موقتەدا سەدر: پێشوازی لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دەکەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق رایگەیاند: " پێشوازیش لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دەکەین".
ئەمڕۆ دووشهممه 31ی کانوونی دووەمی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە و رایگەیاند: " "تیرۆر و تووندوتیژی دژی گەل و هاوبەشەکان رابگرن؛ هێشتا لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیداین؛ پێشوازیش لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دەکەین".
ئەو تویتەی رێبەری رەوتی سەدر دوای نزیکەی یەک کاژێر هات لە کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکانی عێراق، کە ئەمڕۆ لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرکردنی کێشە و کۆسپەکانی پێشی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە رۆشنایی دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە رایگەیاند.
ئەمە لە کاتێکدایە رێبەری رەوتی سەدر ڤیتۆی لەسەر بەشداریکردنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە لە حکومەتی نوێ و دەسەڵات لە عێراق داناوە؛ ئەو هەڵوێستەش ناکۆکیی زۆری لەنێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروستکردووە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکهاتووە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح و چەند لایەنێکی دیکەی شیعە کە پێکەوە نزیکەی 75 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە.
