دادگای فیدراڵی: بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند:" سەرۆك كۆمار بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی، یەكێك لە کاندیدەكان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار هەڵدەبژێرێت". 

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق داواكارییەكی پێشكێشی دادگای باڵای فیدراڵی کردووە بۆ روونكردنەوەی ماددەی (70/یەكەم) لە دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005 لەبارەی بەشداریكردنی زۆرینە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.

دادگای باڵای فیدراڵی بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی روونكردنەوەیان لەسەر بابەتەكە داوە و تێیدا هاتووە، "بەپێی بڕگەی (ب) لە بەندی دووەمی ماددەی 72ی دەستوور، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنیی نوێنەران بانگهێشتی تەواوی ئەندامانی پەرلەمان دەكات بۆ ئامادەبوون لە رۆژی دیاریكراوی دانیشتنی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەو كەسانەی كە مەرجەكانی کاندیدبوون بۆ سەرۆك كۆمار دەیانگرێتەوە." 

هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، "ماددەی (70/یەكەم)ـی دەستووری عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە کە سەرۆك كۆمار بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی، یەكێك لە کاندیدەكان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار هەڵدەبژێرێت.

دەقی ماددەكە دەڵێت: ئەنجوومەنی نوێنەران یەك لە کاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی هەڵدەبژێرێت. ئەم دەقەی دەستوور تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە ماددەی (59/یەكەم و دووەم)ی دەستوورەوە نییە.

هەروەها دەقی ماددەی 7ی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012 دەڵێت: ئەو كەسەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆك كۆمار."

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا هاتووە: راڤەكردنی ماددەی (70/یەكەم)ی دەستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 بەم جۆرەیە: ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆك كۆمار لەنێو كۆی کاندیدەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار بە دەنگی دوو لەسەر سێی كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێرێت و کۆبوونەوەکەش بە ئامادەبوونی كۆی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێت. 

لە كۆتاییدا دادگای باڵای فیدراڵی نوسیوویەتی، ئەم بڕیارە بەتێكڕای دەنگ دراوە، سەرجەم دەسەڵاتەكان دەبێ بەپێی بڕگەكانی ماددەی 94ـی دەستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 و ماددەی (5/دووەم) لە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 30 بۆ ساڵی 2005ی پەسندكراو بەیاسای ژمارە 25 بۆ ساڵی 2021 پابەندی تەواویان بۆ ئەم بڕیارە هەبێت.

پێشتر پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە 7ـی ئەم مانگە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق بەڕێوەدەچێت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار