قەیرانی غاز لەهەرێمی كوردستان بەردەوامە

دەبەیەك نەوت لەبازاڕەكانی هەرێم بە 15 هەزارو بتڵێك غازی ماڵان بە 15 تا 18هەزار دینار دەفرۆشرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن، عەمار عەزیز

بەهۆی دابەشنەكردنی نەوتی سپی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاووڵاتیان پەنا دەبەنەبەر كڕینی نەوت بەدەبە كە لەئێستادا نرخەكەی بەرزبووەتەوەو نرخی بتڵێك غازی ماڵان بە دوو هێندەی نرخە فەرمییەكەی لەبازاڕی رەشدا دەفرۆشرێت.

رێبین مەولود، فرۆشیاری غاز، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نەبوونی غازی پێویست لە كارگەكاندا وایكردووە نرخەكەی لەبازاڕدا بەرزببێتەوە بە جۆرێك لەهەندێك شوێن تا 20هەزار دینار فرۆشراوە».

هاوكات  غازفرۆشێك لەدهۆك ئاماژە بەوە دەدات حكومەتی هەرێم  هاوكاریان ناكات و وتی:» كەمی غاز وایكردووە لەلایەن هەندێك فرۆشیارەوە سوود لە هەلەكە وەربگیرێت و بەگران بگەیەنرێتە دەست هاووڵاتیان».

ئەم فرۆشیارە كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرابكات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد دوو رۆژە نرخی بتڵێك غاز لەبازاڕەكانی دهۆك بە 15هەزار دینار دەفرۆشرێت.

بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی دەڵێت:» هەر شوێنێك بتڵێك غاز بەزیاتر لەهەشت هەزارو 500 دینار بفرۆشێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت».

محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت:»خواست لەسەر غازی ماڵان زۆر بووەو  پشكی غازی پارێزگای سلێمانیش كەمە بۆیە ئەو گرفتە دروستبووە».

هەروەها  وتیشی:»هەر شوێنێك بتڵێك غاز بەزیاتر لە هەشت هەزارو 500 دینار بفرۆشێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت و لەماوەی رابردووشدا كۆمەڵێك بریكاری غاز دراون بەدادگا و بەشێكیشیان زیندانیكراون».

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەرپرسیاری یەكەم لەدروستبوونی كێشەی نەوت و غاز حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە».

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ساڵ بەساڵ پێداویستی خەڵك زیاد دەكات و حكومەت هەر بەو رێژەیەی 10ساڵ لەمەوپێش بۆ سلێمانی داناوە غاز دابەشدەكات، كە ئێستا سلێمانی دوو هەزار تۆنی پێویستەو تەنیا یەك هەزار تۆنی بۆ دابیندەكرێت.

ناوبراو وتیشی:» لەهەرێمدا بەرهەمی غازی یەدەگی زۆر زیادمان هەیەو بەداخەوە كەڕێژەی لەسەدا 30 بەپێی گرێبەستەكان دەنێردرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی پاكستان و ئەفغانستان و ئەرمنستان لەكاتێكدا هاووڵاتیانی خۆمان پێویستیان پێیەتی».

هاوكات، لەبارەی دابەشكردنی نەوتی ماڵانەوە سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە ئەوەشی روونكردەوە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین پێویستی بە 110 ملیۆن لیتر نەوت هەیە كە تائێستا نزیكەی 40ملیۆن لیتر بڕیاری ناردنی دراوەو وتی:» ئەو بڕە زۆر كەمترە لەپێداویستی، بۆیە گەر هەر وابڕوات ئەمساڵیش هەموو مەڵبەندەكان نەوت وەرناگرن».

لەئێستادا 17 ملیۆن لیتر نەوت دابەشكراوە ئێستا دابەشكردنەكە لەمەڵبەندی حەوتدایە.

كۆمپانیای مزگین هات، تاكە كۆمپانیە لە سنوری پارێزگای دهۆك غاز بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكات، پارێزگای دهۆك رۆژانە پێویستی بە 180تۆن غازی شلە. 

فەرمان حەسەن، نوێنەری كۆمپانیای غازی مزگین هات لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت»لە هەفتەی رابردوو بەهۆی بارینی رێژەیەكی زۆر لەبەفر هاتوچۆكردن سەخت بوو، ئەو غازەی بۆ ئێمە دەهات زۆر بە زەحمەت دەگەیشتە ئێمە یەك دوو رۆژ نەهات بۆیە غاز كەمبوو، دوای پاكکرنەوەی رێگایەكان لە بەفر ئێستا رۆژانە بەبێ كێشە 180تۆن غاز بۆ ئێمە دێت، ئێمەش بەسەر خەڵكدا دابەشی دەكەین».

 فەرمان حەسەن وتیشی»ئێستا بۆتڵی غازی ماڵان بە 9هەزاردینارە، غازی بازرگانیش یەك بۆتڵ لەنێوان 11و12هەزارە».

هاوكات، هۆكارێكی دیكەی كەمبوونی غازی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە لەوەرزی زستان داواكاری خەڵك لەسەر غاز زۆر بەرزدەبێتەوە ئەوەش بەهۆی بەكارهێنانی غاز بۆ خۆگەرمكردنەوە لەجیاتی بەكارهێنانی نەوت و لەسەدا 90%ی فڕن و نانەواكانی سنوری پارێزگای دهۆكیش غاز بەكاردەهێنن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار