ئێران مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئاشكرادەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆک کۆماری ئێران "لابردنی گەمارۆکان، هەڵسەنگاندنی راستی و دروستی لابردنی گەمارۆکان و گەرەنتی جێی متمانە"ی وەک مەرجەکانی رێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران ناوبرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئیرنای ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، شەوی رابردوو بە تەلەفۆن قسەیان لەسەر دانوستاندن و گفتوگۆ ئەتۆمییەکان کردووە.
دوو رۆژ لەمەوبەر دیپلۆماتەکان لە ڤییەنا رایانگەیاند خولی هەشتەمی دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران کۆتایی هاتووە و ئێستا کاتی هاتووە وڵاتانی لەسەر ئەنجامی دانوستاندنەکان بڕیاری "سیاسی" بدەن.
ئیبراهیم رەئیسی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وتوویەتی: "کۆماری ئیسلامی لە رەوتی دانوستاندنەکاندا ئیرادە و جیدیبوونی خۆی نیشان داوە و لایەنی بەرامبەریش دەبێت گەمارۆکان لابدات، لابردنی گەمارۆکان بۆ ئێران بسەلمێت و گەرەنتی جێی متمانەش بدات".
رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لە سەردەمی حکومەتی حەسەن رووحانیدا کرا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری پێشوی ئەمریکا ساڵی 2018 لێی کشایەوە. یەکێک لە ئامانجەکانی جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە بوو، بەڵام دوای نزیکەی ساڵێک هێشتا لەمەدا سەرکەوتوو نەبووە.
دانوستاندنەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچن.
ئێران داوای گەرەنتی لە ئەمریکا دەکات کە جارێکی دیکە لە رێککەوتنەکە نەکشێتەوە، بەڵام ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی 19-01-2022 گوتی: ناتوانین گەرەنتی بدەین، کە سەرۆککۆماری داهاتووی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە ناکشێتەوە.
