مەلا بەختیار: زۆربەی پەرلەمانتاران عەرەبییەكەیان پرتەپرت دەكات و زمانی كوردیش نازانن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نووسینێکی بەناونیشانی"كوردی نەزانەكانی پەرلەمانی عێراق"، بڵاوکردەوە و رایگەیاند: " زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، عەرەبییەكەیان پرتەپرت دەكات و سەیر ئەوەیە زمانی كوردیش نازانن".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ی کانوونی دووەمی 2022، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسینێکی بەناونیشانی"كوردی نەزانەكانی پەرلەمانی عێراق"، بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێت: "زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، عەرەبییەكەیان پرتەپرت دەكات و سەیر ئەوەیە زمانی كوردیش نازانن".
مەلا بەختیار هەروەها نووسیویەتی: ". بۆ نموونە: لە تابلۆی پەرلەماندا نووسراوە.. (الدورة النیابیة الخامسة)، ئەمە بەمشێوەیە وەرگێڕدراوە: (خولی پەرلەمانیی پێنجەم)، لەكاتێكدا دەبێت بنووسرێ: (پێنجەمین خولی پەرلەمان) پێنجەكە بۆ خولەكەیە.. نەك بۆ پەرلەمان".
نووسینەکەی مەلا بەختیار، لەکاتێکدایە رۆژی 09-01-2022، لە یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردران و پەرلەمانتارانیش سوێندی یاساییان خوارد.
لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021، لایەنە کوردستانییەکان 63 کورسییان لەکۆی 329 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستهێنا، لە خوولەکانی رابردوو گرتەی ڤیدیۆیی قسەکردنی هەندێک پەرلەمانتاری کورد لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، کە تێیدا رەخنە لە ئاستی قسەکردنیان بە زمانی عەرەبی گیرابوو.
