چالاكوانێكی ژن لە دهۆك كە خاوەنی پێنج منداڵە 16 مانگە بێ دادگایی لەزینداندایە
رێكخراوێكی ئەمریكی زانیاری لەبارەیەوە بڵاودەكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێكخراوێكی ئەمریكی بۆ بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، ژنە چالاكوانێكی سنووری بادینان كە دایكی پێنج منداڵە دوای 16 مانگ لە دەستگیركردنی، بڕیارە ڕۆژی 14ی شوبات دادگایی بكرێت.
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی ڕێكخراوی سی پی تی نێودەوڵەتی رایگەیاند: بێریڤان ئەیوب چالاكوانێكی دھۆكە و لە 13ی تشرینی یەكەم2020 ە وە لە پارێزگای ھەولێر بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیركراوە وتائێستا بەبێ دادگاییكردن لە زینداندا ھێڵدراوەتەوە.
كامەران عوسمان وتیشی: وەك ناڕەزایەتیەك بەرامبەر بە دواخستنی دادگاییكردنی و ھێشتنەوەی لە زینداندا تا ئێستا ئەو چالاكوانە شەش جار مانگرتنی لە خواردن و خواردنەوە ڕاگەیاندووە و لەناو زینداندا توشی نەخۆشی شەكرە بووە.
ئەندامەكەی سی پی تی ئاماژەی بەوەشكردووە: بێریڤان تەمەنی 36 ساڵە و خاوەنی پێنج منداڵە، لە دوای دەستگیركردنیشی ھاوسەرەكەی لێی جیابووەتەوە، دوای ساڵێك لە دەستگیركردنیشی و لە چوار مانگی ڕابردوودا تەنیا چەند جارێك ڕێگە بە بێریڤان دراوە چاوی بە پارێزەرەكەی بكەوێت.
