وردبینی بۆ كاندیدانی سەرۆكایەتی كۆمار دەست پێدەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە یەكەم كۆبونەوەی تایبەت بە وردبینیكردن بۆ كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڕێوەچووەو  لەو پرۆسەیەشدا راست و دروستی بەڵگەنامە، بڕوانامەكان، هەڵسەنگاندنی دەستەی دادپەروەری و لێپرسینەوە و دەستەی نەزاهە دەكرێنە پێوەر.

حاكم زاملی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێكدا ئەوەی خستۆتەروو كە ئەمڕۆ شەممە 29ی كانونی دووەمی 2021 سەرۆكایەتی یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی وردبینكردن بۆ كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆماری كردوە، كە لەكۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا، سەرۆكی دەستەی نەزاهە، جێگری سەرۆكی دەستەی دادپەروەری و لێپرسینەوە و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی بون.

ئاماژە بەوەشكراوە كە لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بەڵگەنامە و سیڤی سەرجەم كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار كرا كە ژمارەیان 26 كاندیدە.

هاوكات هەڵسەنگاندن بۆ بڕوانامە، دەستپاكی و  بۆچونی دەستەی دادپەروەری و لێپرسینەوە لەسەر دیاریكردنی شیاوبونی كاندیدەكان كراوە.

جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەكۆبونەوەكەدا ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەڵسەنگاندنەكان بۆ كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر بنەمای بەڵگەنامە، بڕوانامە، سی ڤی و زانیارییە كەسییەكان بە ئەوپەڕی پیشەیی و شەفافیەتەوە كاریان لەسەر دەكرێت و نابێت هیچ فشارێكی سیاسی لەسەر كاری لیژنەكە هەبێت كە رێگری بكات لەكارەكانیان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵحی وەك تاكە كاندید دیاریكردوە، لەبەرامبەریشدا پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشیار زێباری بۆ ئەو پۆستە كاندید كردوە.

رۆژی 9-1-2022 یەكەمین كۆبونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچو، محەمەد حەلبوسی بە 200 دەنگ بە سەرۆك،  حاكم زاملی بە 182 دەنگ بە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵا بە 180 دەنگ بە جێگری دوەم هەڵبژێردران.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار