ئەمریکا: ئەگەری هەیە لەهەر چركەیەکدا بێت ڕوسیا پەلاماری ئۆکرانیا بدات

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا  ڕایگەیاندوە:" ئەگەری هەیە لەهەر ئانوساتێکدابێت، ڕوسیا پەلاماری خاکی ئۆکرانیا بدات".

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ی کانوونی دووەمی 2022، جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵیی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی وتویەتی:" ئەگەر بێت‌و ڕوسیا پەلاماری ئۆکرانیا بدات، ئەوە ئیدارەی بایدن سزای ئەووتۆی بەسەردا دەسەپێنێت کە پێشتر بەخۆیەوە نەبینینێت".

کێربی  ڕونیشیکردۆتەوە: "هەرچەندە پڕۆسەی پەلاماردانی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە ڕەنگە لەهەر ئانوساتێکدابێت ڕوبدات، بەڵام جەختیشی کردۆتەوە کە بابەتەکە سەرلەبەری دەکەوێتەسەر ئەوەی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا دەیەوێت چی بکات".

وتەبێژی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەکردوە، ڕوسیا بەردەوامە لەمۆڵدانی هێزە سەربازییەکانی لەسەر سنوری ئۆکرانیاو هەڕەشەکردن لەو وڵاتە، بەڵام باسی لەوەشکردوە، هێشتا بوار لەبەردەم ڕێگای دیبلۆماسییانە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە هەیە.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، دیمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لەتویتێکدا داوای لەڕوسیا کردوه‌، پابەندی ڕێگا دیبلۆماسییەکان بێت‌و هێزەکانی لەسەر سنوری وڵاتەکەی بکیشێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان دەڵێن مۆسکۆ زیاتر لە 100 هەزار سەربازیی بەدرێژایی سنوری ئۆکرانیا بڵاوەپێکردوە.

لەبەرامبەردا ڕوسیا ڕەتیدەکاتەوە، جوڵە سەربازییەکانی بۆ هەڕەشەکردن بێت لەهیچ لایەک، بەڵام داواشدەکات مەترسییە ئەمنییەکانی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەت هاوپەیمانی ناتۆ بەڵێنی ئەوەبدات کە چیتر بەرەو سنورەکانی ڕوسیا ناکشێت‌و وڵاتانی ناوچەکە ناخاتە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار