جەبار یاوەر: کۆبوونەوەیەکی "بەرهەمدار"مان ئەنجامدا
پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بانی مەقان کۆبوونەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "رێککەوتنێکی باشمان کردووە لەسەر چەند خاڵێک بۆ کاری هاوبەش لە ئایندە، لە هەمان ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی بە یەکجارەکی ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێت".
ئەمڕۆ وەفدێكی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق بۆ هاوئاهەنگی لە ناوچەی بانی مەقان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش رایانگەیاند کۆبوونەوەیەکی "بەرهەمدار"یان کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2022، وەفدێكی سەربازیی عێراق بە سەرۆكایەتی فەریق روكن عەبدولئەمیر شمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی گەیشتنە كەركووك و دواتر لە بانی مەقان لەگەڵ وەفدێكی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
دوا کۆبوونەوەکە، فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "بە مەبەستی بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگیە بەردەوامەکانی نێوان هێزەکانی فیدراڵی و هێزەکانی پێشمەرگە ئەمڕۆ سەردانی میحوەری چواری هێزەکانی پێشمەرگەمان کرد و کۆبوونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ فەرماندەی میحوەرەکان و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدا".
فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری وتشی ئەو کۆبوونەوەیە بە تەواوکاری کۆبوونەوەکانی رابردوو دادەنرێت، رێککەوتن و هاوئاهەنگییەکی زۆر باش لەنێوانماندا هەیە، هەروەها گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری لەو ناوچانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولان. گوێمان لە فەرماندەی میحوەرەکان کرد و دەستنیشانی ئەو شوێن گرنگانەمان کرد کە پێویستیان بە ئۆپەراسیۆنی خێرا هەیە، بەو شێوەیەی کە رێککەوتنمان لەسەری کردووە بە هاوبەشی کارەکانمان دەکەین".
هەر لە کۆنگرە كۆنگرەکەدا فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵا لە ئەفسەرانی سوپای عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و دیالە کرد و کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندەکەی سوپای عێراق و فەرمادەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکە بەڕێوەچوو".
بە وتەی جەبار یاوەر لە کۆبوونەوەکە "هەڵسەنگاندنێکمان بۆ هەموو کارەکان کرد، کە لە دوای 4ی 12 بڕیارمان لەسەردابوو، بە تایبەتی کارە هاوبەشەکان لە هەموو ناوچەکان و میحوەرەکان. بەڕاستی ئەنجامێکی زۆر باشی هەبوو بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەمنی لەو ناوچانە بکەن".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: "رێککەوتنێکی باشمان کردووە لەسەر چەند خاڵێک بۆ کاری هاوبەش لە ئایندە، لە هەمان ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی بە یەکجارەکی ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێت".
دوای هێرشەکانی کۆتایی ساڵی 2021 و سەرەتای ئەمساڵ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق بڕیاری چڕکردنەوەی زیاتری هەوڵەکانیان دا و چەند جارێک ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەکانی بۆشاییی ئەمنی کرد، بڕیارە دوو لیوای هێزی هاوبەش لەو ناوچانەشدا بڵاوبکرێنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی هەیە؛ ئەو دوو لیوایە بۆ بەشێک لەو شوێنانە بڕیاریان لەسەردراوە و هەر لیوایەکیان ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس دەبێت.
