پەرتووكی نوێی خوێندن؛ خوێندكاران تووشی پشت ئێشە دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



لەیال ئەحمەد

ئیسرا محەمەد، خوێندكاری پۆلی یەكی سەرەتاییەو تەمەنی حەوت ساڵەو دەڵێت:»كتێبەكانم زۆر قورسە زۆر هیلاك دەبم پشتم و قاچم زۆر ئازاری هەیە و كە دەچمەوە بۆ ماڵ زۆر هیلاكم و خێرا خەوم لێدەكەوێت».

محەمەد بەهمەن، خوێندكار لەقوتابخانەی مامەیارەی تێكەڵاو لەسلێمانی ئاماژەی بەوەكرد سەرەڕای ئەوەی ماڵیان زۆر دوور نییە لەخوێندگاكەیانەوە، بەڵام لەبەر زۆری و قورسی كتێبەكانی ناتوانێت بەپێ بچێتە خوێندنگە، وتیشی:» كتێبەكانم زۆر قورسە پشتم ئازاری  هەیە».

بەشێك لەخوێندكاران دەوامی بەیانیان دەكەن لەخوێندنگاكانداو شەش وانە دەخوێنن و كێشی جانتاكانیان دەگاتە نزیكەی حەوت كیلۆگرام، بەڵام ئەو خوێندكارانەی دەوامی نیوەڕوانیان هەیە پێنج وانە دەخوێنن و كێشی جانتاكانیان پێنج كیلۆو نیو دەبێت كە لەلایەن پەیامنێرەكەی هاوڵاتی پێوانەی قورسیی جانتاكانیان كراوە.

بەشێك لەدایكان و باوكان دەڵێن قورسی پەرتووكی خوێندن و ئەو جانتایەی منداڵەكانیان هەڵیدەگرن كێشەی تەندروستی بۆ دروستكردوون.

ئەحمەد ئەبوبەكر، باوكی خوێندكارێكە ئەو بەهاوڵاتی وت :» بەیانیان خۆم منداڵەكەم دەبەم بۆ خوێندنگە، چونكە رۆژبەڕۆژ هەستمان دەكرد منداڵەكەمان زیاتر باری تەندروستی بەرەو خراپچوون دەچوو وای لێهاتبوو دەیوت ناچمەوە بۆ خوێندنگە لەبەر قورسی جانتاو كتێبەكانم».

هەروەها نیاز حسەن، دایكی خوێندكارێكی دیكەیە بەهاوڵاتی وت :» بەڕاستی ئەمە زوڵمێكی گەورەیە لەخوێندكارانی قۆناغی بنەڕەتی دەكرێ، هەر لەئێستاوە كوڕەكەم تووشی پشت ئێشە بووەو شەوانیش بەهۆی ئازاری پشتییەوە چەند جارێك خەبەری دەبێتەوە».

«خوێندكاری  یەكی بنەڕەتی نابێ كێشی جانتاكەی بەكتێبەكانییەوە لە دوو كیلۆ زیاتربێت، ئەگەر وابڕروات لەچەند ساڵی داهاتوو كێشەی فەقەرات بۆ زۆرینەی منداڵەكانمان دروست دەبێت»، نیاز دایكی یەكێك لەخوێندكاران وای وت.

هاوكات، مامۆستایەك ئەوە دەخاتەڕوو كە بەشێك لەدایكان داوایان لێدەكەن جانتای خوێندكارەكانیان تا ناو پۆل بۆ هەڵبگرین.

 ئاكۆ جەمال مامۆستایە لەخوێندنگەی نەهری بنەڕەتی لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» زۆرجار خۆم یارمەتی خوێندكارەكانم دەدەم و جانتاكانیان بۆ هەڵدەگرم لەبەر قورسی جانتاكانیان، تەنانەت بەشێك لەدایكان داوامان لێدەكەن جانتای خوێندكارەكانیان تا ناو پۆل بۆ هەڵبگرن، چونكە خوێندكارەكە  توانای هەڵگرتنیان نییە».

ئەو مامۆستایە پێشیوابوو كە لەهیچ وڵاتێك نەبووە كتێبی خوێندكار بەوشێوەیە گەورەو قورس بێت، دەبێت كەنتۆر لەقوتابخانە هەبێت بۆ ئەوەی بەشێك لەكتێبەكان نەبرێنەوە بۆ ماڵەوە و دووبارە بهێنرێنەوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لەسلێمانی ئەوە ئاشكرا دەكات دەبێت جانتای منداڵ لەسەدا 10%ی كێشی خوێندكارەكە بێت.

پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»  بەردەوام خوێندكاران سەردانی نەخۆشخانەكەمان دەكەن بەهۆی قورسی كتێبەكانیانەوە تووشی ئازاری پشت ئێشە بوون».

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی هێمای بۆ ئەوەشكرد كە بەشێوەیەكی گشتی كێشی جانتای منداڵان دەبێت 10% ی  كێشی  خوێندكار بێت، واتە بۆ خوێندكارێكی پۆلی یەكی بنەڕەتی نابێ كێشی جانتاكەی كەبەشان هەڵیدەگرێت بەكتێبەكانییەوە لەدوو كیلۆ زیاتربێت، بەڵام ئەگەر جانتاكەی تایەی پێوەبێت  و بەدوای خۆیدا رایبكێشێت ئەوە ئاساییە لەدوو كیلۆ زیاتر بێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئەوەشی باسكرد كە بەردەوام خوێندكاران سەردانی نەخۆشخانەكەیان دەكەن بەهۆی قورسی و گەورەیی كتێبەكانیانەوە تووشی ئازاری پشت بوون، «ئەگەر وابڕوا لەچەند ساڵی داهاتوو كێشەی فەقەرات بۆ زۆرینەی خوێندكاران دروست دەبێت».

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی داوا لەوەزارەتی پەروەردەش دەكات چاكسازی لەسیستەمی پەروەردە بكرێت و  كتێبەكان كەمبكرێنەوەو بەشێك لەكتێبەكانیش لە خوێندنگەكان جێبهێڵرێن.

ئەو پزیشكە رێنمایی دایك و باوكانیش دەكات كە دەبێت جانتای منداڵەكانیان بەشێوەیەك لەشان بكرێت زۆر توند نەبێت یا زۆر شل نەبێت، چونكە بەهەردوو شێوەكە زیان بەخوێندكارەكە دەگەیەنێت، یان نابێ جانتا بەیەك شان هەڵبگیرێت دەبێت بەهەردووشان  هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی كەمترین قورسایی بكەوێتە سەر پشتیان.

لەساڵی 2009 وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم كۆنگرەیەكی ئەنجامداو سیستمی خوێندنی گۆڕی و بەو هۆیەوە زۆرێك لەپرۆگرامەكانی خوێندن دەستكاری كران و قەبارەی پەرتووكەكان كەمكرایەوە.

سەرپەرشتیاری یەكەمی بنەڕەتی لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی پێیوایە پەرتوكەكانی خوێندن ناوەڕۆكی زانستی هەیەو لەڕووی قەبارە و بارستەشەوە تاڕادەیەك باشە.

حەوێز محەمەد، سەرپەرشتیاری یەكەمی بنەڕەتی لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى، ئەوەی خستەڕوو كە  قۆناغی بنەڕەتی 1-9 و قۆناغی ئامادەیش 10-12، لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانەدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری بەسەر پەرتوكەكانی خوێندندا كرا، كە بەڕای پەروەردەكاران ناوەڕۆكی پەرتوكەكانی خوێندن ناوەڕۆكێكی زانستی بەهێزی هەیە.

ئەو سەرپەرشتیارە وتیشی:» هەندێك گرفت و گلەیی هەبووە لەسەر بارستەو قەبارەی پەرتوكەكان بەتایبەت لەقۆناغی بنەڕەتی لەپۆلی یەك و دوو سێ قەبارەیەكی زۆری هەیەو  كاریگەری لەسەر توانای خوێندكاران دروستدەكات لەڕووی جەستەییەوە، لەئێستاشدا بەبڕوای ئێمە پەرتوكەكانی خوێندن ناوەڕۆكی زانستی هەیەو لەڕووی قەبارەو بارستەشەوە تاڕادەیەك باشە».

تووێژەرێكی دەروونی پێیوایە كاتێك جەستە شەكەت و ماندوو دەبێت كاریگەری راستەوخۆ لەسەر دەرونی مرۆڤ دروستدەكات.

ئیدریس نامیق، تووێژەری دەروونی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت :» قورسی پەرتووكی خوێندن وادەكات مرۆڤێكی توڕەو بێزارو بێتاقەت دروست ببێت و  نەتوانرێت تاكی بەرهەمهێنەر دروست ببێت، بەوهۆیەشەوە توانای بەرهەمهێنان و داهێنانی نابێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار