پەرلەمانتارێك: حكومەتی هەرێم كارەبا ناداتە هاوڵاتیان و بە وڵاتانی دەرەوەی دەفرۆشێت

4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" خواست بۆ کارەبا لە ئێستادا بۆ (٧٠٠٠ مێگاوات) بەرزبووەتەوە، وەزارەتی کارەباش تەنها ( ٣٥٠٠ مێگاوات) لە کارەبای بەرهەمهاتوو دەداتە هاووڵاتیانو (٧٠٠ مێگاوات) یش دەفرۆشێت بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم! ئەمەش پەیوەندی تەنها بە فرۆشتنی وێستگەکان و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى کارەباوە نییە، بەڵکو لەو فرۆشتنە بێجگە لە وێستگەکانی کارەبا حکومەتیش بڕێک پارەی دەست دەکەوێت!.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" فرۆشتنی کارەبا لە کارگەیەک کە لە هەرێمی کوردستانو بە گازی سروشتی کوردستان کار دەکات بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم لە کاتێکدایە کە کارەبای هاووڵاتیان لە پارێزگاکانی هەرێم بۆ پێنج سەعات لە شەو و ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە لەم دۆخەدا کە پلەکانی گەرما زۆر دابەزیونو هاووڵاتیان پێویستیان بە گەرمکەرەوە هەیە".
عومەر گوڵپی ئەنجامی بەدواداچوونێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "فرۆشتنی کارەبا بە دەرەوەی هەرێم لەکاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستی زۆریان پێیەتی سیاسەتێکی چەوتە، پێویستە ئەم سیاسەتە ڕابگیرێتو ئەولەویەتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی کارەباو حکومەتی هەرێم خەڵکی کوردستان بێت، بەرپرسیاری ژیانو پێویستی هاووڵاتیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەو پێویستە بچێتە ژێرباری ئەو بەرپرسیارێتیەو بەرپرسیاریەتی هاووڵاتیانی شارەکانی تری عێراق بۆ حکومەتی بەغدا بەجێبهێڵێت، کردارى ڕاستیش ئەوەیە کە سوتەمەنى زیاتر بدرێتە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەباو هەموو کارەبایەکى بەرهەمهاتووش لەهەرێم لەهەر کەرتێک تەرخان بکرێت بۆ خەڵکى کوردستان و پێویستى شارەکان".
دەقی بەدواداچوونەکە:..
بەدواداچوون:
هەرێمی کوردستان کە خۆی کارەبای پێویستە، بۆچی کارەبا بە پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەفرۆشێت؟ نهێنی ئەو فرۆشتنە چیە؟
خواست بۆ کارەبا لە ئێستادا بۆ (٧٠٠٠ مێگاوات) بەرزبووەتەوە، وەزارەتی کارەباش تەنها ( ٣٥٠٠ مێگاوات) لە کارەبای بەرهەمهاتوو دەداتە هاووڵاتیانو (٧٠٠ مێگاوات)یش دەفرۆشێت بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم! ئەمەش پەیوەندی تەنها بە فرۆشتنی وێستەگەکان و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى کارەباوە نییە، بەڵکو لەو فرۆشتنە بێجگە لە وێستگەکانی کارەبا حکومەتیش بڕێک پارەی دەست دەکەوێت!
هەردوو پرۆژەی (وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ و بازیان، وێستگەی هەولێر/ خورمەڵە و سیمێڵ) کە بە گازی سروشتی کار دەکەن، بە دوو قۆناغ کارەبا بەرهەمدەهێنن، قۆناغی یەکەمیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سوتاندنی گازەکەوە، قۆناغی دووەمیان لە ڕێگەی سودوەرگرتن لە دووکەڵو گەرمی تۆڕباینی وێستگەکانەوە کە بەهۆی سوتاندنی گازەوە لە قۆناغی یەکەمی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرهەمدێت، لە جۆری یەکەمیاندا بۆ هەر یەکەیەک وەزارەتی کارەبا بڕی (سێ سەنت) دەدات بە کۆمپانیاکان، لە جۆری دووەمیاندا کە دەدرێتە پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە (شەش سەنت) دەفرۆشرێت، لەو بڕەیە (چوار سەنت)ی بۆ کۆمپانیاکان خۆیانەو (دوو سەنت)یشی بۆ وەزارەتی کارەباو حکومەتی هەرێمە، واتە بابەتەکە تەنها ئەوە نییە کە حکومەت قەرزاری کارگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایەو ڕێگەیان ئەدا کارەبا بفرۆشن تا دۆخی داراییان باش بکەن وەک بەرپرسانی حکومەت دەیڵێن، نەخێر، بەڵکو لە فرۆشتنی هەر یەکەیەک کارەبا حکومەت بڕێک پارەی دەست دەکەوێت! ئەمەش پاڵنەری ڕاستەفینەی فرۆشتنی کارەبایە بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم!
فرۆشتنی کارەبا لە کارگەیەک کە لە هەرێمی کوردستانو بە گازی سروشتی کوردستان کار دەکات بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم لە کاتێکدایە کە کارەبای هاووڵاتیان لە پارێزگاکانی هەرێم بۆ پێنج سەعات لە شەووڕۆژێکدا کەمبووەتەوە لەم دۆخەدا کە پلەکانی گەرما زۆر دبەزیونو هاووڵاتیان پێویستیان بە گەرمکەرەوە هەیە!
فرۆشتنی کارەبا بە دەرەوەی هەرێم لەکاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستی زۆریان پێیەتی سیاسەتێکی چەوتە، پێویستە ئەم سیاسەتە ڕابگیرێتو ئەولەویەتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی کارەباو حکومەتی هەرێم خەڵکی کوردستان بێت، بەرپرسیاری ژیانو پێویستی هاووڵاتیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەو پێویستە بچێتە ژێرباری ئەو بەرپرسیارێتیەو بەرپرسیاریەتی هاووڵاتیانی شارەکانی تری عێراق بۆ حکومەتی بەغدا بەجێبهێڵێت، کردارى ڕاستیش ئەوەیە کە سوتەمەنى زیاتر بدرێتە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەباو هەموو کارەبایەکى بەرهەمهاتووش لەهەرێم لەهەر کەرتێک تەرخان بکرێت بۆ خەڵکى کوردستان و پێویستى شارەکان.
هەموو ئەمانە زنجیرەیەک بەدواداچوونن کە رێکاری پەرلەمانیمان بۆ گرتوونەتەبەر، بەردەوامیش دەبین.
عومەر گوڵپی
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
٣٠ی ١ی ٢٠٢٢
