ئەوکات لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا بوو کاتێك گەیشتە سەروو ٨٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی مەترسی پچڕانی خستنەڕوو دروستبووە،  ئەویش دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن هێرشێکیان ئەنجامدا لە رۆژی دووشەممەدا بۆ سەر ئیمارات، هەروەها نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لەچەندین وڵاتدا خواستی زیاتر کردووە. بەپێی ئاماری رێکخراوی ئۆپیک، لەمساڵدا خواست لەسەر نەوت چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل زیاد دەکات و بەکۆی گشتی ١٠٠ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تێدەپەڕێنێت لەمانگی تەمموزدا.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز لەئێستادا نرخی نەوتی برێنت بۆ هەر بەرمیلێک یەک دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە سەروو ٨٧ دۆلار.

یەکێک لەهۆکارەکان کە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی رابردووی حوسییەکانی یەمەن بوو بۆ نزیک فرۆکەخانەی ئەبوزەبی کە تێیدا وێستگەی نەوتی موسەفەح بە ئامانج گیراو سێ کەس کوژران، حوسییەکان دواتر رایانگەیاند کە پێگەی زیاتر لەئیمارات بە ئامانج دەگرن، ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی دڵەراوکێ لەبازاڕی نەوتدا.

هاوکات ئیماراتیش رایگەیاند مافی خۆیەتی وەڵامی هەبێت و لەهێرشێکی هاوپەیمانانی جەنگی یەمەن بۆ سەر سەنعای پایتەختی یەمەن ١٤ کەس کوژران.

شارەزایانی رێکخراوی تووێژینەوەی ئەی ئێن زی رایانگەیاند، «ئەم گرژییە جوگرافییە-سیاسییە نوێیە هۆکارێکی تری خستەسەر بازاڕی سنورداری نەوت».

هۆکارێکی تر بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەوەیە پلەکانی گەرما لەزۆر وڵات دابەزیوە و ئەمەش خواستی زیاد کردووە لەکاتێکدا خستنەڕوو بەهەمان ئاستی خۆیەتی، هاوکات کرانەوەی وڵاتانیش دوای دوو ساڵ لەکەرەنتینە بووەتە هۆکارێکی تر بۆ بەرزبوونەوەی نرخ.

بەپێی وتەی شارەزایانی مارکێتی سی ئێم سی بەریتانی، «پێشبینی دەکەن لەمساڵدا ئاستی خواست خستنەڕوو تێپەڕێنێت و زیاتر ببێت لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی جیهان زیاتر دەکرێنەوە دوای دوو ساڵ لەکەرەنتینە و رێکاری خۆپارێزی و  گەڕانەوەی ئاستی راستەقینەی خواست».

شارەزایانی کەرتی وزە باس لەوە دەکەن ئەگەر رێکخراوی ئۆپیک بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتەکانی و بەرهەمهێنانی زیاد نەکات ئەوا لەچەند مانگی داهاتوودا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت دەگاتە ١٠٠ دۆلار یان زیاتریش.  بەپێی خەمڵاندنی بانکی گۆڵدمن ساش، نرخی نەوت لەسێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٢ دەگاتە ٩٠ دۆلارو دواتریش لە ناوەڕاستی ساڵدا دەگاتە ٩٥ دۆلار، پاشان لە نیوەی دووەمی ساڵدا دەگاتە ١٠٠ دۆلار یان زیاتر.

عێراق، کە یەکێکە لە ئەندامانی ئۆپیک و دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتی رێکخراوەکەیە دوای سعودیە،  لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئاماری فرۆشی نەوتی ساڵی ٢٠٢١ی بڵاوکردەوەو رایگەیاند بە بەهای ٦٩ ملیار دۆلار نەوتیان فرۆشتووە.

لە ٨ی ئەم مانگەدا، وهزارهتی نهوتی عێراق لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویکردەوە، مانگانه زیاتر له ٩١ ملیار بهرمیل نهوتیان ههنارده كردووهو ههناردهی نهوتی عێراق لە ٢٠٢١دا گهیشتۆته یهك ملیارو ١٠٢ ملیۆن بهرمیل نهوت.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتبوو کە نرخی ههر بهرمیلێك تێكڕا زیاتر له ٦٨ دۆلاربووه و كۆی گشتی داهاتی نهوت گهیشتۆته نزیكهی  ٦٩ ملیار دۆلار. وهزارهتهكه باسی لهوهشكردبوو، لەسەدا ٧٠ی نەوتی ههناردهكراو بۆ چین و هندستان بووە و رێژهكهی تری بۆ ئهوروپاو ئهمریكا رەوانە کراوە.

هاوکات بەپێی ئاماری لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێم رۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کەدەکاتە ١٥١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ٢٠٢١دا. هەرچەندە تائێستا نرخەکەی دیارینەکراوە، بەڵام ئەگەر وەک نرخەکەی عێراق بەتێکڕا وەربگیرێت، ئەوا کۆی گشتی داهاتی هەرێمی کوردستان لەهەناردەی نەوت دەکاتە ١٠ ملیارو ٢٨١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار لەساڵی رابردوودا.

مانگی رابردوو پێگەی گڵۆباڵ ئەند پلاتسی بەریتانی تایبەت بەوزە بڵاویکردەوە هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەمانگی ١٢دا لەسەدا ٠.٥٪ زیادیکردووە.

گڵۆباڵ ئەند پلاتس رایگەیاندبوو عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە لەمانگی رابردوودا سێ ملیۆن و ٦٧٧ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەناردە کردووە کە سێ ملیۆن و ٢٧٧ هەزار بەرمیل لەلایەن عێراقەوە و ٤٠٠ هەزار بەرمیلیش لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کراوە.

بەهەناردەکردنی ئەو بڕە، عێراق بڕی چوار هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە مانگی تسڕینی دووەمی ٢٠٢١ زیاتر هەناردە کردووەو هەرێمی کوردستانیش ١٣ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی زیاتر کردووە.

بەڵام هەندێک لەوڵاتانی بەرهەمهێن لە رێکخراوی ئۆپیک لەئێستادا کێشەیان بۆ دروست بووە لەبەرهەمهێنانی ئەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە بەهۆی کەمی وەبەرهێنان و وەستانی هەندێک پاڵاوگەوە بەهۆکاری کێشەی تەکنیکی. بەپێی رێککەوتنی وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل زیادە بەرهەم دەهێنن بۆ هەر مانگێك، کە ئەمەش لەئاستی خواستی جیهانیدا نییەو پسپۆڕان پێیانوایە دەبێتە پشتگیری بۆ زیادبوونی نرخی نەوت

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار