شاسوار عەبدولواحید: بە مەرج دەنگ بە كاندیدەكانی یەكێتی و پارتی دەدەین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند:" بڕیاریانداوە کاندیدەکەیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بکشێننەوەو دەنگ بە یەکێکی دیکە لەو کاندیدانەی دیکە بدەن، ئەگەر دەنگ بە یەکێک لە کاندیدەکانی یەکێتی و پارتی بدەن مەرجیان دەبێت". 

ئەمڕۆ شەممە 29ی کانوونی دووەمی 2022، ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ لە سلێمانی کۆبووەو دوای کۆبوونەوەکە شاسوار عەبدولواحید لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" بڕیاریانداوە کاندیدەکەیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بکشێننەوەو دەنگ بە یەکێکی دیکە لەو کاندیدانەی دیکە بدەن، ئەگەر دەنگ بە یەکێک لە کاندیدەکانی یەکێتی و پارتی بدەن مەرجیان دەبێت". 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، ''مەرجەکانی نەوەی نوێ بۆ هەردوو حزبی یەکێتی و پارتی پێکهاتووە لە 10خاڵ، ئەگەر هەر لایەنێک ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات ئەوا نەوەێ نوێ دەنگ بە کاندیدی ئەو لایەنە دەدات.'' 

شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی ڕاگەیاند، "پێویستە ئەم مەرجانە بەزووی پێش وادەی هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆککۆمار بێت". 

مەرجەکانی نوێ بریتین لە 10 خاڵ کە بەوتەی سەرۆکی جوڵانەوەکە بۆ دەنگدان بە یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆککۆمار:

1. دەستبەجێ هەرزانکردن و ئاساییکردنەوەی نرخی غاز، بەنزین، نەوت و پێداویستییەکانی دیکەی هاووڵاتییان. پێویستە ئەم هەنگاوە پێش دەنگدان لەسەر سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت.

2. دەستبەجێ لابردنی باج و هەموو جۆرە رسوماتێکی حکومی یان هی کۆمپانیاکان لەسەر هاووڵاتیان و دووکاندار و کاسبکارەکان.

3. دەستبەجێ کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دانانی کات و وادە کە مانگانە بڕێک مووچەی پاشەکەوتی فەرمانبەران بگەڕێتەوە سەر ئەو ژمارە بانکیە.

4. دەستبەجێ دەستبکرێت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران.

5. بەڵێندان بە جێگیرکردنی بابەتی گێڕانەوەی کەرکووک و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە و هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و جێگیرکردن و ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران لەناو بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراقدا و هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی عێراق.

6. دەستکردن بە دابەشکردنی دەرماڵە بۆ تەواوی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان.

7. دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست و هەروەها فەرمانبەرانی خۆبەخش و کردنیان بە هەمیشەیی و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووە دانەمەزراوەکان.

8. پێدانی مووچەی خانەنشینان لە رێگەی کارتی بانکییەوە 30 رۆژ جارێک لە وادەی خۆیدا مووچەکانیان بچێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانیان و دانانی چەندین ئامێری پارە راکێشان لە چەندین شوێنی جیاوازی شار و شارۆچکەکان تاوەکو خانەنشینان بە ئارەزووی خۆیان لە هەرکاتێکدا بیانەوێت مووچەکانیان وەربگرن.

9. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆی و لە ئەمساڵدا.

10. هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەروەها یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بە جۆرێک ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بێلایەن بن و لە کۆمەڵێک دادوەری بێلایەن و سەربەخۆ پێکبێن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار