ترەمپ: "لاوازی و بێتوانایی" بایدن مەترسی دروستبوونی جەنگی جیهانی سێیەمی هەیە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی پێشووی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی "لاوازی و بێتوانایی" جۆ بایدن مەترسی دروستبوونی جەنگی جیهانی سێیەم هەیە و مەترسی راستەقینەش لەسەر ئەمریکا دروستبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی کانونی دوەمی 2022، دۆناڵد ترەمپ لەدواین لێدوانیدا بۆ لایەنگرانی کۆمارییەکان لە ویلایەتی تێکساس باسی لەوەشکرد، "لاوازی و بێتوانایی" جۆ بایدن مەترسی راستەقینەیە بۆ دروستبوونی جەنگی جیهانی سێیەم.
باسی لەوەشکردوە، لەو ماوەیەدا کە بایدن سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، کۆریای باکور ژمارەی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی گەیاندووەتە لوتکە، بۆیە داوا دەکات بایدن سەرنج بخاتەسەر كۆچبەرانی نایاسایی لەسنورەکانی ئەمریکا و مەکیسک، نەک هێزی سەربازی بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.
سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ئەوەشی خستوەتەڕو، وڵاتەکەیان پێش ئۆکرانیا روبەڕوی داگیرکاری بووەتەوە، بۆیە دەبێت پێش ئەوەی سەرکردەکانیان باس لە داگیرکردنی وڵاتێکی ئەوروپا بکەن، پێویستە "داگیرکاری" وڵاتەکەی خۆیان رابگرن.
